شێوازێكی نوێ‌ بەڕێوەبردنی ئیدارەی كەركوك پەیڕەو دەكرێت



تا ئێستا هەر سێ‌ پێكهاتەی كەركوك (كورد و عەرەب و توركمان) ڕێككەوتنی كۆتاییان لەسەر بەڕێوەبردنی ئیدارەی كەركوك و پۆستە گرنگەكانی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەن نەكردووە و بەرپرسێكی پارتی-ش هۆكارەكەی بۆ “نەبوونی متمانە لەنێوان لایەنەكان” دەگەڕێنێتەوە و ڕاوێژكارێكی سەرۆك وەزیرانی عێراق-یش دەڵێت: پێشبینی دەكرێت بەڕێوەبردنی پارێزگاكە بكرێتە خوول.

ئەمڕۆ هەینی (26ی تەمموزی 2024)، حەسەن مەجید، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ئاژانسی (بغداد الیوم) ڕایگەیاندووە، “نەبوونی متمانە و ترس لەنێوان هەموو پێکهاتەیەکی کەرکوکدا بنەمای نەگەیشتنە ڕێککەوتنێکە، کە کۆتایی بە قەیرانی سیاسی بهێنێت و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی خێراتر بکات”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “قەیرانی کەرکوک پێویستی بە ئیمتیازاتی هەموو لایەنەکان هەیە، چونکە پێداگری هەر لایەنێک لەسەر بۆچوونی خۆی بە مانای ئاڵۆزی زیاتری قەیرانەکە و درێژەدان بە بۆشایی ئیداری لە پارێزگاکەدا دێت”.

لای خۆشیەوە، ڕاوێكارێكی سەرۆك وەزیرانی عێراق وتویەتی، “پرسی پۆستەکان لە کەرکوک پێویستی بەکات و ڕێککەوتنی لایەنەکان ھەیە، گرنگترین خاڵیش لە پێکھێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک پۆستی پارێزگارە، ئەو پۆستەش لەماوەی ٢٠ ڕۆژی داھاتوودا یەکلادەکرێتەوە”.

وتیشی، “پێشبینی دەکرێت بەشێوەی خوول و دوولایەنە بێت لەنێوان کورد بە نوێنەرایەتی یەکێتی و عەرەب، یان بە شێوەی سێ لایەنە لە نێوان کورد و عەرەب و تورکمان بخولێتەوە”.

سەرەڕای ئەوەی یەکەم دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک بەڕێوەچوو، هێشتا هیچ ڕێککەوتنێک لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ نەکراوە، بەڵێنیش بە فراكسیۆن و ئەندامانی ئەنجوومەن دراوە، کە هەر ڕێککەوتنێک لەسەری نەخرێتەڕوو بۆ سەر مێزی کۆبوونەوەی ئەنجوومەن.

دوێنێ پێنج شەممە، لەکاتی پێشوازیکردن لە ئەندامانی ئەنجوومەنی کەرکوک لە پێکهاتەی عەرەبی، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لە گرنگی تەواوکردنی پێکهێنانی حکومەتی کەرکوک و گەیشتن بە کۆدەنگی لەنێوان نوێنەرانی پێکهاتەکانیدا کردەوە.

هەفتەی ڕابردوو لە بارەگای كۆمەڵی دادگەری لە كەركوك، سەرجەم لایەنە كوردییەكان كۆبوونەوە سەبارەت بە دۆسیەی ئیدارەی پارێزگاكە و دواتر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا سەرجەم لایەنەكان جەختیان لەدانانی “پارێزگارێكی كورد” بۆ شارەكە كردەوە، بەو پێیەی كورد زۆرترین دەنگی پارێزگاكەی هەیە.

بەپێی ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە ، بۆ چارەسەرکردنی تەواوەتی کێشەکان لەکاتی پێویستدا پێشنیاری کۆبوونەوەی کەسی یەکەمی حیزبەکان لە پارێزگاکە دەکرێت و داوادەکرێت بە زوویی ئەنجام بدرێت.

هاوكات، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، كە بە یاوەری شاندێكی پەرلەمانی لە كەركوك بوون بۆ چاودێری كردنی بەڕێوەچوونی كۆبوونەی ئەنجوومەنی پارێزگاكە لە 11ی تەمموزی 2024 بۆ میدیاكان ڕایگەیاند، بەدڵنیاییەوە دەبێت پارێزگاری کەرکوک کورد بێت، چونكە ئەوە مافی كوردە و زۆرینەی كورسییەكانی پارێزگاكەی بەدەستهێناوە.

وتیشی، “كۆبوونەوەی لایەنەكان دەستپێدەكات بۆ ڕێككەوتن لەسەر پڕكردنەوەی پۆستەكان و كوردێكی بەڕێز دەبێتە پارێزگاری شارەكە، چونكە پارێزگار بۆ ئەو پێکهاتەیە، کە زۆرترین کورسی بەدەستهێناوە “.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە یەكێتی وەك خاوەنی زۆرترین كورسی ئەنجوومەنی پارێزگاكە، كە 5 كورسی هەیە، بەردەوام جەخت لە وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری شارەكە دەكاتەوە.

رێبوار تەها، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە هیچ ناتریسن و ئێمە بەهێزین، دەمانەوێت لە هەموو پێکهاتەکان حکومەتێکی باش دروست ببێت بۆ خزمەتکردنی هەموو خەڵکی کەرکوک بێ جیاوازی.

حەوت مانگ لەمەوبەر و لە 18ی 12ی 2023دا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عێراق بەڕێوەچوو، تا ئەم ساتە بەهۆی ململانێی لایەنە سیاسییەکان حکومەتی خۆجێی لە کەرکوک پێکنەهێنراوە، هاوکات دوای خانەنشینبوونی ڕاکان جبوری پارێزگاری کەرکوک و سوێندخواردنی وەک ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا، یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکە بەڕێوەچوو و تێیدا ماوەی 30 رۆژ دیاریکراوە تاوەکو لایەنە براوەکانی پارێزگاکە رێککەوتنی سیاسی بکەن بۆ دابەشکردنی پۆستە ئیدارییەکان.

 

نێچیرڤان بارزانی بەرەو فەڕەنسا بەڕێ دەكەوێت
پێت نێچیرڤان بارزانی بەرەو فەڕەنسا بەڕێ دەكەوێت
بوومەلەرزەیەك كوردستانی هەژاند
دوات بوومەلەرزەیەك كوردستانی هەژاند
پەیوەندیدار