گەنجانی ئەڵمانیا لە کاری کشتوکاڵ هەڵدێن



کشتوکاڵ کەمتر لە سەدا یەک لە بەرهەمی ناوخۆیی ئەڵمانیا بەشداری دەکات، لەگەڵ زیادبوونی تەمەنی جووتیارانی ئێستا، نەوەی نوێ جێگەیان ناگرێنەوە و لە کاری کشتوکاڵی خۆیان قوتار دەکەن.

 

لە کێڵگەیەک لە زۆلیچۆفێن، کە گوندێکی بچووکە لە باکووری ڕاین -وێستفالیا، ڕەنگی سەوزی دار و درەختی ناوچەکە شایستەبوو تا دەتوانیت لێی بڕوانیت دۆرۆتی هۆچگورتێل، سەرەڕای ئەوەی تەمەنی شەست و پێنج ساڵە پڕە لە وزە و زیندوویی، لە ساڵی ٢٠٠١ەوە کێڵگەکەی بەڕێوەدەبات، زیاتر لە سەد سەر ئاژەڵ و هەندێک ئەسپ بەخێو دەکات. زیاتر لە ١٣٠ جۆر داری سێو و جۆرەکانی دیکەی هەیە بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە قڕکەرێک و ماددەی کیمیایی بەکار بهێنێت بەرهەمەکانی پێدەگەیەنێت.

دۆروتی، کە بە پلەی یەکەم لە پیشەسازی دەرمانسازیدا کاردەکات، بژێوی ژیانی لەو پیشەسازییەوە دابین دەکات، کارەکانی لە کێڵگەکەدا بەس نییە بۆ پشتگیریکردنی دارایی، بەڵام ئەوەی کە نیگەرانی دەکات، ئەوەیە کە لە تەمەنی خانەنشینی نزیک دەبێتەوە و دەڵێت؛ ئەو پرسیارەی بەردەوام لە خۆمی دەکەم ئەوەیە: “ئەم کێڵگەیە بۆ کێ بەجێدەهێڵم”.

 

کشتوکاڵ کەمتر لە سەدا یەک لە بەرهەمی ناوخۆیی ئەڵمانیا بەشداری دەکات و گرنگییەکی کەمتری هەیە بۆ ئابووری بە بەراورد بە وڵاتانی دراوسێی وەک فەرەنسا و پۆڵەندا.

 

کەرتی کشتوکاڵی ئەڵمانیا لەم ساڵانەی دواییدا لە گۆشەیەکی دیکەوە کەوتۆتە ژێر فشارێکی زیاترەوە، بەتایبەت فشار و  گۆڕانکاری دیمۆگرافی، ڕاینهارد یۆنگ، ڕاوێژکاری سیاسەت لە گروپی لۆبی فرێی باوەرن (جوتیارانی ئازاد) دەڵێت؛ کەمیی کرێکاری لێهاتوو کێشەیەکە لە هەموو کەرتەکانی(ئابووری ئەڵمانیا)، بەڵام کشتوکاڵ زۆرترین کاریگەری لەسەرە، جگە لەوەش، ئەو جووتیارانەی گەنجن خێزانەکانیان خاوەنی کێڵگە نین، بەهۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخەکانیش لە دەیەی ڕابردوودا، تا دێت کڕین یان تەنانەت بەکرێدانی زەوییە کشتوکاڵییەکان قورستر دەبن.

 

کریستینا ڤۆگێل لە کۆمەڵەی کشتوکاڵی ئەڵمانی (DLG) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ DW پێی وایە ” کاری کشتوکاڵ وەک پیشە نوێنەرایەتی تەحەددایەک دەکات، ە زۆر ڕەچاوکردن هەیە وەک مەرج و یاسادانان، فشارەکانی بەکاربەر، گۆڕانی کەشوهەوا و نرخەکان، پێداویستییەکان بۆ پرۆسەی بەرهەمهێنان.”

 

کۆمەڵەی کشتوکاڵی ئەڵمانیا کۆمەڵەیەکی بازرگانییە کە بە شێوەیەکی سەرەکی نوێنەرایەتی کۆمپانیا گەورەکانی کشتوکاڵی ئەڵمانیا دەکات و یارمەتی جووتیارانی گەنج دەدات بۆ دامەزراندنی کاروبارەکان لەو کەرتەدا.

 

هاوکات، پانو بوتاڤارا لە پەیمانگای لایبنیز بۆ توێژینەوەی ئابووری لە زانکۆی میونشن پێی وایە خراپی بارودۆخی کارکردن و مووچە، هۆکاری سەرەکین کە پاڵ بە گەنجانەوە دەنێت بۆ بڕیاردان لەسەر کار نەکردن لە بواری کشتوکاڵدا.

 

ئەو لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی DW دەڵێت: “سەیر نییە گەنجان کارگەلێک هەڵدەبژێرن کە مووچەی باشتریان هەیە، لێرەوە کاریگەرییە ئابوورییە گشتییەکانی کەمیی هێزی کار لە کشتوکاڵدا سنووردارە”.

 

دوای ئەوەی لە زستانی ڕابردوو هەزاران جووتیار بە تراکتۆرەکانیان شەقامەکانی بەرلینی پایتەختیان داخست وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە پلانەکانی حکومەت بۆ کەمکردنەوەی بڕی هاوکاری و دابینی پیداویستیەکان پرسی جووتیاران بوو بە پرسی ڕای گشتی.

 

ڕەنگە بۆ گەنجان کارکردن لە بواری کشتوکاڵ و دوورکەوتنەوە لە مۆبایلە زیرەکەکان بۆ چەند کاتژمێرێک شتێکی مەحاڵ بێت، لە کاتێکدا هەندێکی تر کشتوکاڵ بە کارێکی قورس دەزانن کە پێویستی بە هەوڵ و سەبرێکی زۆر هەیە و ئاماژەیان بەوەکردووە، “ئێمە شۆڕشی پیشەسازیمان تێپەڕاندووە، کشتوکاڵ بە پیشەیەک نازانین کە مرۆڤ بتوانێت بژێوی ژیانی تێدا دابین بکات”.

 

بۆمبێکی وێرانکەری ئەمریکی، هەرا دەنێتەوە
پێشت بۆمبێکی وێرانکەری ئەمریکی، هەرا دەنێتەوە
دامەزراوەیەکی ئەمریکی: لەناوبردنی ئەزموونی سیاسی کورد ئامانجی تورکیایە
دواتر دامەزراوەیەکی ئەمریکی: لەناوبردنی ئەزموونی سیاسی کورد ئامانجی تورکیایە
پەیوەندیدار