بۆمبێکی وێرانکەری ئەمریکی، هەرا دەنێتەوە



مشتومڕ لەسەر بەردەوامی هەناردەکردنی چەک بۆ ئیسرائیل، هەیە و ڕادەستکردنی بۆمبێکی وێرانکەر بۆ نێو شەڕی حەماس – ئیسرائیل دۆخەکە هێندەی دیکە دژوارتر دەکات.

 

هەرچەندە ئیسرائیل خاوەن پیشەسازییەکی سەربازی کاریگەرە، بەڵام بەهۆی بەرهەڵستی توندی حەماس و دژبەرەکانی لە عێراق و لوبنان و یەمەن ناچارە چەک و تەقەمەنی هاوردە بکات بۆ بەکارهێنانی لە شەڕی غەززە دا، بەڵام ئەوەی زۆرترین مشتومڕ دروست دەکات، وەرگرتنی بۆمبی بەهێز و کاریگەرە کە توانای چوونە ناو بنکە ژێرزەمینییەکان و پێکهاتە کۆنکرێتی و کانزاییەکانی هەیە و دەبێتە هۆی وێرانکارییەکی بەرفراوان.

 

ئەمریکا گرنگترین هەناردەکاری چەک بووە بۆ ئیسرائیل، بەپێی ئامارەکانی دامەزراوەی توێژینەوەی ئاشتی SIPRI کە بنکەکەی لە ستۆکهۆڵمە، ئیسرائیل لەسەدا ٩٩ی هاوردەکردنی چەکی – لە نێوان ساڵانی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٣ لە هەردوو وڵاتی ئەمریکا (٦٩٪) و ئەڵمانیا (٣٠٪) بووە.

 

بەڵام لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، هاوردەکردنی چەکی ئەمریکی لەلایەن ئیسرائیلەوە بەراورد بە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە کەمترە، لەکاتێکدا لەسەدا ١٥ی هەناردەکردنی چەکی ئەمریکی بۆ شانشینی سعودیە بووە، لەسەدا ٨.٢ بۆ قەتەر، لەسەدا ٤.٥ بۆ کوەیت، و لەسەدا ٣.٦ بۆ ئیسرائیل.

 

پێش هێرشە کتوپڕەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، واشنتۆن ساڵانە بە تێکڕا نزیکەی سێ ملیار دۆلاری ئەمریکی چەکی هەناردەی ئیسرائیل دەکرد.

 

بەگوێرەی ئاماری دامەزراوەی نێودەوڵەتیی توێژینەوەی ئاشتی ستۆکهۆڵم (SIPRI)، هەرچەندە ئەمریکا، لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ هەزاران چەک و مووشەکی ئاڕاستەکراویشی گەیاندە ئیسرائیل، بەڵام کۆی قەبارەی هاوردەکردنی چەکی ئیسرائیل لە ساڵی ڕابردوودا لە ساڵی ٢٠٢٣ بە شێوەیەکی بەرچاو لەوە زیاتر نەبووە، کە ساڵی ٢٠٢٢ بۆی ڕەوانەکراوە.

 

ئێستا، گەیاندنی بۆمبی قورسی ئەمریکی بۆ ئیسرائیل مشتومڕێکی گەورەی سیاسی لەناو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا دروست کردووە، مانگی ئایاری ڕابردوو جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا گەیاندنی بۆمبی ٢٠٠٠ پاوند و بۆمبی ٥٠٠ پاوندی بۆ ئیسرائیل بەشێوەیەکی کاتی ڕاگرت.

 

ئەمەش دوای ئەوە هات کە حکومەتی ئەمریکا نیگەرانی خۆی لە شێوازی بەڕێوەبردنی شەڕی ئیسرائیل و ژمارەی زۆری قوربانیانی مەدەنی لە کەرتی غەززە دەربڕی.

 

بەپێی ئامارەکانی دەسەڵاتدارانی تەندروستی حەماس لە غەززە – کە ناتوانرێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ پشتڕاست بکرێتەوە – ژمارەی گیانلدەستداوان لە کەرتی غەززە ٣٨ هەزار کەسی تێپەڕاندووە.

 

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی باڵای حکومەتی ئەمریکاوە ڕایگەیاندووە: “نیگەرانی سەرەکی ئێمە ئەگەری بەکارهێنانی بۆمبی ٢٠٠٠ پاوەند بوو لە ڕەفەح و شوێنەکانی دیکەی غەززە و ئێستاش هەروایە”.

 

ڕاگرتنی گەیاندنی بۆمبی قورس لەلایەن ئەمریکاوە بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک، هیچ گۆڕانکارییەکی لە ڕۆیشتنی بەردەوامی چەکی ئەمریکی بەسەر زەریای ئەتڵەسیدا بۆ ئیسرائیل ناگۆڕێت،  لە سەرەتای شەڕی کەرتی غەززە لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ تا کۆتایی مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٤، بەلایەنی کەمەوە ١٤ هەزار بۆمبی MK٨٤ – کێشی ٢٠٠٠ پاوند – و ٦٥٠٠ بۆمب – کێشی ٥٠٠ پاوند، ٣٠٠٠ بۆمبی Hellfire گەیەندراونەتە ئیسرائیل.

 

بەپێی هەڵسەنگاندنێکی ناکۆتایی کە لەلایەن ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزەوە ئەنجامدراوە، مووشەکی ئاسمان بۆ زەوی، هەزار بۆمبی وێرانکەری بنکە ژێرزەمینییە بەهێزکراوەکان و دوو هەزار و ٦٠٠ بۆمبی تیرە بچووک و ئاسمانی و تەقەمەنی دیکە، لەگەڵ گەیاندنی بۆمبی ئەمریکی بە کێشی ٥٠٠ پاوەند بۆ ئیسرائیل لە مانگی تەمموزی ساڵی ٢٠٢٤، دەستیپێکردەوە.

 

بۆمبی MK٨٤ کە کێشی ٢٠٠٠ پاوندە، یەکێکە لە گەورەترین بۆمبەکانی کەوتنە خوارەوەی ئازاد لە جبەخانەی ئاسایی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکادا، زیاتر لە ٤٠٠ کیلۆگرام تەقەمەنی تریتۆنی تێدایە کە توانای چوونە ناو پێکهاتە کۆنکرێت و کانزاییەکانی هەیە و وێرانکارییەکی گەورە ئەنجام دەدات.

 

ئەم بۆمبە زۆرجار لە دژی ئامانجە بەهێزەکان یان بنکەکانی ژێر زەوی بەکاردەهێنرێت، بەکارهێنانیشی لە ناوچە چڕەکانی دانیشتووان مشتومڕێکی گەورە دروست دەکات، بەهۆی تیژڕەوی تەقینەوە گەورەکەی و بەرزیی هێزی وێرانکەرییەکەی.

 

لە کەمپینێکدا ٨١ ملیۆن دۆلاری کۆکردەوە
پێت لە کەمپینێکدا ٨١ ملیۆن دۆلاری کۆکردەوە
گەنجانی ئەڵمانیا لە کاری کشتوکاڵ هەڵدێن
دوات گەنجانی ئەڵمانیا لە کاری کشتوکاڵ هەڵدێن
پەیوەندیدار