لەسەر دۆسیەی کوشتنی هاووڵاتییەک، مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان دوو تۆمەتباریان دەستگیرکرد، كە دایك و كچن.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو کەسێک بەسەردان دەچێتە ماڵێک لەگەڕەکی کانێسکانی شاری سلێمانی، دواتر لەماڵەکەدا لەگەڵ دوو کەسی تردا دەبێتە شەڕ و دەماقاڵێی، لەئەنجامدا کەسەکە بەچەقۆ بەسەختی بریندار دەکرێت و دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیان لەدەست دەدات و تۆمەتباران بۆ شوێنێکی نادیار هەڵدێن.
ڕاشیگەیاندووە، دوای گەیشتنی هێزەکانی پۆلیس بۆ شوێنی ڕووداوەکە و ئەنجامدانی کەشف و هێڵکاریی بۆ شوێنی ڕووداوەکە، لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس دەستیانپێکرد.
ئاماژەی بەوەشكردووە، سەرەنجام و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا لەماوەیەکی کەمدا دوو تۆمەتبار لەلایەن مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەوە بدۆزرێنەوە و دەستگیربکرێن.
جەختیشی كردۆتەوە، لەئێستادا هەردوو تۆمەتبار (ن، ع، م – أ، ج، م) کە دایک و کچن، بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 405 لەیاسای سزادان ڕاگیراون و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.