ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەران ڕایدەگەیەنێت حکومەتی هەرێم ٣٢ ساڵە مانگانە لەسەدا ٧ی مووچەی لەفەرمانبەران بڕیوە بۆ سندوقی خانەنشینی، بەڵام تاکو ئێستا سندوقی نەبووە و بەغداش داوای پارەکەی دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، کاتێک بەبڕیاری دادگای فیدراڵی مووچەی خانەنشینی هاوتای عێراق دەکرێت لە سندوقی خانەنشینی عێراق مووچەی خانەنشینی مەدەنی و سەربازی دەدرێت، بەڵام پێویستە حکومەتی هەرێم پارەی لێبڕینی چەندین ساڵی ڕابردووی فەرمانبەران ڕادەستی سندوقی خانەنشینی عێراق بکات، جگە لەوە وردبینی لەدۆسێی خانەنشینان دەکرێت بەتایبەت سەربازیی کە پڕە لە ناشایستەیی و نایاسایی.
وتیشی: “بەپێی یاسای ژمارە (٩)ی ساڵی (٢٠١٤) یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق مانگانە ٪٢٥ی مووچەی فەرمانبەران دەخریتە سندوقی خانەنشینی ٪١٠ی لەمووچەی فەرمانبەران دەبڕدرێت و ٪١٥ حکومەت پارەی سندوقەکە دابین دەکات”.
سۆران عومەر، ئەوەشی خستەڕوو، لەسەرەتای ئەمساڵەوە کە مووچە لەعێراقەوە هاتووە ئەو لێبڕینەی خانەنشینی عێراق لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بڕیوەو داخڵی سندوقی خانەنشینی کردووە.
ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەران ڕاشیگەیاند، عێراق مووچەی خانەنشینی لەسەرەتای مانگ لە سندوقی خانەنشینی دەدات نەک لەبودجەی گشتی، ئەو سندوقەی عێراق ترلیۆنان دیناری تێدایەو وەبەرهێنانی پێ دەکرێت، خانەنشین چاوەڕێ ناکات تاکو کۆتایی مانگ مووچە دەدرێت ئەو لێبڕینی مانگانەی خانەنشینی بۆیە داوە تاکو لەخانەنشینبوونیدا بەزەمانەتەوە مانگانە مووچەکەی لەو سندوقە وەربگرێت.
سۆران عومەر دەڵێت: “حکومەتی هەرێم ٣٢ ساڵە مانگانە لەسەدا ٧ی مووچەی لەفەرمانبەران بڕیوە بۆ سندوقی خانەنشینی، بەڵام تاکو ئێستا سندوقی نەبووەو نازانرێ ئەو پارەی چی لێکردووە، عێراقیش داوای پارەی سندوقی خانەنشینی هەرێم دەکات”.