پسپۆڕێكی زانستی خۆراك باس لە سوودەكانی خواردنی ماددە ڕیشاڵییەكان و ئەو زیانانە دەكات كە لە كەمخواردنیدا تووشی مرۆڤ دەبن.
گرنگترین نیشانەكانی :
-ماددە ڕیشاڵیەكان بە پێكهاتەیەكی خۆراكی زۆر گرنگ دادەنرێت و پێویستە ڕۆژانە ( 25 — 38 گم ) لێ بخورێت ، مناڵان ( 13 — 18 گرام )و بە گوێرەی تەمەن و كێش و باڵا و ڕەگەز و باری تەندروستی پێداویستی ڕۆژانە دەگوڕێت .
ماددە ڕیشاڵیەكان پۆڵین دەكرێن بۆ دوو جۆر :
١ -ئەو ڕیشاڵانەی لە ئاودا دەتوێنەوە، یارمەتی دابەزاندنی كولیستڕۆڵ و شەكرەی ناو خوێن ئەددەن و لەناو شۆفان و نانی جۆ و فاسۆلیا و بازالیا و سێو و مزرەمەنیەكان و گێزەردا هەن .
٢ – ئەو ڕیشاڵانەی لە ئاودا ناتوێنەوە جووڵەی ڕیخۆڵەكان زیاد دەكات و ڕێگە دەگرێت لە قەبزی ، لە ئاردی گەنمی بۆر و كەپەك و پاقلەمەنیەكان و سەوزەی وەك قەڕنابیت و كەلەرم و فاسۆلیای سەوز و پەتاتە هەیە .
– كۆمەڵێك نیشانە هەن كە ئاماژەن بۆ كەم خواردنی بڕی پێویست :
١ – زۆری كێش، ئەگەر بڕێكی زۆر لە ماددە ڕیشاڵیەكان نەخوێت ڕەنگە هۆكارێك بێت بۆ زۆری كێش و قەڵەوی ورگ ، چونكە ڕیشاڵەكان وا له مرۆف دەكەن زووتر هەست بە تێری بكات و بڕێكی زۆر لە ئاو و وزەیەكی زۆر كەمی تێدایە ، هەروەها ماوەیەكی زیاتری دەوێت لە كاتی جوێن و هەرس كردن بۆیە بڕی كەمتر خواردنت پێ دەخورێت .
٢ -بەرزی كولێستڕۆڵی خراپ لە ناو خوێن، ماددە ڕیشاڵیەكان یارمەتی دابەزاندنی چەورییە سیانیەكان و كولیستڕۆڵی خراپ و بەرزبوونەوەی كولیستڕۆڵی باش ئەددەن .
٣ – كۆنتڕۆڵ نەكردنی ئاستی شەكرە، یەكێك لە هۆكارەكان كەم خواردنی ڕیشاڵەكانە، چونكە یارمەتی دابەزاندنی شەكرەی ناو خوێن دەدەن .
٤ – برسی بوونی بەردەوام و هەست بەبرسیەتی كردن دوای ماوەیەكی كەم لە خواردن .
٥ – قەبزی و كێشەكانی تری كۆئەندامی هەرس وەك ئاوسانی سك و غازاتی زۆر و هەندێ جۆری سك چوون.
٦ – هەست بە خەواڵویەتی كردن دوای خواردن، یەكێك لە هۆكارەكان نەخواردنی ماددە ڕیشاڵەكانە .
دكتۆر كامەران رسوڵ ژاژڵەیی، پسپۆڕی زانستی خۆراك