تا ئێستا وردبینی كردنی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغدا كۆتایی نەهاتووە و وەزارەتی دارایی عێراق هیچ نووسراوێكی بۆ ناردنی مووچە و ڕادەستكردنی داهاتی ناوخۆ لە هەرێم نەكردووە.
كەناڵی (كەی ئێن ئێن)ی بزووتنەوەی گۆڕان، كە وەزیری دارایی هەرێم لە پشكی ئەو حزبەیە بڵاویكردەوە، ئەم مانگە تا ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق هیچ نووسراوێکی فەرمی ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی هەرێم نەکردوە بۆ ئەوەی داهاتی ناوخۆی ڕادەستبکات.
ئاماژەی بەوەشكردووە، بڕیارە هەفتەی داهاتو وەزارەتی دارایی هەرێم داهاتی مانگی چوار، کە بڕەکەی لە نێوان 80 بۆ 90 ملیار دینارە، ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراقی بکات.
سەبارەت بە دابەشکردنی موچەی مانگی 7، بڵاویكردۆتەوە، “دیوانی چاودێری دارایی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم سەردانی وەزارەتەکانی کارەبا، پێشمەرگە و ناوخۆی کردوە و سەرنج و تێبینییەکانیان لەسەر لیستی مووچەی ئەو وەزارەتانە بە راپۆرتێک بردوەتەوە بۆ بەغدا، بۆیە بۆ ئەم مانگە لەسەر بنەمای ئەو ڕاپۆرتە مووچەی هێزە ئەمنییەکان دابەشدەکرێت”.
ئاشكراشی كردووە، “مووچەی وەزارەتە مەدەنییەکان هیچ گرفتێکی نییە و چاوەڕوان دەکرێت لە 10 ڕۆژی سەرەتای مانگی داهاتوو مووچەی ئەو وەزارەتانە دابەشبکرێت، هاوکات لیستی خانەنشینانیش بە هاوتاکراوی ڕەوانە کراوە، بۆیە بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانەوە وردبینی کردن لە لیستی مووچەی ئەم مانگە کاتی زیاتری پێویستە”.