پەرلەمانی عێراق لەسەر فڕۆكەخانەی سلێمانی هاتەدەنگ



لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی خاوەنی مۆڵەتی ژمارە دووە لەسەر ئاستی عێراق و هیچ کێشەیەکی ئیداری و هونەری و ئەمنی و خزمەتگوزاری نيیە و بەئامانج گرتنی لەلایەن توركیاوە سزای سیاسیە.

لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی عێراق لەبارەی سزاکانی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاندووە، ڕۆژی ٢ی تەمموز، لیژنەكەیان بەئامادەبوونی زۆرینەی ئەندامانی سەردانی مەیدانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کرد.

ڕوونیشی كردۆتەوە، ئامانج لەسەردانەکە لەنزیکەوە ئاگاداربوون بوو لەو سزایانەی ساڵ و نێوێکە لەلایەن دەوڵەتی تورکیای دراوسێیەوە بەسەریدا سەپێنراوە، جگە لەڕاگرتنی گەشتەکان لەتورکیاوە بۆ سلێمانی، بەڵکو هەموو ئەو گەشتانەی بەسەر ئاسمانی تورکیا تێئەپەرن بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕاگیراون، بەمەش زۆربەی گەشت و جوڵەکانی فرۆکەخانەکە وەستاون و زیانێکی گەورەی لە فروکەخانەکە داوە و بارگرانی زۆریشی بۆ هاووڵاتیان و ئابووری سلێمانی دروستکردوە.

ئاشكراشی كردووە، لیژنەکەمان لەو سەردانە مەیدانیە و ئەو بەدواداچوونانەی لەسەرەتای کێشەکەوە کردوویەتی، بۆی دەرکەوتوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، کە خاوەنی موڵەتی ژمارە دووە لە دەستەڵاتی فرۆکەوانی مەدەنی دوای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد هیچ کێشەیەکی ئیداری و هونەری و ئەمنی و خزمەتگوزاری نیە و بەمانجگرتنی فرۆکەخانەکە سزای سیاسیە.

لیژنەكەی پەرلەمانی عێراق داوا دەکات لە پەرلەمان “لیژنەکەمان و لیژنە پەیوەندارەکانی تری وەک ئاسایش و بەرگری و لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە هەنگاوی جددی کردەیی بنێن و حکومەتیش لەرێگای دیپلۆماتیەوە هەوڵی جددی بدات بۆ کۆتایی هێنان بەسزاکانی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی وەک یەکێک لە فڕۆکەخانە مەدەنیەکانی عێراق”.

 

لە هەولێر ئامادەکاری بۆ ڕێگرتن لە لافاو دەکرێت
پێشت لە هەولێر ئامادەکاری بۆ ڕێگرتن لە لافاو دەکرێت
دارایی ڕوونکردنەوە لەسەر لیستی مووچە دەدات
دواتر دارایی ڕوونکردنەوە لەسەر لیستی مووچە دەدات
پەیوەندیدار