کامەران عوسمان – چالاکوان
شانەکانی داکەوتبوون، هەر وەکو ئەوەی خەم و نەهامەتی هەموو دونیا بەسەر کۆڵی ئەمەوە بێت. چاوەکانی پڕبوون لە فرمێسک و لێوەکانی دەلەرزین، بە هەردوو دەستی لە دواوە تەسبیحێکی گرتبوو بەدەستییەوە و هێدی هێدی دەنکی تەسبیحەکەی لە ڕاستەوە بۆ چەپ هەڵدەدا، وەک ئەوەی شتێک بژمێرێت.
لە بڵندایی چیاکەی پشتییەوە، سەربازی تورک هەبوون و ئەویش لە دامێنی چیاکەی بەرامبەری، لە گوندەکەی خۆی دەڕوانی، هەزار پرسیارم هەبوو و ئازایەتیم نەکرد دەستێک بخەمە سەر شانی و بێژم “ئەرێ سەیدا، چما تو دگری؟”
پیاوێکی قژ ماش و برنجی لە هەمان شوێن کە لێی وەستابووین، چایچیەتی دەکرد و ئەویش وەکو من لە سەیدای دەڕوانی!
گوتم: ئەرێ تۆ نازانی ئەم پیاوە بۆ دەگری؟
وەک ئەوەی پرسیارێکی ناقۆڵام کردبێت، گوتی: ئەی ئاوارەبوون ئەوە ناهێنێت دوو دڵۆپ فرمێسکیشی بۆ بڕێژیت؟ دەزانی بە زۆر جێهێشتنی گوندی باب و باپیرانت، چەند بە ئازارە؟
هەستمکرد، بە پرسیارەکەم برینی ئەویشم کولاندبۆوە و بێخەبەر بووم لەوەی کە ئەمیش بەهۆی هاتنی سەربازی تورک بۆ ناو گوندەکەیان، پێنج ساڵە گوندەکەی چۆڵکردووە و ئاوارەی ئاواییەکی تر بووە.
سەیدا هەتا زیاتر لە گوندەکەی دەڕوانی هەنسکەکانی زیاتر و خێراتر دەبوون، پەنجەکانی دەستیشی بەگوڕتر، دەنکی تەسبیحەکەیان توڕدەدا، حەسرەتی ئەو لە ناسۆری منداڵێک دەچوو کە بۆ هەڵبرانی لە دایکی بە کوڵ دەگری و هیچ شتێک ژیری ناکاتەوە.
لە پڕێکدا سەیدا پشتی کردە گوندەکەی و ڕووی کردە چیاکەی پشتەوە، دەستێکی خستە سەر تەوێڵی و بۆ چەند چرکەیەک لە سەربازانی تورکی ڕوانی لەسەر زینووی زنارەکەی بەرامبەری.
ئینجا بە پشتێنەکەی فرمێسکەکانی سڕی و بێ ئەوەی سەرنج بداتە ئێمە، لە ماشێنەکەی سەرکەوت و ڕۆیی، کابرای چایچی، بەلاچاوێک سەیری کردم و گوتی: سەیدا خەڵکی گوندی مژێیە لە بەری گارێ، سەیرکە چۆن گوندەکەیان کاولبووە و هەمووی سوتاوە! لە ترسی بۆردوومان سەیدا سێ هەفتەیە ڕەزوباخ، خانوو و ئاواییەکەی جێهێشتووە. بەڵام هەموو ڕۆژێک دێت و لێرەوە، لە ‘سەرگەلێ’وە ساتێک بە دیار گوندەکەیەوە دەوەستێت و ڕادەمێنێت، دەگری و ئینجا دەڕوات.
لەوکاتەدا، منیش چوومە خەیاڵەوە و بیرم لەوە دەکردەوە، ئاخۆ دەبێت لەم دیدارە دوور مەودایەی سەیدا و گوندەکەیدا چەند یادگاری تاڵ و شیرین زیندوو ببنەوە؟ ڕۆژانی شایی، شادی و زەماوەند چۆن بێنەوە بەرچاوی؟ شین، پرسە و مەرگی ئازیزانی ناو گوند چۆن بە خەیاڵی سەیدادابێن؟
لەو بیرکردنەوانەدا بووم، کابرای چایچی، پیتکەی نا بە دوگمەی تەسجیلەکەیدا و گۆرانی “دایە ووڵات شیرینە”ی تەحسین تەها، لەو خەیاڵاتە دەری هێنام و گوتی: کابرای سۆرانی، تۆ تەحسین تەها دەناسی؟
گوتم:ئەیچۆن، تەحسین تەها خەڵکی گوندی بێبۆیە لە قەزای ئامێدی و هونەرمەندێکی گەورەی کوردستانە و زۆریش حەزم لە دەنگییەتی.
گوتی، دەی ئێرە مەملەکەتە شیرینەکەی تەحسین تەهایە و ڕۆژانە تاڵاوی بۆردوومان بە قوڕگی نیشتیمانە سوتاوەکەی تەحسین تەهادا دەکرێت و کەسیش نییە لەسەری وەدەنگ بێت.