پەرلەمانی عێراق بەزۆرینەی دەنگ یاسای ٢٥ ی ساڵی ١٩٦٠ی تایبەت بەیاسای میلاکاتی هەمواركردەوە و سەرۆكی سەندیكای كارمەندانی تەندروستی سلێمانی دەڵێت: بەپێی هەموارەكە هەڵگرانی بڕوانامەی پەیمانگا تا پلە دوو مووچەیان بەرزدەبێتەوە و دەشڵێت: هیوادارین دەرماڵەكان هاوتابكرێن و بەوەش مووچە زیاد دەكات.
هاوژین عوسمان، سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای كارمەندانی تەندروستی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بەپێی ئەم یاسایە هەڵگرانی بڕوانامەی دبلۆم لە وەزارەتی تەندروستی مووچەکانیان لە پلە ٤ زیاتر بەرز نەدەبووەوە، بەڵام بەپێی ئەم هەموارە تا پلە دوو مووچەکانیان بەرزدەبێتەوە.
بەپێی پلەبەندی مووچە، كە لە هەرێمی كوردستان پەیڕوەو دەكرێت، هەڵگرانی بڕوانامەی دبلۆم تا پلە یەک-یش مووچەکانیان بەرزدەبێتەوە.
ڕاشیگەیاند، لە یەکخستنی مووچە و پلەبەندی مووچەی هەرێم و ناوەند ئەوانەی هەڵگری بڕوانامەی دبلۆم بوو ترسیان هەبوو کە مووچەکانیان کەم بکات، بەڵام بەپێی ئەم هەموارەی یاساكە زۆربەی ئەم کێشانە چارەسەر دەبن جگە لەوانەی لە هەرێم پلە یەک- ن .
وتیشی، “ئومێدمان هەیە، کە لە دوای یەکخستنی خانەنشینی و پلەبەندی دەرماڵەکانیش هاوتا بکرێنەوە و بەمەش کارمەندانی تەندروستی قازانج دەکەن و دەرماڵەکانیان لە ٥٠٪ دەبیتە ١٠٠٪ی مووچەی بنەڕەتیان”.
هەفتەی ڕابردوو پەرلەمانی عێراق لەپێناو بەرژەوەندی فەرمانبەران لە پلەبەرزكردنەوە و پلەبەندی مووچە و پڕكردنەوەی میلاكی فەرمانگەكان، یاسای میلاكات-ی فیدڕاڵییان هەموار كردەوە.