برنج یەكێكە لە خۆراكە سەرەكییەكانی ژەمی هاووڵاتیانی عێراقی بە كوردیشەوە و بۆ ئەوەش یەكێك لە ماددە سەرەكییەكانی ناو بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان برنجە، كە 3 كیلۆ بۆ هەر كەسێك مانگانە دیاری كراوە و وەزارەتی بازرگانی عێراق ئاشكرای دەكات، كە بڕی زیاتر لە 40 هەزار تۆن-ی دیكە گەیشتووە بۆ دابەشكردن و ڕێكخراوی خۆراكی جیهانی دەڵێت: هەر هاووڵاتییەكی عێراقی ساڵانە 37 كیلۆ برنج دەخوات.
وەزارەتی بازرگانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراك گەیشتنی كەشتییەكی پڕ لە برنجی بۆ كەنارە ئاوییەكانی وڵات ڕاگەیاندووە، كە بڕی 40 هەزار و 500 تۆن برنجی تایلەندی بۆ بەشەخۆراك باركردووە.
ڕاشیگەیاندووە، كەشتییەكە گەیشتۆتە بەندەری ئوم قەسر و بە هەماهەنگی بەشی كوالێتی كۆنتڕۆڵ دەستیان بە وەرگرتنی نموونەی برنجەكە كردووە تاوەكو پشكنینی فیزیایی سەرەتایی بۆ بكەن و دواتر بۆ پشكنینی زیاتر نموونە دەنێردرێت بۆ تاقیگەی ناوەندی لە بەغدا و دواتر دابەش دەكرێت.
لای خۆشیەوە، ڕێكخراوی خۆراك و كشتوكاڵی نەتەوە یەكگرتووەكان (فاو) لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، پێشبینی ئەوەیان كردبوو، كە عێراق بڕی 1.8 ملیۆن تۆن برنج بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی ناوخۆ لە ساڵی 2022دا هاوردە بكات، كە بەراورد بە ساڵی پێشتر 2021 بڕی (900 تۆن) زیادی كردبوو لەكاتێكدا لە ساڵی 2020دا بڕی 1.1 ملیۆن تۆنی هاوردە كردبوو.
ئاماژەی بەوەشكردووە، بەرهەمی عێراق لە ساڵی ڕابردوودا بۆ بەرهەمی برنج نەزانراوە بەهۆی ئەوەی داتای پێویست لەبەردەست نەبووە لەسەر ڕووبەری ئەو زەویانەی بە برنج چێنراون، بەڵام لە دوو ساڵی ڕابردوودا بڕی 300 هەزار تەن بۆ هەر ساڵێك بەرهەم هێنرابوو.
هەر بەپێی ڕاپۆرتەكەی ڕێكخراوی فاو، “ڕێژەی ئاستی بەكارهێنانی برنج لەلایەن تاكە كەسێكەوە لە ساڵی 2022 و 2023 بڕی 37 كیلۆگرام بووە لەكاتێكدا لە دوو ساڵی پێشتردا (2021 بۆ 2022)دا كەمتر بووە و 36.8 كیلۆگرام بووە و لە پێشتریش لە ساڵی (2020 بۆ 2021)دا بڕی 34.1 كیلۆگرام بووە بۆ هەر كەسێك”.
برنج دادەنرێت بە ماددەیەكی سەرەكی خۆراك، كە لە چوارچێوەی بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیاندا دابەش دەكرێت و لەسەر سفرە و خوانی ڕۆژانەی زۆربەی خێزانە عێراقییەكانە و “برنجی عەنبەر” بە یەكێك لە برنجە ناودار و خۆشەكانی جیهان دادەنرێت، كە لە عێراق دەچێنرێت، بەڵام بەشی پێداویستی ناوخۆی هاووڵاتیان ناكات، ئەمە جگە لەوەی لە بەشێكی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان “برنجی كوردی” دەچێنرێت و نرخەكەشی زۆر گرانە لە بازاڕدا بەهۆی كەمی بەرهەمەكەی و بەرزی تەندروستی كوالێتییەكەیەوە.