تیرۆری هەنیە و ئەوەی ڕەنگە ڕووبدات



سەروەت هەڵەبجەیی

یەکەم جار نییە کە سەرکردەیەکی فەڵەستینی بە تایبەت لە بزوتنەوەی حەماس لە لایەن ئیسرائیلەوە تیرۆر دەکرێت بەڵام تیرۆری ئیسماعیل هەنیە لە تاران و لەم کاتە هەستیارە و بە تایبەت لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێی ئێران بە سەرۆکایەتی مەسعود پزیشکیان، ڕووداوەکەی جیاوازتر کردووە.

ئیسماعیل هەنیە یەکێک لە سەرکردە سیاسییەکانی حەماس بووە و رۆڵی لە کاروباری سەربازیدا نەبووە، هەروەها بە سەرکردەیەکی میانڕەۆی فەڵەستینییەکان دادەنرا، ئەو ساڵانێکە لە قەتەرە و ئیسرائیل نەک بە هێرشی ئاسمانی، ڕەنگە بە هەنگاوی دیکە دەیتوانی تیرۆری بکات بەڵام ئەوەی نەکرد.

ئیسرائیل ئامادەبوونی هەنییەی لە تاران بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی مەسعود پزیشکیان بە دەرفەتێک بۆ لێدانی ئێران زانیوە، کە ئامانجەکەی پەلکێشکردنی ئەم وڵاتەیە بۆ شەڕی غەززە و بەرفراوانترکردنی ئەم شەڕە لە ئاستی ناوچەکە. بە پێی ئەوەی کە بەرپرسانی باڵای ئێران بەردەوام ئەوەیان ڕاگەیاندووە کە هەر پێشێلکردنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئەم وڵاتە هێڵێکی سوورە و بەزاندنی کاردانەوەی توندی بە دواوە دەبێت، ڕەنگە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەمەی وەک دەرفەتێک بۆ پەلکێشکردنی ئێران بۆ شەڕی غەززە بەکار هێنابێت.

دەتوانین بڵێین کە تیرۆری هەنیە لە تاران پەیوەندی بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئێرانەوە هەیە، هەڵبژاردنی مەسعود پزیشکیان وەک سەرۆک کۆماری نوێی ئێران هیوای زیندووکردنەوەی دانوستانەکانی ئەم وڵاتە و وڵاتانی ڕۆژئاوای زیاتر کردووە، ئەگەر سەعید جەلیلی سەرۆک کۆماری ئێران دەبوو، ڕەنگە ئیسرائیل پێویستی بەم تیرۆرە لە ناو خاکی ئێران نەدەبوو، لە بەر ئەوەی کە درووستکردنی هاوپەیمانی و کۆدەنگی جیهانی لە دژی تاران بە پێی سیاسەتە ڕاگەێندراوەکانی پزیشکیان ئاسان نییە، هەر بۆیە ئیسرائیل بە پەلکێشکردنی ئێران بۆ شەڕێکی ناوچەیی، هەوڵی تێوەگلانی ئەمریکا و تەنانەت وڵاتانی ڕۆژئاواش لە دژی تاران دەدات.

ئێران ناچارە وەڵامی ئەم تیرۆرە بداتەوە، تیرۆری هەنیە لە ناو خاکی ئێران جیاوازترە لە هێرشەکەی پێشووی ئیسرائیل بۆ سەر باڵاخانەیەکی باڵیۆزخانەی ئەم وڵاتە لە دیمەشق. ئەمجارە ناو جەرگەی تارانی پایتەخت کراوەتە ئامانج. ئێران دەیەوێت وەڵامی ئیسرائیل بداتەوە و لە هەمان کاتدا خۆی لە هەڵگیرسانی شەڕێکی بەربڵاوی ناوچەییش بە دوور بگرێت.

لە نێوان ئەردۆغان و بەشار ئەسەد چی دەگوزەرێ؟
پێت لە نێوان ئەردۆغان و بەشار ئەسەد چی دەگوزەرێ؟
کچێکی ١٤ ساڵان لە کاتی مەلەکردن خنکا
دوات کچێکی ١٤ ساڵان لە کاتی مەلەکردن خنکا
پەیوەندیدار