خێزانە ئاوارەکانی شنگال بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان کاری کشتوکاڵی دەکەن



سەدان خێزانی ئاوارەی شنگال کە بە هۆی دۆخی ناسەقامگیری ناوچەکەیان و بوونی ڕێکخراوە نایاساییەکان ناتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، بە مەبەستی بژێوی ژیانیان سەرقاڵی کاری کشتوکاڵین لە کەمپەکاندا.

ئاوارە شنگالییەکان لە دەرەوەی کەمپەکاندا و لە کەمپی شاریای سنووری پارێزگەی دھۆک، بۆ بژێوی ژیان و زاڵبوون بەسەر ئەو دۆخە نالەباری کە تێی کەوتوون، دەستیان بە کاری کشتوکاڵی کردووە و لەو ڕێگەیەوە پێداویستییەکانی ژیانیان دابین دەکەن.

قەزای شنگال و ناوچەکانی دوروبەری لە پارێزگەی نەینەوا، له‌ ٣ى ئابى ٢٠١٤دا له‌لايه‌ن ڕێكخراوى تیرۆریستی داعش ده‌ستى به‌سه‌ردا گيرا و بەو هۆیەوە پێنج هەزار هاووڵاتی کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون لەلایەن چەکدارەکانی داعشەوە ڕفێنران و زیاتر لە ٣٠٠ هەزار ئێزدیش کە توانیبوویان ڕابکەن، ئاوارەی کەمپەکانی پارێزگەی دھۆک بوون.

ئاوارە شنگالییەکان نزیكەی ١٠ ساڵە لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لەو کەمپانەی کە لە پارێزگەی دهۆک بۆیان دابین کراوە نیشتەجێن و یەکێک لەو کەمپانەی زۆرترین ئاوارە شنگالی لە خۆگرتووە، کەمپی شاریایە.

کەمپی شاریا زیاتر لە دوو ھەزار و ٣١٥ خێزانی ئاوارەی قەزای شنگالی تیادایە کە لە ١٢ ھەزار و ١٨٠ کەس پێکدێن.

ئاوارەکانی ناو کەمپەکە بەمەبەستی بەدەستھێنانی داھاتی ڕۆژانەیان بۆ بەخێوکردنی خێزان و مناڵەکانیان، ناچارن پیشەیەکیان هەبێت و بەشی زۆریان کەڵکیان لەو دەرفەتە سرووشتییە وەرگرتووە کە لە ناوچەکەدا هەیە و دەستیان بەکاری کشتوکاڵی کردووە.

خەلەف شنگالی و خێزانەکەی پاش پەلاماردانەکەی داعش بۆ شنگال لە ساڵی ٢٠١٤دا، ھاتوونەتە دھۆک و لە کەمپی شاریا نیشتەجێ بوون. خەلەف باس لەوە دەکات کە بۆ بژێوی ژیانیان ناچارن سەرقاڵی پیشەیەک بن و بۆ ئەم مەبەستەش ئەمساڵ دەستیان بە چاندنی تەماتە لە زەوییەکانی دەورانپشتی کەمپەکە کردووە.

ئەو باس لەوە دەکات کە کەڵکیان لەو زەوییانە وەرگرتووە کە لە نزیک کەمپەکەن و لە بەرامبەر برە پارەیەکی کرێی ساڵانەدا، دەستی بە کاری کشتوکاڵی کردووە تێدا.

خەلەف وتی: “ئەزموونی ١٥ ساڵی جووتیارییمان هەیە، خوازیارین گرنگی زیاتر بە ماندووبوونمان بدرێت بۆ ئەوەی بتوانین بەرھەمی زیاتر بەرھەمبھێنین، چونکە کە بەرھەمەکەمان پێگەیشت، بۆ ساغکردنەوە دەبەینە بازاڕ و لەوێ بە نرخێکی هەرزان لێمان دەکڕن”.

ئەو ڕووبەرەی کە ئاوارە شنگالییەکان تەرخانیان کردووە بۆ کشتوکاڵی، ڕووبەڕێکی بەرفراوانە و ئەوەش دەریدەخات ئەو ئاوارانە نەک تەنیا بۆ بژێوی ژیانیان، بەڵکو دەیانەوێ لەو ڕێگەیەوە سوودیان هەبێ لە زیادکردنی بەربوومی کشتوکاڵی ناوچەکە کە بە زۆری تەماتەیە.

بە پێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی پارێزگەی دھۆک، ئەمساڵ لە سنووری پارێزگەکە نزیکەی ١٠ ھەزار و ٧٣٨ دۆنم زەوی بە تەماتە چێندراوە، کە چاوەرێ دەکرێت بەرھەمەکەی بگاتە ٤٢ ھەزار و ٩٥٢ تۆن و ئاوارە شنگالییەکانیش پشکێکی سەرەکییان لە بەرهەمهێنانی تەماتە بەردەکەوێت.

ئاوارەیەکی دیکەی شنگال بە ناوی دەخیل حسێن دەڵێت، “بەر لەوەی کە ئاوارەش بین هەر کاری جووتیاریمان دەکرد. خێزانەکانمان لە ١٠ کەس پێکھاتووە، بۆ بژێوی ژیانمان، ساڵانە لە دەورانپشتی کەمپی ئاوارەکانی شاریا دەست بە چاندنی بەربوومی کشتوکاڵی دەکەین”.

دەخیل’یش هاوشێوەی ئاوارەکانی دیکە، ئاواتەخوازە بگەڕێتەوە شنگال و بەردەوامی بە پیشەی چەندین ساڵەی خۆی بدات. ئەو وتی: “ژیان ئەستەمە، ئێمە فەرمانبەر نین و مووچەمان نییە بۆ ئەوەی کاروباری ڕۆژانەمان بەڕێوەببەین، بۆیەش ساڵانە دەست بە کاری جووتیاری دەکەین”.

عەلی باپیر: زەمینە بۆ دروستبوونی گۆڕانکاریی لە هەرێمی کوردستاندا خۆش بووە
پێشت عەلی باپیر: زەمینە بۆ دروستبوونی گۆڕانکاریی لە هەرێمی کوردستاندا خۆش بووە
خواست لەسەر گۆشتی مریشک زیادبووە
دواتر خواست لەسەر گۆشتی مریشک زیادبووە
پەیوەندیدار