پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغدا چەندین كێشە لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی شارستانی و ئەمنی و سەربازی ئاشكرادەكات و ڕایدەگەیەنێت، یەک جار لەبەرژەوەندی مووچەخۆران کاربکەن با لەم گرفتە ١٠ ساڵیەی هاتن و نەهاتن و پێدان و لێبڕین و پێنەدانی مووچە ڕزگارمان بێت.
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری پەرلەمانی عێراق لە “نامەیەکی کراوە بۆ حکومەتی هەرێم بەتایبەت وەزارەتی دارایی” ئاماژەی بەوەكردووە، تکایە تێ بگەن ئەم جۆرە لە وەڵام نەدانەوەی داواکاریەکانی بەغدا تایبەت بەلیستی مووچەی فەرمانبەرانی شارستانی و هێزە ئەمنیەکان و خانەنشینانی سەربازی زەرەرمەندی سەرەکی خەڵکە، لەوە زیاتر کات بەفیڕۆ مەدەن کەموکوڕیەکان چاک بکەن کە بۆتان دیاریکراوە، یەک جار لەبەرژەوەندی موچەخۆران کاربکەن با لەم گرفتە ١٠ ساڵیەی هاتن و نەهاتن و پێدان و لێبڕین و پێنەدانی مووچە ڕزگارمان بێت.
دەشڵێت: جارێکی دی بەکوردی کەموکوڕیەکانتان بۆ دەخەینەڕوو تاکو لەمە زیاتر خەڵک سزا نەدەن.
سەبارەت بە كەموكوڕییەكان ڕوونی كردۆتەوە، چاودێری دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت، میلاکاتی فەرمانبەرانی هەرێم بەهۆی نەبونی یاسای بودجەوە ماوەی ١١ ساڵە پەسەند نەکراوە ئەمەش پێچەوانەی مادەی (٨)ی یاسای میلاکاتی ژمارە (٢٥) هەموارکراوە، کەدەڵێ بۆ هەموو ساڵێکی دارایی پێویستە وەزیری دارایی میلاکاتی فەرمانبەران پەسەند بکات.
ئاشكراشی كردووە، “بەڕێوەبەرایەتی بودجەی سەربە وەزارەتی دارایی لیستی تەواوەتی و زانیاری فەرمانبەرانی لا نیە لە پلە و مووچە و دەرماڵە، لە ٢٦/٢/٢٠٢٣ ەوە چاودێری دارایی داوای دۆسێی فەرمانبەرانی بەهەموو ئەوەلیاتەکانەوە کردووە. ناونیشانی وەزیفی فەرمانبەران کێشەی تێدایە و جیاوازی زۆرە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ داوا لەوەزارەتی دارایی کراوە پێداچونەوەی پێدا بکرێت لەگەڵ دائیرەی موازەنەی ئیتحادی”.
جەختیشی كردۆتەوە، لیستەکانی مووچە لەمانگی ٤ی ئەمساڵ، کە وردبینی کراوە کێشەکانی دیاری کراوە، بەڵام وەزارەتی دارایی چارەسەری نەکردوە.
سۆران عومەر دەڵێت: کێشەی وەزارەتی کارەبا لە ساڵی ڕابردوو ئاگادارکراون چارەسەری بکەن، وەزارەتی کارەبا بەنوسراوی ژمارە (٨١٨٩ لە ١٧/١٠/٢٠٢٣) دەڵێ کێشەکەمان چارەسەر کردووە، بەڵام لەلیستی مووچەی مانگی (٦)ی ٢٠٢٤ دەرکەوت کێشەکەتان چارەسەر نەکردووە و پینەکراوە! بۆیە مووچەی وەزارەتی کارەبا بۆ مانگی حوزەیران ڕاگیرا.
وەك ئەو پەرۆلەمانتارە دەڵێت: کێشەکانی لیستی موچە ئەمە چەند نمونەیەکە:
– وەزارەتی پێشمەرگە ٢٣ هەزارو ٧٩٠ کەس زیادی کردووە.
– وەزارەتی دارایی ١٠٠ ناو زیادی کردوە!
– وەزارەتی کارەبا ٢٤٦٠ کەس زیادە.
– وەزارەتی پەروەردە ٤٣١٦ کەس.
– وەزارەتی ناوخۆ ١٨٨٢ کەس.
– وەزارەتی شارەوانی ١١٣٥ کەس.
– ئەنجومەنی ئاسایش ٤٧٤ کەس.
– گرێبەستەکان ١٢٤١ کەس زیادە هەیە .
– دەزگای ئاسایش ١٤٠٩ کەس زیادی کردووە.
– زیادەی ژمارەی خانەنشینان لە بەڕێوەبەرێتی گشتی خانەنشینی و وەزارەتی دارایی ١٢ هەزار خانەنشینە!
– وەزارەتی کارەبا ٢ ملیار و ٨٦٦ ملیۆن دینار زیادەی هەیە.
– دۆسێی کەم ئەندامان تەواو نیە و لیستەکانیان ٣٥ ملیۆن دینار زیادی هەیە .
– وەزارەتی ئەوقاف ٣٤ ملیۆن دینار زیادەی هەیە.
– خانەنشینان لە ١٤ بەڕێوەبەرایەتین، تەنها خانەشینی پێشمەرگەی سلێمانی و هەلێر مووچەکەیان مانگانە ٥٥ ملیارو ٣٥٢ ملیۆنە بەم جۆرە:
بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی پێشمەرگەی سلێمانی مووچەیان ٢٠ ملیار و ٧٩٩ ملیۆنە و بەڕێوەبەرێتی خانەنشینی پێشمەرگەی هەولێر ٣٤ ملیار و ٥٥٢ ملیۆنە.
سۆران عومەر ئاماژەی بەوەشكردووە، لە ١١/١٠/٢٠٢٣ ەوە چاودێری دارایی عێراق داوای دۆسێی خانەنشینانی سەربازی کردوە بۆ پێداچونەوە، بەڵام هەرێم پێی نەداون، ئەمەش یەکێک لەو دۆسێیانەیە، کە ناموستەحەقی زۆر تێدایە. تەنانەت دۆسێی کەم ئەندامان تەواو نیە و لیستەکانیان ٣٥ ملیۆن دینار جیاوازی هەیە.