تەمەنی ٨٤ ساڵە و زیاتر لە ٧٠ ساڵە وێنەگریی دەکات



هاووڵاتییەکی شاری سلێمانی لە دایکبووی ساڵی ١٩٤٠، زۆربەی تەمەنی بە پیشەی وێنەگرییەوە بەسەر بردووە و، لە ئێستاشدا لە دووکانەکەی سەرقاڵی پیشەکەیەتی کە لە تەمەنی ١١ ساڵییەوە لەگەڵ براکەی فێری بووە.

محەمەد ئەمین قادر (٨٤ ساڵ)، هەر لە منداڵییەوە بەهۆی براکانییەوە کە پیشەیان وێنەگریی بووە، خولیای وێنەگریی لا دروست بووە، زیاتر لە ٧٠ ساڵە کاری وێنەگریی دەکات.

لە دوکانەکەیدا ئەو کامێرا و ئامێرانەی بەدرێژایی ماوەی کارکردنی پاراستوویەتی، ئەوە دەردەخات کە سیمایەکی دێرینی هەیە و خاوەنی ئەزموونێکی دێرینە لەو پیشەیەدا.

وێنەگر محەمەد ئەمین باسی لە سەرەتای ئاشنابوونی خۆی و براکانی بۆ کاری وێنەگریی دەکات و دەڵێت: “ئەم کارەی من دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٥٧، بەڵام برایەکم پێش من لە ساڵی ١٩٥١ لای شێخ مستەفا شێخ سەعید کە کۆنترین وێنەگری شاری سلێمانی بوو، فێری کاری وێنەگریی بوو، هەر لەو کاتەوە دەستی کرد بە فێرکردنی منیش. دوای ئەویش برایەکی دیکەم هەبوو حاجی ساڵح کە خاوەنی وێنەگری سلێمانی بوو، لە ساڵی ١٩٥٤ فێری کاری وێنەگریی بوو. منیش لەسەر دەستی براکەم و حاجی سەعید فێری پیشەکە بووم. پاشان چووم بۆ چوارتا (سەر بە قەزای شارباژێری پارێزگای سلێمانی) و لەوێ درێژەم بە کارەکەم دا”.

لەو سەردەمەی محەمەد ئەمین فێری کاری وێنەگریی بووە، جگە لە ناوەندی شارەکان لە هیچکام لە قەزا و ناحیەکان وێنەگر نەبووە و، خەڵکی ئەو سەردەمەش کە تازە ناسنامەیان بۆ دەرکراوە بە ناچاری ڕێگای دوور و درێژی شارەکانیان گرتووەتەبەر بۆ وێنە گرتنێک.

محەمەد ئەمین دوای ئەوەی فێری پیشەی وێنەگریی دەبێت، لەسەر داوای بەرپرسانی ئیدارەی ناحیەی چوارتا داوا دەکەن بچێتە ناوچەکە و بەمەش دەبێتە یەکەم وێنەگر لەو ناوچەیەدا.

وێنەگر محەمەد ئەمین وتی: “کاربەدەستانی ناحیەی چوارتا داوایان لە براکەم کردبوو کە وێنەگرێکیان بۆ بنێرن بۆ ئەوەی لە دایکبووانی ساڵی ١٩٣٧ (بەڵگەنامەی خزمەتکردنی سەربازی)یان پێ بدەن، هەموو کەسێک چوار وێنەی پێویست بوو، ئەو هەموو خەڵکەش نەدەهات بۆ سلێمانی، کاتێک براکەم پێی گوتم بڕۆ بۆ چوارتا، چووم و لەوێ مامەوە تا ناوم هاتەوە بۆ سەربازیی، دوای تەواوکردنی سەربازییەکەم لەسەر داوای چەند کەسێک چوومەوە چوارتا و لەوێ کەسێکی دیکەم فێری پیشەکە کرد و دوای نزیکەی دوو ساڵ گەڕامەوە سلێمانی”.

محەمەد ئەمین باسی لە کامێراکانی ئەو کات کرد و وتی: “ئەو کامێرایەی ئەو کاتە کارمان پێی دەکرد، پێیان دەگوت شەمسی، خۆمان پێمان دەگوت هەتاوی، من نزیکەی ١٢ ساڵ کارم هەر بەو شەمسییە کرد. پاشان لە ساڵی ١٩٦٨دا دوکانەکەم دانا، ئەو کاتە هەموو شتێکم لەبارەی وێنەگرتن و چاپکردنەوە دەزانی، ئەوکاتە من کامێرایەکی شەمسییم لە نەجەف کڕی بە ٢٤ دینار”.

محەمەد ئەمین زۆرێک لەو کامێرا و ئامێرانەی بەدرێژایی کارەکەی بەکاریهێناون لە دووکانەکەیدا پاراستوویەتی و بە هیچ نرخێک نایانفرۆشێت.

وەک وێنەگر محەمەد ئەمین باسی دەکات سەدان کەسی لەسەر دەستی خۆی فێری کاری وێنەگریی کردووە و ئەوەی لەسەر کارەکەی ئەزموونی کردووە پێی گوتوون و هاوکاریان بووە و، گوتی: “ڕەنگە سەد کەسم فێری کاری وێنەگرتن کردبێت، هەرکەسێک هاتبێت و خولیای وێنەگرتنی هەبووبێت دەستم نەناوە بە ڕوویەوە و فێرم کردووە، هەبوو وێنەگریی گەڕۆک بووە و فێری هەموو شتێکم دەکرد و ئێواران فیلمەکەی دەهێنایەوە بۆ دووکانەکەم، بۆم چاپ دەکرد دەمدایەوە. چەندەها شاگردم هەبوو”.

 

وەرگرتنی گەنمی جوتیاران کۆتایی هات و دەست بە خەرجکردنی شایستە داراییەکان کرا
پێشت وەرگرتنی گەنمی جوتیاران کۆتایی هات و دەست بە خەرجکردنی شایستە داراییەکان کرا
دواتر لیستی مووچەی مانگی تەمووز ڕادەستی بەغدا کرا
پەیوەندیدار