“بۆردومانەکان زیانی بە هاووڵاتییانی مەدەنی گەیاندووە”



تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان چڕ کردووەتەوە و  بەهۆیەوە زیانێکی بەرچاو بە هاووڵاتییانی مەدەنی گەیشتووە، لەوبارەیەوە کامەران عوسمان دەڵێت، “زیاتر لە ١٩ ماڵ بۆردوومان کراون”.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا تورکیا لە سنووری پارێزگای سلێمانی چەندین گوندی لە پێنجوێن، شارباژێڕ و چەمچەماڵ بۆردوومان کرد، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین ناوچەی سنووری لە پارێزگای دهۆک و هەولێر بۆردوومان کراون.

بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی CPT تەنها لە چەند مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣دا تورکیا زیاتر لە ٨٢ شوێنی هەرێمی کوردستانی بۆردوومان کردووە.

هاوکات بەپێی ئامارەکانی CPT تورکیا ۷۱ بنکەو بارەگای سەربازی لە هەرێم هەیە، بەجۆرێک؛ ٦٤ بنکە و بارەگای کۆن و ٧ بنکە و بارەگای نوێ، ٩ بنکەی سەربازی و ٦٢ بارەگای سەربازی.

ئەوانیش بەم شێوەیە دابەشبوون؛ ۳ بنکە لە سیدەکان، ٦ بنکە لەناوچەی هەفتانین، ۱۷ بنکە و بارەگا دەکەوێتە سیدەکان و مێرگەسور لە ئیدارەی سۆران ٪٢٤، لەگەڵ ۲۳ بنکە و بارەگا لە ئامێدی ۳۲٪ و ۳۱ بنکەو بارەگا لە زاخۆ.

کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی شێکخراوی (CPT)ی ئەمریکی لەبارەی هێرشەکانی تورکیاوە بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتتدا بۆ تۆڕی میدیایی خەڵک چەندین زانیاری خستەڕوو.

 

خەڵک: تورکیا لە ئۆپەراسیۆنەکانیدا کام ناوچانەی هەرێمی کوردستانی بە ئامانج گرتووە؟

کامەران عوسمان: ئەم ئۆپەراسیۆنەی تورکیا کە بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە، درێژکراوەی ئۆپەراسیۆنی چنگی قفڵە کە لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٢ ڕاگەیەنرا.

لە قۆناغی پلانداناندا هێرشەکان گوندەکانی دەوروبەری چیای گارەی بە ئامانج گرتبوو، لە قۆناغی یەکەمی جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە کە لە ١٥ی حوزەیرانی ئەمساڵ دەستیپێکرد، سوپای تورکیا داخڵی ناوچەی بەرواری باڵا بوو تاوەکو گوندی سەرگەل و گوهرزێ لە دێرەلووک ئامێدی، ئۆپەراسیۆنی زەمینی ئەنجامدا و لە ڕۆژهەڵاتی باتیفەوە دەستیپێکرد.

تورکیا لە ئاسمانەوە ئۆپەراسیۆنەکانی فراوانکردووە تاوەکو گوندی کانی میران لە سنووری پێنجوێن، بەردەوامیش گوندەکانی دەوروبەری گارە.

 

خەڵک: زەرەر و زیانی بۆردوومانەکانی تورکیا لەسەر خەڵکی هەرێمی کوردستان چین؟

کامەران عوسمان: بەهۆی بۆردوومانەکانەوە نۆ گوند بە تەواوی چۆڵکراون، ١٩ خانووی هاووڵاتییانی سڤیڵ و دوو پڕۆژەی ئاو تەقێنەرانەوە، کەنیسەیەک وێران کراوە، قوتابخانەیەکیش بۆردوومان کرا، هێڵی کارەبای گوندەکان سووتان و لەکارکەوتوون.

 

خەڵک: هۆکاری چڕبوونەوەی هێرشەکانی تورکیا لە خاکی هەرێم چییە؟

کامەران عوسمان: تورکیا دەیەوێت چیای مەتینا بە تەواوی قوفڵ بکات، تورکیا لە کۆتایی قۆناغی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەی نزیک دەبێتەوە، دەیەوێت قۆناغی دووەم جێبەجێ بکات کە گرتنی چیای گارەیە، کە بەمەش سێ لەسەر چواری حوکمڕانی دەڤەری بادینان و پارێزگای دهۆک بەدەست حکومەتی هەرێمەوە نامێنێت، دەسەڵاتی ئەمنی ناوچەکە بە تەواوی دەکەوێتە ژێر دەستی تورکیا.

 

خەڵک: هەڵوێستی حکومەتی هەرێم و عێراق بەرامبەر ئۆپەراسیۆنەکان لە چ ئاستێکدان؟

کامەران عوسمان: هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق بەرامبەر هێرشەکان بێدەنگن، وێڕای ئەوەی هاووڵاتییان زەرەر و زیانێکی بەرچاوییان بەرکەوتووە، ئۆپەراسیۆنەکان کاریگەری بۆ سەر هەردوو حکومەتیش دەبێت، چونکە ئەوان حوکمڕانی ئەم ناوچانە لەدەست دەدەن، لەکاتێکدا ئەوان بەرپرسیارن لە پاراستنی ژیانی هاووڵاتییانی سڤیڵ، بەڵام بێدەنگیان بووەتە جێگەی پرسیار.

كۆلێژی پۆلیس فۆڕمی دامەزراندنی بە شێوەی ئۆنلاین ڕاگەیاند
پێت كۆلێژی پۆلیس فۆڕمی دامەزراندنی بە شێوەی ئۆنلاین ڕاگەیاند
لەیلا زانا: سەبر و ئارامی كوردان سنوورێكی دیاریكراوی هەیە
دوات لەیلا زانا: سەبر و ئارامی كوردان سنوورێكی دیاریكراوی هەیە
پەیوەنیدر