حكومەتی هەرێم بە “حیكمەت” قەیرانەكانی چارەسەركرد



دوای ساڵێك و سێ‌ مانگ لە ڕێككەوتنی نێوان هەردوو سەرۆك وەزیرانی فیدڕاڵ و هەرێم “محەمەد شیاع سودانی و مەسرور بارزانی” لە بەغدا لە مانگی نیسانی ساڵی 2023دا، دواتریش گفتوگۆكانی هەردوو سەرۆك وەزیران لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا، قەیرانەكانی هەرێم بەرەو چارەسەری تەواوەتی دەڕۆن و لە ئێستادا بودجەی هەرێم بۆ مووچە لەلایەن عێراقەوە دابین دەكرێت و بودجەی بەكاربردن و پڕۆژەكان لە داهاتی ناوخۆی هەرێم دابین دەكرێت و عێراق تەنها نیوە كەمتری داهاتی ناوخۆ لە هەرێم وەردەگرێت.

ڕێبوار بابكەیی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان بۆ (بغداد الیوم) حکومەتی ئێستای هەرێم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی توانی قەیرانەکان چارەسەر بکات.

ئاماژەی بەوەشكرد، سیاسەتی ژیرانە حکومەتی ئێستای هەرێمە وای كرد، کە ناکۆکییە ئاڵۆزەکانی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات، بەتایبەتی لەبواری مووچە و بودجەدا.

بابكەیی وتیشی، “قەیرانی دارایی و دواکەوتنی خەرجکردنی مووچە بە شێوەیەکی ژیرانە و دیپلۆماسی چارەسەرکرا، هەرچەندە هەندێک لایەنی سیاسی عێراقی دەیانویست بەربەست بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکە دابنێن و دەیانویست قەیرانەکە بەردەوام بێت”.

ڕاشیگەیاندووە، “حکومەتی هەرێم هیچ بیانوویەکی بۆ بەغدا نەهێشتەوە، هەر بۆیەش بە حیکمەت و سەبرەوە قەیرانی مووچە چارەسەر کرا و قەیرانەکانی دیکە هەڵوەشێنرانەوە”.

ڕۆژی پێنج شەممە (30ی ئایاری 2024)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی بەغدای پایتەختی کرد، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای حکومەتی فیدڕاڵی، جگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرس و سەرکردەکانی هێزە سیاسییەکان.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی حکومەتی هەرێم، کۆبوونەوەکانی مەسرور بارزانی لەمیانی سەردانەکەیدا باس لە دوایین پێشهاتەکانی گۆڕەپانی سیاسی و ئەمنی عێراق کراوە، هەروەها جەختکردنەوە لەسەر چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی بەتایبەتی دەستەبەرکردنی مووچەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و زامنکردنی ماف و شایستە داراییەکانیان.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، گفتوگۆکان باسیان لە بەرزکردنەوەی هاوکاری و هەماهەنگی هاوبەشیش کردووە، بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان.

هەر لەو كاتەدا، مەسرور بارزانی لەسەر پلاتفۆرمی (ئێكس) نووسیبووی، “ئەمڕۆ لە بەغدام بۆ دووپاتکردنەوەی مافەکانی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی ناکۆکی لەڕێگەی دیالۆگ و لەسەر بنەمای دەستوور” و جەختیشی كردبووەوە، كە سەقامگیری و ئابوورییەکی بەهێز دەبێت لە پێشینەی کارەکانمان بێت”.

دوای زیاتر لە 10 ساڵ ناكۆكی و ململانێ‌، لە ئێستادا و بەپێی ڕێككەوتنی هەرێم و عێراق، لەسەر ئاستی ئابووری و سیاسی و سەربازی و كایەكانی دیكە لیژنەی هاوبەش و كاری هاوبەش لەنێوان هەردوو حكومەت ئەنجام دەدرێت و دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ و هەرێم پێكەوە وردبینی لە داهات و خەرجی و لیستی مووچە دەكەن و پێشمەرگە و سوپا پێكەوە ئۆپراسیۆنی هاوبەش ئەنجام دەدەن و سوپای فیدڕاڵی هاووڵاتیانی كورد دادەمەزرێنێتت و میلاكی دوولیوا خراوەتە سەر وەزارەتی بەرگری فیدڕاڵ و هێزی پاسەوانی سنووری فیدڕاڵی براوەتە سنوورەكان و بڕیار لە یەكخستنەوەی باج و گومرگ دراوە.

هاوكات لەسەر ئاستی وەزارەتی ناوخۆ، لیژنەی هاوبەش هەیە و لە ڕێككەوتنی ئەمنی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ‌ شاندی كوردی بەشداری پێ‌ دەكرێت و لە گەشتی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی فیدڕاڵ بۆ وڵاتانی دەرەوە شاندی هەرێم هاوبەشی پێدەكرێت، وەك لە دیداری جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا و سودانی لە واشنتۆن بەدیكرا و پشكی هەرێم لە پشكی عێراق بۆ حەج ساڵانە دیاری دەكرێت.

 

بەشەخۆراكێكی دیكە بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكرێت
پێشت بەشەخۆراكێكی دیكە بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكرێت
وادەی هاتنی مووچە لە بەغداوە دیاریکرا
دواتر وادەی هاتنی مووچە لە بەغداوە دیاریکرا
پەیوەندیدار