عەبدولواحید محەمەد – مامۆستا
زۆربەی قوتابیان کە دەوامیان تەواو دەبێت، دڵخۆش دەبن، بە دەنگی بەرزیش هاوار دەکەن ‘بەربووین، بەربووین’
ئەکید ئەو هەستە ئەرێنییە بەرامبەر کۆتایی هاتنی دەوام لە خۆڕا نییە، دەبێت چەند هۆکارێک هەبێت، وا لە قوتابی بکات لە ناوەندی خوێندن بێزار و کاتی کۆتایی هاتنی دەوام بە ‘بەربوون’ ناوزەدبکەن.
لەجەوهەردا ئەو دەستەواژەیە زۆر نەشیاوە بۆ کۆتایی دەوامی ناوەندی خوێندن بەکاربێت، چونکە ئەوە تەنها بۆ بەندیخانە و ئەو شوێنانە بەکاردێت کە ئازادی تێدا فەراهەم نەبێت یان بە زۆری هاووڵاتییانی تێدا سیخناخ بکرێت، پرسیارە هەرە گرنگەکەش ئەوەیە، ئەی بۆ قوتابی بەرامبەر کۆتایی دەوام ئەو هەستە خۆشەی لا دروست دەبێت؟
سادەترین وەڵام بۆ ئەو داکەوتە(واقیعە)ئەوەیە، دیارە بە سروشت قوتابی حەز و خەونەکانی زۆرە، دەیەوێت لایەنی باشی لە قوتابخانە بە دەستبکەوێت، کەچی لەبەر کۆمەڵێک هۆکار بۆی ناڕەخسێت و پێ ناگات، لەوانە:
یەکەم، ناڕێکی بینا و هۆڵەکانی خوێندن، بە دڵنیاییەوە پۆشتەوپەرداخی بینا و هۆڵەکانی خوێندن زەوقێکی زۆرباش بۆ قوتابی دەخوڵقێنێت، کەچی ئەوە لە زۆربەی ناوەندەکانی خوێندن نابینرێت، لەبەر کۆنی بیناکان و بێ سەروبەری هۆڵەکانی خوێندن لە ڕووی بێ کارەبایی، دەرگا، پەنجەرەکان، پیسی پۆل و دیوارەکان.
دووەم، نەبوونی باخچە و گوڵوگوڵزار و هەرێز، دیارە لە ڕووی دەروونیەوە بوونی ئەوانە زۆر پێویستە، هێمای هێورکردنەوە و نەشونمای حەز و ئارەزووەکان دەکات، کەچی لە ٩٠٪ ناوەندەکانی خوێندن ئەوانەی لێ نابینرێت، لە بری ئەوە گۆڕپانێکی وشک و ڕەقوتەق.
سێیەم، نەبوونی گۆڕەپانی یاریکردن، پێموایە وەرزش بە جۆرەکانیەوە، فاکتەرێکی زۆر گرنگە بۆ تەشویقکردنی قوتابی هەروەها ڕشتبوونی لەسەر وانەکان و فێربوون، ئەکید بە نەبوونی یان فەرامۆشکردنی بە هەر هۆکارێک بێت کەلێنێکی گەورە لە ڕووی خۆشەویستی بۆ ناوەندی خوێندن دروستدەکات، لە ڕووی دەرونیشەوە ئازاری دەبێت.
چوارەم، نەڕەخساندنی خزمەتگوزاری پێویست، هەندێک خزمەتگوزاری هەیە لە ناوەندی خوێندن زۆر پێویستە دەبێت هەبێت، وەکو ئاوی خواردنەوە، سەراوگرتن، پاکوخاوێنی، هۆیەکانی فێنک کردنەوە، ڕاستە ئەوانە بە شێوەیەک لە شێوەکان هەن، بەڵام بە کەموڕیەکی زۆرەوە، بەو شێوەیە تێرایی حەز و پێویستیەکانی قوتابیان ناکات، ئەوانە و ئێستا بە داخەوە بێ ئاویشی هاتۆتەسەر.
پێنجەم، بەردەست نەبوونی تاقیگە، هۆڵی وێنەکێشان و موزیک ژەنین، ئەوەشیان گرفتێگی گەورەیە، چونکە لەنێو قوتابیاندا بەشێکی باشیان حەزیان لەو چالاکیانە و بەهرەیان هەیە دەیانەوێت پەرەی پێبەن، ئەوەش لە زۆربەی ناوەندەکانی خوێندن بوونیان نییە.
شەشەم، ئەنجامنەدانی چالاکی و گەشتی زانستی، ڕاستییەک هەیە دەبێت لەبەرچاو بگیرێت، خوێندکار ڕۆبۆت نییە تا وەک مامۆستا کە ناوەندی خوێندن چی بوێت ئەوە جێبەجێبکات، لەبەرامبەر ئەوەدا دەبێت هەوڵی ئەوە بدرێت جۆرێک کرانەوە بۆ خوێنکاران بڕەخسێنن، زۆر ئاساییە سەردانی مۆزەخانە، شوێنە مێژوییەکان، یانە وەرزشیەکان، بنکەی ئاگرکوژێنەوە، شارەوانی و بەشەکانی، بنکەی تەندروستی و چارەسەری سەرەتایی، بانکەکان و مۆڵەکان بکەن، ئەوانە تەنفیسێکی زۆر باش بۆ قوتابیان هەڵدێخن.
هەموو ئەوانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێدان بە هەردوو دیودا، بە بوون و نەبوونیان، کاریگەری زۆر گەورەیان لەسەر قوتابی و پرۆسەی پەروەردە و فێربوون هەیە، ئێستا کە زۆربەیان وەکو پێویست نییە، بۆیە ئەوە شعوری خوێنکارانە و ئەوەش بارودۆخی پەروەردەیە کە هەموومان لێی ناڕازین.
ئەوەی گرنگە و هەڵوێستەی دەوێت، ئەوەیە کە حکومەت وەک ئەوەی پڕۆسەی پەروەردە پڕۆسەییەکی لاوەکی و نمرە دوو و سێ بێت مامەڵەدەکات، خەم لەوە ناخوات و پلانێکی ستراتیژی نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەو کەرتە، ئەوەی کراویشە لە ڕێگەی سەرمایەدار و وەبەرهێنەران کراوە، هەندێک ڕێکخراویش دەستیان بە هەندێک لە پێداویستی قوتابخانەکاندا هێناوە و کە بەشێکیشی بۆ موزایەدەی سیاسی بووە، لایەنێکی زۆر کەمی لەو واقیعە گۆڕیوە و دڵی قوتابیانی خۆش نەکردووە، بۆیە تا ئەم ساتەش ‘بەربووین، بەربووین’ بەردەوام دەوترێت و دەوترێتەوە.