سەرکۆ یونس- ئابوریناس
حکومەتی ھەرێمی کوردستان، باجی لەسەر چەندین شوێن هەڵگرتووە، بەمانایەکی تر ڕاگرتووە، لەوانە چێشتخانە و نانەواخانەو سەمونخانە و ئوتێلەکان.
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکەی حکومەتی ھەرێم، ئامانج لەم ڕاگرتنە سووککرکردنی باری سەرشانی پیشەوەران و خاوەن چێشتخانەو میوانخانەکانە، بریارەکە، ڕێژەی 10% باجی سەر فرۆشی چێشتخانەو ئوتێل و نانەواخانەکانە و هەروەها، ڕێژەی 5% باجی سەر نەخۆشخانە و نۆرینگە تایبەتەکان.
گومانی تێدا نییە، ئەم جۆرە بڕیارانە گرنگن و تایبەتن، بەتایبەتی هێشتا بارودۆخی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان شڵۆق و ناجێگیرە، داهاتی تاکەکەس و بودجەی خێزانەکانیش لەئاستێکی نزمدایە.
ئەم هەوڵە بەناڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر بوژانەوە و جموجوڵی بازاڕ، پێشتر ئەم ڕێژەیە لەسەر شانی کریاران و بەکاربەران دەوەستا، بەشێوەیەکی ئاسایی بڕیاری ڕاگرتنی ئەم جۆرە باجانە، تاڕادەیەک بازاڕی کار دەجوڵێنێت، بەو پێیەی داهاتی خاوەنکاران تاڕادەیەک زیاد دەبێت، ئەمە هانی خاوەنکاران دەدات، پلان و نەخشەی بوژانەوە و فراوانکردنی پرۆژەو ئیشوکارەکانیان بخەنەگەڕ و هەلی کار هەرچەندە کەمیش بێت دەرەخسێنێت.
بەشێوەیەکی شاراوە، لەبەرئەوەی هەرێمی كوردستان، لەبەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانیدایە، پێ دەچێت ئامانجی حکومەت و لایەنەپێکهێنەرەکانی ئەم کابینەیە، ڕاکێشانی دەنگی دەنگدەران و هاونیشتیمانیانی هەرێم بێت، بە ئامانجی سیاسی.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، بەدڵنییایەوە هێشتا خۆدزینەوە لەباج دیاردەیەکی بەرچاوە و بنبڕنەکراوە چ بە ڕێگای یاسایی و چ بە شاردنەوەی موڵک و ماڵ و زەویوزار لە لیژنەکانی خەمڵاندنی بەڕێوەبەرایەتیەکانی باجی دەرامەت.
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکەی حکومەتی ھەرێم، ئەم ڕاگرتنە بەردەوام دەبێت، تا یەککلایکردنەوەی ڕێکارەکانی وەرگرتنی باج لە دامودەزگا فیدراڵییەکان و هەموارکردنەوەی یاساکە، کەواتە بڕیارەکە کاتییە و پێشتر بە ڕێنمایی وەرگیراوە.
ئەوەی گرنگترو لە پێشترە، پێویستە حکومەتی ھەرێم، بەشێوەیەکی تەواو باری سەرشانی سەرجەم هاونیشتیمانیان سووکتر بکات، چونکە بارودۆخی بازاڕ خراپە و ڕێژەی بێکاری بەرزە، کێشە و گرفتە ئابوری و داراییەکان هێشتا زۆریان بەچارەسەرنەکراوی ماوەنەتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، پێویستە لەسەر خاوەنکار، میوانخانەکان، چێشتخانە، تەنانەت نانەواخانە و سەمونخانەکان، نرخەکانیان داببەزێنن، چونکە لە ماوەی دوو سێ ساڵی ڕابردوودا، نرخی زۆربەی خزمەتگوزاری و نان و سەموون و نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەتایبەتەکانی هەرێمدا زیاد کرا بوو، بەبیانوی زیادبوونی باجەوە. لەلایەکی ترەوە، پێویستە لیژنەکانی قائیمقامییەتەکان و بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی لە شاروشارۆچکەکانی هەرێمدا، هەروەها وەزارەت و دەستەپەیوەندیدارەکانی وەک ( گەشتوگوزارو بازرگانی) چاودێری نرخ و کواڵێتی خزمەتگوزاری و بەرهەمی ناوخۆ (نان و سەموون) بکەن بەبەردەوامی لەپێناو خزمەتکردن بە هاونیشتیمانیان.