لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی خاوەنی مۆڵەتی ژمارە دووە لەسەر ئاستی عێراق و هیچ کێشەیەکی ئیداری و هونەری و ئەمنی و خزمەتگوزاری نيیە و بەئامانج گرتنی لەلایەن توركیاوە سزای سیاسیە.
لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی عێراق لەبارەی سزاکانی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاندووە، ڕۆژی ٢ی تەمموز، لیژنەكەیان بەئامادەبوونی زۆرینەی ئەندامانی سەردانی مەیدانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کرد.
ڕوونیشی كردۆتەوە، ئامانج لەسەردانەکە لەنزیکەوە ئاگاداربوون بوو لەو سزایانەی ساڵ و نێوێکە لەلایەن دەوڵەتی تورکیای دراوسێیەوە بەسەریدا سەپێنراوە، جگە لەڕاگرتنی گەشتەکان لەتورکیاوە بۆ سلێمانی، بەڵکو هەموو ئەو گەشتانەی بەسەر ئاسمانی تورکیا تێئەپەرن بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕاگیراون، بەمەش زۆربەی گەشت و جوڵەکانی فرۆکەخانەکە وەستاون و زیانێکی گەورەی لە فروکەخانەکە داوە و بارگرانی زۆریشی بۆ هاووڵاتیان و ئابووری سلێمانی دروستکردوە.
ئاشكراشی كردووە، لیژنەکەمان لەو سەردانە مەیدانیە و ئەو بەدواداچوونانەی لەسەرەتای کێشەکەوە کردوویەتی، بۆی دەرکەوتوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، کە خاوەنی موڵەتی ژمارە دووە لە دەستەڵاتی فرۆکەوانی مەدەنی دوای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد هیچ کێشەیەکی ئیداری و هونەری و ئەمنی و خزمەتگوزاری نیە و بەمانجگرتنی فرۆکەخانەکە سزای سیاسیە.
لیژنەكەی پەرلەمانی عێراق داوا دەکات لە پەرلەمان “لیژنەکەمان و لیژنە پەیوەندارەکانی تری وەک ئاسایش و بەرگری و لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە هەنگاوی جددی کردەیی بنێن و حکومەتیش لەرێگای دیپلۆماتیەوە هەوڵی جددی بدات بۆ کۆتایی هێنان بەسزاکانی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی وەک یەکێک لە فڕۆکەخانە مەدەنیەکانی عێراق”.