لەماوەی دوو ڕۆژدا لە سلێمانی (3) نەشتەرگەری گەورەی تایبەت بە ڕێككردنەوەی بڕبڕەی پشت بۆ منداڵان ئەنجام دەدرێت.
سامان شێخ لەتیف، وتەبێژی تەندروستی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بەشی نەشتەرگەری مێشك و دەمار و بڕبڕەی پشت لە نەخۆشخانەی شار بەهاوكاری ڕێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان، (3) نەشتەرگەری گەورە و تایبەتی ڕێككردنەوەی بڕبڕەی پشت بۆ ئەو منداڵانە ئەنجام دەدەن، كە خواری بڕبڕەی پشتیان هەیە.
ڕاشیگەیاند، ئەو نەشتەرگەرییە لەلایەن تیمێك بەسەرۆكایەتی (د.ئاودێر خەزنەدار) پزیشکی پسپۆڕی لێپرسراوی بەشی نەشتەرگەری نەخۆشخانەی شار و ( د.كاردۆ سەڵاحەدین) پزیشكی پسپۆڕی ڕێككردنەوەی بڕبڕەی پشت ئەنجام دەدرێت، كە لەوڵاتی سوید ئەزمونی 15 ساڵی ئەو جۆرە نەشتەرگەرییەی هەیە و هەروەها ( د.شیروان حەمە ساڵح) پسپۆڕی هێڵكاری دەمار و ماسولكە و مێشك و چەندین پزیشکی بەشی نەشتەرگەری مێشک و دەمار و پزیشکان و کارمەندانی بەشی بهۆشکاری و کارمەندانی بەشی نەشتەرگەری نەخۆشخانەی شار ئەندامی تیمەكەن.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەساڵی 2021 ەوە لەنەخۆشخانەی شار نەشتەرگەری ڕێككردنەوەی بڕبڕەی پشت بۆ منداڵان ئەنجام دەدرێت و تائێستا ئەو نەشتەرگەرییە بۆ 25 منداڵ ئەنجام دراوە.