“وڵاتانی جیهان خۆیان لە پلاستیک ڕزگاردەکەن و لە هەرێمی کوردستان ساغی دەکەنەوە”



لە سلێمانی بە بڕیارێکی وەزارەتی تەندروستی بەكارهێنانی زەرفی كاغەز لە سەمونخانە و نانەواخانەكاندا شوێنی زەرفی نایلۆن دەگەرێتەوە، پسپۆڕانی ژینگەش هۆشداری لە زیانەکانی ماددەی پلاستیک و نایلۆن دەدەن.

لە چەند رۆژی ڕابردوودا وەزارەتی تەندروستی هەرێم بڕیاری دا “زەرفی كاغەز لەبری زەرفی نایلۆن” لە نانەواخانەو سەمونخانەكاندا بەكاربهێندرێت، پسپۆڕانی بواری ژینگەش پێیانوایە ئەگەر ئەو بەرهەمانەی کە دۆستی ژینگەن شوێنی بەرهەمە پلاستیکییەکان و نایلۆن بگرێتەوە لە سوودی هاووڵاتییان دەبێت.

د. ژینۆ خالید، پسپۆڕی پیسبوونی ژینگە و سەرۆکی بەشی زانستی ژینگە لە کۆلێژی زانستە ژینگەییەکانی زانکۆی سلێمانی لە لێدوانێکی تایبەتتدا بۆ تۆڕی میدیایی خەڵک زیانەکانی بەکارهێنانی ماددە پلاستیکییەکان و نایلۆنی ڕوونکردەوە، تیشکی خستەسەر ڕێگا چارەسەرییەکان لە بەکارهێنانی بەرهەمە جێگرەوەکان.

 

خەڵک: مێژووی بەکارهێنانی پلاستیک بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟

ژینۆ خالید: بە گشتی لە سەرانسەری جیهاندا مێژووی بەکارهێنانی پلاستیک بۆ ساڵانی ١٨٠٠ کان دەگەڕێتەوە، لە دوای ساڵی ١٩٢٠ ەوە زیاتر پەرەی سەند، لە دوای ساڵی ١٩٧٠ەوە بەکارهێنانی بەرهەمە پلاستیکییەکان لە وڵاتاندا تەشەنەی سەند و بە ڕێژەیەکی بەرچاو خرایە بازاڕەوە و بەکارهێنانی زیادی کرد، دواتریش لە ساڵی ٢٠٠٠ کاندا درکیان بە کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم بەرهەمانە کرد، وردە وردە بڕیاریاندا لێی دووربکەونەوە.

لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی ٢٠٠٠ ەکانەوە بە گشتی هاووڵاتییان بوونە بەکارهێنەری بەرهەمە پلاستیکییەکان و زەرفی نایلۆن، بووە خوویەکی بەردەوام لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک.

 

خەڵک: لە ڕابردوودا لەبری زەرفی نایلۆن و ماددە پلاستیکییەکان چی بەکارهاتووە؟ ئێستا بۆچی بەرهەمە پلاستیکییەکان و نایلۆن لە بازاڕەکاندا زیادی کردووە؟

ژینۆ خالید: لە زەمانی کۆندا باوانی ئێمە زەمیلە و تورەکەی قوماش یان پوشیان هەبووە، کاتێک چوونەتە بازاڕ و پێداویستییەکانیان کڕیوە بەکاریان هێناوە، ئەمانەش چەند جارێک بەکاریان هێناونەتەوە و بە ساڵ هەڵیان گرتووە، لەو کاتەدا حکومەتی عێراقی کاری دەکرد لەسەر خستنەبازاڕ و بەکارهێنانی ئەو بەرهەمانەی کە لە ناوخۆدا بەرهەمدەهێنران کە تەندروستتر و سەلامەتتر بوون بۆ ژینگە، لەبری ئەوەی بەرهەمی وڵاتانی دیکە هاوردە بکات.

دەتوانین بڵێین ئێستا سنوورەکانمان کۆنترۆڵ نەکراوە، وڵاتانی جیهان خۆیان لە بەرهەمە پلاستیکییە جۆربەجۆرەکان ڕزگاردەکەن و بۆ ئەو وڵاتانەی دیکەی هەناردە دەکەن، ئێمە بووینەتە ناوەندی ساغکردنەوەی ئەو بەرهەمانە کە زیانی بۆ تەندروستی و ژینگە هەیە.

 

خەڵک: بۆچی بەکارهێنانی بەرهەمە پلاستیکییەکان و نایلۆن بووەتە بەشێک لە کەلتووری خەڵک؟

ژینۆ خالید: لەم ساڵانەی دواییدا زیادبوونی سەرقاڵی خەڵک و زۆری کاتژمێرەکانی کارکردن وایکردووە، پەنا ببەنە بەر بەرهەمە پلاستیکییەکان و زەرفی نایلۆن، چونکە بەکارهێنانی ئاسانە لە ماوەیەکی کەمدا بەکاردەهێنرێت و دواتر فڕێ دەدرێت، کاتی شۆردن و وشککردنەوەیان بۆ دەگەڕێتەوە.

 

خەڵک: ڕێژەی پاشماوە پلاستیکییەکان لە هەرێمی کوردستان بە چەند دەخەمڵێنرێت؟

ژینۆ خالید: بەپێی ئەو توێژینەوانەی کە لە هەرێمی کوردستان کراوە، پاشماوە پلاستیکییەکان بە پلەی دووهەم دێت لە دوای پاشماوەی خۆراکی، ئەگەر کۆنترۆڵی جۆری دانەنرێت بۆ بەکارهێنانی بەرهەمە پلاستیکییەکان ئەوا لێکەوتەی مەترسیداری دەبێت.

یەکێکی دیکە لە خاڵە مەترسیدارەکان ئەوەیە، کە ساڵی پار لە ڕۆژی جیهانی ژینگەدا هەموو وڵاتان بە یەک دەنگ دروشمی کەم بەکارهێنانی بەرهەمە پلاستیکییەکانیان بەرزکردەوە، بەڵام ئێمە نەمانتوانیوە لە ڕێی سنوورەکان، یاسا و حکومەتەوە کار لەسەر ئەم دروشمە بکەین.

 

خەڵک: زیانەکانی بەکارهێنانی بەرهەمە پلاستیکییەکان و نایلۆن چین؟ چۆن بەرهەمە جێگرەوەەکان خزمەتی ژینگە دەکەن؟

ژینۆ خالید: بەکارهێنانی ئەو بەرهەمانەی کە لە پلاستیک و نایلۆن دروستکراون زیانی بۆ تەندروستی مرۆڤ، ئاو، هەوا، خاک، هەمەجۆری زیندەوەران هەیە، چونکە کاتێک ئەم ماددە پلاستیکییانە بەر تیشکی خۆر دەکەون و شیدەبنەوە ماددەیەکی کیمایی دەخەنە ژینگەوە، کە زیندەوەرە وردەکانی ناو هەوا، خاک و ئاو دەچێتە ناو سووڕی خۆراک و مرۆڤ جارێکی دیکە بەرکەوتە دەبێت.

چەندین توێژینەوەش سەلماندوویەتی کە مایکرۆپلاستیکەکان کە پلاستیکی زۆر وردن لە جەستەی مرۆڤدا دەبێتە هۆکاری تووشبوون بە نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان.

ئەگەر ئێمە پەناببەینە بەر بەکارهێنانی جێگرەوەکانی وەک زەرفی کاغەز، پەڕۆ و خام کە دەتوانرێت چەند جارێک بەکاربهێنرێنەوە لەبری زەرفی نایلۆن، بە چەندین شێواز خزمەتی ژینگە دەکات و دەبێتە بژاردەیەکی گونجاو، پاشماوە و پیسی کەمدەکاتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە لایەن پەیوەندیدارەکان کار لەسەر کوالیتی و بەکارهێنانی ماددە بایۆپلاستیکییەکان بکات، کە دەکرێت ببنە جێگرەوەی بەرهەمە پلاستیکییەکانی دیکە کە لە نەوت و گاز بەرهەمدەهێنرێن.

 

ئەمڕۆ پزیشکیان دەبێتە سەرۆکی ئێران
پێشت ئەمڕۆ پزیشکیان دەبێتە سەرۆکی ئێران
بافڵ تاڵەبانی: نامانەوێت گوزەرانی خەڵك تێكەڵی ململانێ سیاسییەكان بكرێت
دواتر بافڵ تاڵەبانی: نامانەوێت گوزەرانی خەڵك تێكەڵی ململانێ سیاسییەكان بكرێت
پەیوەندیدار