سیستمی سۆلار “چارەسەرێکی گونجاو” بۆ کۆتاییهێنان بە موەلیدە ئەهلییەکان



غاندی فەوزی
کە لە دورەوە سەیری دیمەنی گوندی هەزار مێرد دەکرێت زۆر بە رونی دیارە دیمەنێکی تەواو جیاوازی هەیە لە شوێنەکانی تر، بەو پێیەی لە کۆی 26 ماڵی گوندەکە 17یان سیستمی سۆلار، واتە وزەی خۆر بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاردەهێنن، بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لەکەسانی ناو ئەم ڕاپۆرتەوە وەگیراون، پشت بەستن بە وزەی خۆر لەلایەکەوە هۆشیاریی خەڵکەکەی دەگەیەنێت لەلایەكی تر خۆ بە دورگرتنە لە پیسبونی ژینگەی ناوچەکە.

هەزار مێرد یەکێکە لە گوندە دێرینەکانی کوردستان بە دوری 13کیلۆمه‌تر دەکەوێتە ڕۆژئاوای شاری سلێمانی و لە بناری زنجیرە چیاکانی بەرانان و گڵەزەردەدایە، سەرخێڵ شوان دانیشتوێکی گوندەکەیە و ماوەی چوار ساڵە سیستمی سۆلاری بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا داناوە لەوبارەیەوە دەڵێت، “بەهۆی سیستمی سۆلارەوە کێشەی کارەبامان نەماوە و حەساوینەتەوە”.

جاران شەو و رۆژ تەنها چەند کاتژمێرێکی کەم کارەبامان هەبو، بەڵام ئێستا لە کرێی کارەبا و دوکەڵی موەلیدە و بەنزین رزگارمان بوە

کێشەی بەنزین و دوکەڵ و ژاوەژاوی موەلیدە و کرێی کارەبا، پیسبونی ژینگە هیچ کام لەمانە لە گوندەکەی سەرخێڵدا نەماون، لەبەرئەوەی زۆربەی دانیشتوانەکەی سیستمی سۆلار بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاردەهێنن، سەرخێڵ ئەو سیستمەی بە بڕی سێ هەزار دۆلار داناوە، کە لە شەش پانێڵ و چوار پاتری پێکهاتو و 10 ئەمپێر کارەبا بۆ ماڵەکەی دابیندەکات، ئاماژەدەدات بەوەی بە رۆژ کارەبای نیشتمانی بەکارناهێنێت، لەکاتێکدا پێشتر کارەبای موەلیدەیان نەبوە و دەبو هەر ماڵێك موەلیدەیەك بکڕێت و بەدڵخۆشییەوە دەڵێت، “جاران شەو و رۆژ تەنها چەند کاتژمێرێکی کەم کارەبامان هەبو، بەڵام ئێستا لە کرێی کارەبا و دوکەڵی موەلیدە و بەنزین رزگارمان بوە”. هیواداریشە وەزارەتی کارەبا و لایەنە پەیوەندیدارەکان هاوکاری هاوڵاتییان بکەن بۆ ئەوەی ئەم سیستمە دابنێن و لە ژاوەژاوی موەلیدە و کێشەی کارەبا رزگاریان بێت.

سەرخێڵ هیچ زانیارییەکی نییە لەسەر ئەوەی کە لە بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی و پارێزگاکانی تردا بەشێك هەیە بۆ ئەو ماڵ و شوێنانەی سیستمی سۆلار دادەنێن، ئەگەر خۆیان تۆمار بکەن، لەبری ئەو کارەبایەی لە رێگەی ئەو سیستمەوە بەرهەمیدەهێنن لە کارەبای نیشتمانیدا داشکاندنیان بۆ دەکرێت.

متمانەم بە کارەبای نیشتیمانی نییە، چونکە کێشەی زۆر بۆ دروست دەبێت و پێموایە سیستمەکەی منیش تێکدەدات

بەپێچەوانەی سەرخێل، دیار ساڵح خاوەنی پێشانگای ئۆرجینال لەناو بازاڕی سلێمانی ماوەی 8 ساڵە سیستمی سۆلاری بۆ ماڵەوە داناوە و ساڵیکیشە بۆ پیشانگاکەی داناوە کە 24 ئەمپێر کارەبا دەدات و بڕی سێ هەزار دۆلار تێچوەکەیەتی، ئاگادارە کە لە بەڕێوەبەرایەتی کارەبادا بەشێك هەیە ئەگەر هەر بەکارهێنەرێکی سیستمی سۆلار ناوی خۆی لێ تۆماربکات بڕێك پارەی بەکارهێنانی کارەبای نیشتمانی بۆدەگەڕێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ناوی خۆی تۆمار نەکردوە و دەڵێت، “متمانەم بە کارەبای نیشتیمانی نییە، چونکە کێشەی زۆر بۆ دروست دەبێت و پێموایە سیستمەکەی منیش تێکدەدات لەبەرئەوە قەت خۆم تۆمار ناکەم، چونکە هەر کێشەیەك دروست بێت چاککردنەوەکەی پێویستی بە 500 هەزار دینارە، بەڵام دڵنیام هەر کەسێك لە توانایدا هەبێت باشترە ئەم سیستمە دابنێت، چونکە لە کێشەی کارەبا رزگاری دەبێت”.

دیار پێش ئەوەی ئەو سیستمە دابنێت مانگانە 500 هەزار دیناری دەدا بە کرێی کارەبا، بەڵام وەك خۆی دەڵێت ئێستا رێژەکەی بۆ 100 هەزار دینار کەمبوەتەوە.

دیار بەهۆی بەکارهێنانی ئەو سیستمەوە لە هەمو کێشەیەک رزگاری بوە

بەهەمان شێوە عەبدوڵا ئەحمەد خەڵكی گوندی جێشانەیە لە بەکرەجۆ، سێ ساڵ دەبێت سیستمی سۆلاری داناوە بۆ ماڵەکەی کە 12 ئەمپێر کارەبا دەدات، دوپاتی دەکاتەوە کە بەهۆی بەکارهێنانی ئەو سیستمەوە لە هەمو کێشەیەک رزگاری بوە، بەڵام ناوی خۆی تۆمارنەکردوە و بێئاگایە لە بوونی شتێکی لەو بابەتە، نیازیشی هەیە رێنمایی وەربگرێت و ناوی خۆی تۆمار بکات.

گرنگە هاوڵاتییان ناوی خۆیان تۆماربکەن، چونکە لەبری ئەوەی بەو سیستمە بەرهەمی دەهێنن پارەیان بۆ دەگەڕێتەوە

سەبارەت بە گرنگی ناو تۆمارکردنی بەکارهێنەرانی سیستمی وزەی خۆر لە بەڕێوەبەرایەتی کارەبا، شادومان شوکری سەعید، لێپرسراوی بەشی وزە نوێبوەکان لە بەرێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی، تۆمارکردنی ناوی هاوبەشەکان لەو بەشە بە گرنگ دەزانێت و دەڵێت، “گرنگە هاوڵاتییان ناوی خۆیان تۆماربکەن، چونکە لەبری ئەوەی بەو سیستمە بەرهەمی دەهێنن پارەیان بۆ دەگەڕێتەوە”.

رونیشیکردەوە کە “ئەگەر لە نێو ماڵێکدا سۆلار بەکاربهێنرێت ئەوەندەی پێویست بێت بەکاردەهێنرێت، ئەوەشی کە زیادبو دەنێردرێتەوە بۆ ناو تۆڕی کارەبا، ئەوەش بەشێوەی یەکەی کارەبا تۆمار دەبێت و بەڕێوەبەرایەتی بەشی فرۆشتنی کارەبا لای خۆیەوە تۆماری دەکات دوای ئەوەی کە پسولەی کارەباکەی بۆ گەڕێندرایەوە لێی دەردەکرێت”.

پسپۆڕێک دانانی سیستمی سۆلار بۆ ژینگە بە گرنگ و سودبەخش دەزانێت

هەر لەمبارەیەوە چرۆ حەمە ئەحمەد هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە وزەی نوێبوەوە، دانانی سیستمی سۆلار بۆ ژینگە بە گرنگ و سودبەخش دەزانێت و ئاماژەش دەدات بەوەی کە ئامانج لە وزەی نوێبوەوە پاکڕاگرتنی ژینگە و کەمبونەوەی دوانە ئۆکسیدی کاربۆنە و لەهەمانکاتدا هیچ دەرهاویشتەیەکی خراپیشی نییە بۆ کەشوهەوا.

تا ساڵی 2030 زۆربەی بەرهەمهێنانی کارەبا بەپشتبەستن بە وزەی نوێ دەبێت

بەپێی ستاندەردە جیهانییەکان تا ساڵی 2030 زۆربەی بەرهەمهێنانی کارەبا بەپشتبەستن بە وزەی نوێ دەبێت، بەڵام تا ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا هەنگاوی جددی بۆ ئەم مەبەستە نەنراوە، چرۆ حەمە ئەحمەد حکومەتی هەرێم و وەزارەتی کارەبا بە کەمتەرخەم دەزانێت و دەڵێت، “حکومەت یان وەزارەتی کارەبا نەك هەر هەنگاوی نەناوە تەنانەت لەگەڵ کەسانی پسپۆڕو شارەزاش کۆبونەوەیەک یاخود کۆنفرانسێکی نەکردوە بزانرێت ئایا چۆن و بە چ شێوازێک سود لە وزەی خۆر وەربگیرێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، یاخود چۆن رێنمایی خەڵکی بکات سودوەرگرتن لەو سیستەمە؟!”.

وتیشی، “وەزارەتی کارەبا لەبری ئەو هەمو تێچوەی بۆ هەندێك سیستەمی پێوەری زیرەك و سرکێتی بیست ئەمپێری خەرجی دەکرد ئەگەر لە وزەی نوێدا خەرجیبکردایە بۆ ئەو شوێنانەی کە بۆ سیستمەکە گونجاون وەك گوندەکان و هەندێک شوێنی دیکە، ئەوا کێشەی کارەبا بەشێوەیەکی باش چارەسەر دەبو”.

سەرەتا دانانی سیستمی سۆلار پانێڵ تێچوویەکی زۆری دەبێت، بەڵام دواتر ئاسانکاریی دەبێت

سەبارەت بە تێچوی دانانی سیستمی سۆلار، ئەندازیاری کارەبا فەرەیدون فەرەج رونیدەکاتەوە، کە “سەرەتا دانانی سیستمی سۆلار پانێڵ تێچوویەکی زۆری دەبێت، بەڵام دواتر ئاسانکاریی دەبێت”.

فەرەیدون فەرەج لەو باوەڕەشدایە کە “دەتوانرێت لە رێگەی کەرتی تایبەتەوە سیستمی سۆلار پانێڵ بۆ هەمو هەرێمی کوردستان دابنرێت، بەڵام بەو مەرجەی حکومەت هاوکار بێت و پارەی بۆ دابین بکات”.

حکومەت بۆ ئەم مەبەستە پێویستی بە نیوەی ئەو پارەیەی دەبێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا تەرخانی دەکات

رونیشیدەکاتەوە کە حکومەت بۆ ئەم مەبەستە پێویستی بە نیوەی ئەو پارەیەی دەبێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا تەرخانی دەکات، کە پێشبینی دەکرێت سیستەکە لەتوانایدا هەبێت لە رۆژێکدا بە بەردەوامی 5 کاتژمێر کارەبا بۆ هاووڵاتیان دابین بکات، لە هەمانکاتدا دەتوانرێت ئەو کارەبایەی لە رۆژدا بە گاز بەرهەمدەهێنرێت، بۆ شەو بەکاریبهێنن”.

“راستییەک هەیە دەبێت بیڵێین وەزارەتی کارەبا و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەیانەوێت رێژەیەك لەکارەبا بە سیستمی سۆلار و سوود وەگرتن لە وزەی خۆر دابین بکەن، بەڵام ئێستا گەورەترین ئاستەنگ کە رێگرە لەبەردەم پرۆژەکەدا نەبوونی بودجەیە”. ئەندازیار فەرەیدون وا دەڵێت.

دانانی ئەم سیستەمە، جگە لەوەی سودی هەیە بۆ ژینگە و زیادکردنی بەرهەمی کارەباش لە روی ئابورییەوە کاریگەری باشی دەبێت

پێشیوایە “دانانی ئەم سیستەمە، جگە لەوەی سودی هەیە بۆ ژینگە و زیادکردنی بەرهەمی کارەباش لە روی ئابورییەوە بە تایبەت بۆ شوێنە بازرگانییەکان و پڕۆژە نیشتەجێبونەکان کاریگەری باشی دەبێت، چونکە تێچوی موەلیدە زۆر زیاترە لە تێچوی یەکەیەك ئەگەر بە وزەی خۆر بێت”.

بەوپێیەی کە رۆژ بە ڕۆژ ژمارەی دانیشتوان رو لە زیادبونە و خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەباش زیاتر دەبێت بە تایبەت پرۆژە نیشتەجێبونەکان کە لە روبەرێکی کەمدا ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی تێیدا نیشتەجێدەبن، دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێگریکردن لە پیسبونی ژینگە و زیادکردنی بەرهەمی کارەبای نیشتمانی رێنمایی داوەتە ئەو پڕۆژانە کە لە کاتی دروستکردنی پرۆژە نیشتەجێبوونەکان سیستمی سۆلار بەکاربهێنن.

ئەم سیستمە چەندە سودی بۆ ژینگە و باشترکردنی کارەبا هەیە

بەرگەشت ئاکرەیی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی وەبەرهێنانی کوردستان وایدەبینێت دانانی سیستمی سۆلار بۆ پرۆژەکانی نیشتەجێبون نەکراوەتە مەرج، تەنها رێنمایییە، هەر کەسێك بیەوێت پرۆژەیەکی نیشتەجێبون دروستبکات رێنمایی پێدەدرێت ئەم سیستمە چەندە سودی بۆ ژینگە و باشترکردنی کارەبا هەیە، ئاشکراشیکرد کە ئێستا کار بۆ ئەوە دەکرێت لە داهاتوودا دانانی سیستمی سۆلار بۆ پرۆژەی نیشتەجێبوون بکرێتە مەرج.

دانانی سیستمی سۆلار لە رێگەی کۆمپانیاکانەوە دەکرێت و لە هەر شارێکی هەرێمی کوردستان چەند کۆمپانیایەك ئەو کارە دەکەن و زۆربەی ئەو شوێنانەی ئێستا سیستمی سۆلاریان داناوە بەنزینخانە و شوێنە گشتییەکانن، هەردی محەمەد، خاوەنی کۆمپانیایەکە ماوەی حەوت ساڵە سیستمی سۆلار بۆ ماڵان و شوێنە گشتییەکان دادەنێت وتی، “ئەگەر سیستمێکی سۆلار دابنێین بۆ ماڵێك 2 ئەمپێر کارەبا بدات نرخەکەی 1000 دۆلارە، ئەگەر 4 ئەمپێر بێت نرخی 2000 دۆلارە، بێجگە لەوە نابێت شوێنی پاترییەکەی زۆر گەرم بێت و پێویستە لە شوێنێکی فێنکدا هەڵبگیرێت”.

پێشنیار بۆ حکومەت کراوە ئەو سیستمە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا جێبەجێ بکرێت

هێماشی بۆ ئەوە کرد کە پێشنیار بۆ حکومەت کراوە ئەو سیستمە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا جێبەجێ بکرێت، پێشیوایە “تێچووی دانانی ئەو سیستمە بۆ هەرێمی کوردستان نزیکەی دو ملیار دۆلارە، ئەمەش وا دەکات لە هەمو هەرێمدا بە رۆژ کارەبا نەبڕێت”.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی ئامادەکاری ئەم بابەتە دەستی کەوتوە تا ئێستا 236 هاوبەشی کارەبا لە بەشی وزە نوێبوەکان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی تۆمارکراون، بەڵام بەدڵنیاییەوە رێژەکە زۆر لەوە زیاترە، چونکە ئەوە نەکراوەتە مەرج ئەوەی سیستمەکەی دانا ناوی خۆی تۆماربکات.

موەلیدە ئەهلییەكان لە زۆربەی گەڕەكەكانی هەرێمی كوردستاندا هەن، بە تایبەت لە وەرزەكانی سەرما و گەرمادا زۆرترین كات كار دەكەن، چونكە كارەبای نیشتمانی كەمترە و ئەو بۆشاییە پڕدەكەنەوە، لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە پێنج هەزار مۆلیدەی ئەهلیی هەن، جگە لە هۆتێل و شوێنە گشتییەکان کە هەریەکە و موەلیدەی خۆیان هەیە سەرجەمیان بە گاز كاردەكەن، ملکۆ بازیانی سەرۆکی پارتی سەوزی کوردستان دەڵێت “ئەو گازوایلەی موەلیدە ئەهلییەكانی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بەكاریدەهێنن كوالێتی زۆر خراپە و مەترسی بۆ سەر ژینگە و تەندروستی هەیە”.

نزیکەی شەش هەزار موەلیدەی ئەهلی لە هەرێمی کوردستان هەن، جگە لە موەلیدەی هۆتێل و شوێنە تایبەتەکان

بە گوێرە داتا بڵاوکراوەکان، نزیکەی شەش هەزار موەلیدەی ئەهلی لە هەرێمی کوردستان هەن، جگە لە موەلیدەی هۆتێل و شوێنە تایبەتەکان. لەناو ئەم ژمارەیەشدا، نزیکەی 550 موەلیدەی ئەهلی لە سنوری پارێزگای سلێمانین.

پارتی سەوزی کوردستان 5ی (حوزەیران/6)ی ساڵی 2014 لە هەرێمی کوردستان – سلێمانی دامەزراوە کە دەکاتە ڕۆژی جیهانی ژینگە و ئێستا 4150 ئەندامی هەیە لە کوردستان و وڵاتانی دەرەوەش، وەك سكرتێری حیزبەكە باسی دەکات خەونی گەورەیان هەیە بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان دەیانەوێت ئاستی سەوزایی لە هەرێمی كوردستان بگەیەنێنە ئاستی ستانداردی جیهانی، ئەگەر دەرفەتی كاركردنیان بۆ بڕەخسێنرێت.

ڕۆنی پیسی ئۆتۆمبێل، تێزاب، خۆڵ و چەند ماددەیەكی دیكەی كیمیایی تێكەڵ دەكەن

بازیانی لە درێژەی لێدونەکەیدا وتیشی، “ئاگاداری ئەوەم گازوایل لە پاڵاوگە نایاساییەكاندا بەرهەم دەهێنرێت، ڕۆنی پیسی ئۆتۆمبێل، تێزاب، خۆڵ و چەند ماددەیەكی دیكەی كیمیایی تێكەڵ دەكەن و ئەو جۆرە گازە خراپەی لێبەرهەم دەهێنن و ئاشکراشی دەکات کە” لەسەر ئەو بابەتە هەوڵدەدەن لای داواکاریی گشتی سکاڵا تۆمار بکەن”.

هەوا بەهۆی ئەو موەلیدانەوە بە تەواوەتی پیسبوە، زۆربەی موەلیدەکانیش لەناو پارکی گەڕەکەکانەوە دانراون

دوپاتیشی دەکاتەوە کە “هەوا بەهۆی ئەو موەلیدانەوە بە تەواوەتی پیسبوە، زۆربەی موەلیدەکانیش لەناو پارکی گەڕەکەکانەوە دانراون و کە جگە لەوەی ژاوەژاو دروست دەکەن و هەواش پیس دەکەن”.

لە راگەیەنراوێکی دەستەی ژینگەدا هاتوە موەلیدە گەڕەکەکان هۆکارێکی کاریگەری پیسبونی ژینگەیە، راگەیەنراوەکە وێنەیەکی لای ئامادەکاری ئەم بابەتەدا پارێزراوە تیایدا هێما بۆ ئەوە کراوە مۆلیدەی گەڕەكەكان یەكێكە لەو هۆكارانەی كاریگەریی هەیە لەسەر پیسبوونی ژینگە، بە دوكەڵەكەیان، دروستكردنی ژاوەژاو و پاشماوەكەیان واتا بە شێوەیەكی گشتی كاریگەریی نەرێنی لەسەر كۆی ڕەگەزەكانی ژینگە، هەوا و خاك و ئاوی ژێرزەوی هەیە.

موەلیدەی ئوتێل و شوێنە بازرگانییەكان و ناوبازاڕ كە ئەمانە تەواو سەربەخۆن و نازانرێت چۆن كاردەكەن

لە شارەكانی هەرێم ڕۆژانە چەندین جۆر مۆلیدە كار دەكەن موەلیدەی گەڕەک و پڕۆژە نیشتجێبونەکان، موەلیدەی ئوتێل و شوێنە بازرگانییەكان و ناوبازاڕ كە ئەمانە تەواو سەربەخۆن و نازانرێت چۆن كاردەكەن و چ جۆرە گازێكیان تێدەكرێت و تەنها ئەگەر سكاڵا هەبێت لەسەریان، ئەوكات لەلایەن لیژنەكانی قائیمقامیەتەوە سەردانیان دەكرێت.

عوسمان محەمەد، سەرۆكی كۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەكانی کوردستان، ڕەتیدەكاتەوە موەلیدەی گەڕەكەكانی سلێمانی گازی كوالێتی خراپیان تێ بكرێت و دەڵێت، “ئەو موەلیدانەی لە گەڕەكەكانی سلێمانی كار دەكەن زۆربەیان بە گازی كوالێتی خراپ لەكار دەكەون، بۆیە خاوەن موەلیدەكان بە ناچاریی گازی كوالێتی بەرزی تێدەكەن”.

لە شاری هەولێریش کە بەپێی لێدوانی سەرۆکی لیژنەی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی شارەکە خۆران خۆرانی، 1330 موەلیدە هەن، لە مانگی نیسانی رابردودا 25 بۆ 30 دانەیان بەهۆی بەکارهێنانی گازوایلی کوالێتی خراپەوە سزادراون.

لە چاودێری خۆیان بەردەوامن و ڕۆژانە سەردانی موەلیدەکان دەکەن و سەرپێچیکاران سزادەدەن

خۆرانی نایشارێتەوە بەشێك لە موەلیدەکانی هەولێر گازی کوالێتی خراپ بەکاردەهێنن، بەڵام ئەوەشی وت، کە “لە چاودێری خۆیان بەردەوامن و ڕۆژانە سەردانی موەلیدەکان دەکەن و سەرپێچیکاران سزادەدەن”.

عوسمان محەمەد باس بەپێویستی دەزانێت کە جگە لە سەوزكردنی شوێنی چواردەوری موەلیدەكان‌ و ساڵانە ڕواندنی 10 نەمام، و بۆ هەر مەتریکێش 10 هەزار دینار بدەنە دەستەی ژینگە وەك قەرەبوكردنەوەی پیسكردنی ژینگە، هەروەها دانانی موەلیدەی كوالێتی بەرز و بێدەنگ ئەو مەرجانەن كە دەبێت هەرخاوەن مۆلیدەیەك پێیانەوە پابەند بێت ئەگەرنا سزا دەدرێت.

لە ساڵی 2007وە بڕیاردراوە بە دانانی موەلیدەی ئەهلیی لە گەڕەكەكان

بەهۆی خراپیی دۆخی كارەبای نیشتمانی، لە ساڵی 2007وە بڕیاردراوە بە دانانی موەلیدەی ئەهلیی لە گەڕەكەكان، ئەوكات حكومەت بە 450 دینار بۆ هەر لیترێك گازوایلی بە خاوەن موەلیدەكان دەدا و بەو شێوەیە هەم ڕێگریی دەكرد لە بەكارهێنانی گازی كوالێتی خراپ هەم نرخی ئەمپێری كارەباش لەسەر هاوڵاتی كەمتر دەكەوت، بەڵام ئەو هاوكارییەی حكومەت چەند ساڵێك بەردەوام بوو، دواتر بڕدرا.

سیستمی سۆلار جگە لەوەی سودی بۆ زیادکردنی کارەبای نیشتمانی هەیە، ژمارەی موەلیدە ئەهلییەکانیش کەمدەکاتەوە بەوەش دەتوانرێت بەشێوەیەکی بەرچاو ڕێگری بکات لە پیسبوونی ژینگەش.

سوتاندنی گاز بۆ ژمارەیەکی زۆری موەلیدە ئەهلییەکان هۆکارێکی سەرەکی توشبونن بە نەخۆشییەکان

د. محەمەد عەبدولوەهاب، لێپرسراوی هۆبەی کۆنتڕۆڵکردنی شێرپەنجە لە پارێزگای سلێمانی پیسبونی هەوا و ژینگە کە بەشێکی بەهۆی دوکەڵی موەلیدە و ئۆتۆمبێلەوەیە بە هۆکاری سەرەکی نەخۆشی شێرپەنجە دادەنێت لە هەرێمی کوردستان و دەڵێت، “سوتاندنی گاز بۆ ژمارەیەکی زۆری موەلیدە ئەهلییەکان هۆکارێکی سەرەکی توشبونن بە نەخۆشییەکان، جگە لە خراپیی کوالێتی ئەو بەنزین و گازەی کە ئۆتۆمبێلەکان رۆژانە دەسوتێنن”.

پسیبونی ژینگە یەکێك لە هۆکارە سەرەکییەکانی توشبون بە شێرپەنجە

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئەوەی سەلماندوە کە پسیبونی ژینگە یەکێك لە هۆکارە سەرەکییەکانی توشبون بە شێرپەنجە و وەك د. محەمەد ئاماژەی پێدەدات “دوکەڵی موەلیدەکان تەنیا پەیوەست نییە بە پیسبونی هەوا، چونکە تێکەڵی باران دەبێت لەگەڵ خاکدا تێکەڵ دەبێت و لەسەر خواردنەمەنییەکانیشدا دەنیشێت، کە ئەمانە هەمووی هۆکارن بۆ پیسبوونی ژینگە و ئەویش بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان بۆ زیادبوونی نەخۆشییەکە دادەنرێت”.

رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ڕاپۆرتێکدا رایگەیاندوە، عێراق لە ریزبەندی شەشەم وڵاتانی جیهانەوەیە لە پرسی پیسبونی هەوا و ژینگەکەیەوە کە لەوانەیە بەشێکی بۆ کوالێتی ئەو سوتەمەنییە بگەڕێتەوە کە بەکاردەهێنرێت، چونکە ماددەی رەساسی تێدەکرێت کە ماددەیەکی ژەهراوییە و کاریگەری راستەوخۆی بۆ سەر ژینگە و تەندروستی مرۆڤ هەیە د. محەمەد وا دەڵێت.

ئەو ئەگەر چی دانانی سیستمی سۆلاری پێباشە، بەڵام پێیوایە، “ئەگەر ئەو سیستمەش بە باشی بەکارنەهێنرێت بەتایبەت ئەوانەی کە لە رێگەی پاترییەوە کارەبا دابین دەکەن و ئەوانەی کە لیسیۆمیان تێدایە ئەگەر بە وریاییەوە بەکارنەهێنرێن کێشەی دیکەی ژینگەیی دروست دەکات، بۆ نمونە لە هەندێک وڵاتی وەک ئیمارات ئەو کۆمپانیایانەی کە ئۆتۆمبێلەکانیان بە پاتری ئیش دەکەن بەومەرجە رێگە بە هاوردەکردنیان دەدرێت کە دوای تەواوبونیان پاترییەکانیان بگەڕێنرێنەوە بۆ ئەو وڵاتە.

لەوبارەیەوە هەردی محەمەد خاوەنی کۆمپانیای دانانی سیستمی سۆلار بۆ کارگەی ریسایکلین دەنێردرێنەوە و دەکرێنەوە بە پاتری ئۆتۆمبێل و هیچ زیانێکی بۆ ژینگە نابێت.

دابینکردنی کارەبا بۆ هەمو سلێمانی لە رێگەی سیستمی سۆلارەوە بە کارێکی زەحمەت دەزانێت

هەر لەو بارەیەوە سیروان محەمەد، وتەبێژی کارەبای سلێمانی دانانی سیستمی سۆلار بە چارەسەرێکی باش دەزانێت بۆ کەمکردنەوەی موەلیدە ئەهلییەکان و پاراستنی ژینگە و ئاشکرای دەکات کە ماوەی هەشت ساڵە پێشنیاریان کردووە بەشێك لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون مەرجیان بۆ دابنرێت سیستمی سۆلار دابنێن، بەڵام وەڵامیان نەبووە، هاوکات “دابینکردنی کارەبا بۆ هەموو سلێمانی لە رێگەی سیستمی سۆلارەوە بە کارێکی زەحمەت دەزانێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێ سیستمەکە بۆ بەشێکی دابنرێت و ئەو بارگرانیەی ئێستا هەیە لەسەر حکومەت بۆ دابینکردنی کارەبا کەمبکرێتەوە”.

ئەگەر ماڵێک سیستمی سۆلاری هەبێت 300 کیلۆوات کارەبای بەرهەمهێنابێت ئەوە پارەی 700 کیلۆواتی لێوەردەگیرێت

ئەو زانیارییەش پشتڕاست دەکاتەوە کە ئەگەر هەر هاوبەشێك سیستمی سۆلار دابنێت کارەبای لێوەردەگرنەوە، بۆ نمونە ئەگەر ماڵێک سیستمی سۆلاری هەبێت 300 کیلۆوات کارەبای بەرهەمهێنابێت و لە مانگێکدا 1000 کیلۆوات کارەبای نیشتمانی خەرج کردبێت، ئەوە پارەی 700 کیلۆواتی لێوەردەگیرێت ئەو برەی خۆی لێدەدردەکرێت کە ئەمە بۆ هاوبەشانی بازرگانی و کۆمپانیاکان زۆر سودی هەیە، چونکە کارەبا زۆربەکاردەهێنن. داواش دەکات هەر کەس ئەو سیستمەی هەیە سەردانی بەشی وزە نوێبووەکان بکات بۆ ئەوەی سوود لەو داشکاندنە ببینێت.

بە پێی ئامارێکی وەزارەتی کارەبا ئێستا بڕی بەرهەمهێنان لە رێگەی سیستمی سۆلارەوە 20-25 مێگاواتە کە هاوبەشەکانی کارەبا خۆیان کردویانە، وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی ناوە بۆ ئەوەی بەشێكی کارەبا لە رێگەی سیستمی سۆلارەوە دابین بکات.

بەڕێوەبەرایەتی وزە نوێبوەکان لە وەزارەتی کارەبا گرێبەستی لەگەڵ چەند کۆمپانیایەك ئیمزاکردوە بۆ بەرهەمهێنانی 400 مێگاوات کارەبا لە وزەی خۆر و لە رێگەی سیستمی سۆلارەوە، بەڵام نەبونی بودجە و هەندێك لایەنی هونەری گرێبەستەکانی دواخستوە رەنگە لە دو ساڵی داهاتودا ئەو برە کارەبایە بخرێتە سەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی، رەوا محەمەد پێنجوێنی، بەڕێوەبەری وزە نوێبوەکانی وەزارەت وا دەڵێت.

پێشیوایە کە دەکرێت هەمو سیستمی کارەبای هەرێم بکرێت بە سۆلار و سودی زۆریشی هەیە و لەکاتی رۆژیشدا بڕێکی زۆر کارەبا بەرهەمدەهێنرێت و کاتژمێرەکانی پێدانی کارەباش کەمتر دەبنەوە، بەڵام کاتی پێویستە.

بەڕێوەبەری وزە نوێبوەکان لە وەزارەتی کارەبا داوا لە هاوڵاتییان دەکات ئەگەر توانای داراییان هەیە لە ماڵەکانی خۆیانەوە دەستپێبکەن و ئەو سیستمە دابنێن و هیواداریشە لە داهاتو بارودۆخی خەڵک باشتر بێت و بتوانن سیستمەکە دابنێن، چونکە هەم دەبێتە هۆی زیادبونی کارەبا و هەمیش ژینگە لە پیسبون دەپارێزت”.

عێراق لە سیستمی سۆلار لە هەرێمی کوردستان پێشکەوتوترە و هەنگاوی گەورە و دەستپێشخەری لەوبوارەدا ناوە

بە وتەی شادومان شوکری سەعید، لێپرسراوی بەشی وزە نوێبوەکان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی، عێراق لە سیستمی سۆلار لە هەرێمی کوردستان پێشکەوتوترە و هەنگاوی گەورە و دەستپێشخەری لەوبوارەدا ناوە، بۆ نمونە لە بەسرە حکومەت خۆی سیتمێکی داناوە کە 10 مێگاواتە لە کاتێکدا لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا نەکراوە، هەروەها ئەوان بانکی ناوەندی عێراقی قەرز دەدات بە هەمو ئەو هاوبەشانەی دەیانەویت ئەو سیستمە دابنێن و دواتر لە ماوەی پێنج سێڵدا بیگەڕێننەوە.

“هەروەها عێراقیش بەراورد بە وڵاتانی دراوسێ زۆر لە دواوەیە، بۆ نموونە ئەگەر ئوردن وەربگیریت خۆیان وێستگە و کارگەی گەورەیان هەیە بۆ بەرهەمهێنانی سیستمی سۆلار کە تەنانەت پێداویستییەکانی لە هەرێمی کوردستانیش دەفرۆشرێت تا ساڵی 2022 وڵاتی ئوردن 27% کارەبای لە وزەی نوێ بوە، هەروەها لە ساڵی 2023، ڕێژەی بەشداری وزە نوێ بووەکان لەدابینکردنی کارەبای تورکیا بریتی بووە 42%”.

دكتۆر ساڵح نەجیب، پسپۆڕی ژینگه و مامۆستای زانكۆ پێیوایە “سۆلار سیستەم سیستەمێکی خاوێنی نەبڕاوەیە تەنیا جیاوازیەکەی ئەوەیە لەسەرەتادا نرخەکەی گرانە، بەڵام لەبەرامبەردا موەلیدەکان کۆمەڵێك گرفتی گەورە دروست دەکەن وەك پیسبونی ژینگە و ژاوەژاو و زیادبونی پلەی گەرمی هەروەها ئەو گازانەی کە لێی دەردەچن لەگەڵ هەوادا تێکەڵ دەبن.

سەرچاوە زانستییەکان و ئەو توێژینەوانەی ئەنجامدراون بیندراوە ئەو کەسانەی یان ئەو لایەنانەی کەبەرکەوتەی زیاتریان لەگەڵ دوکەڵی گازوایل زیاترە جا چ لە موەلیدەکان بێت یان دوکەڵی ئۆتۆمبیلەکان کە بەگاز کاردەکەن کە ئەمانە حاڵەتی نەخۆشییە جیاوازییەکانیان زۆر زیاتر بوە لەکورتی تەمەنەوە تا جەڵدەی دەماغ، شێرپەنجە، نەخۆشی زەهایمەر، ئەمانە هەموی لێکەوتە و دەرئەنجامی هەڵمژینی ئەو دوکەڵ و گازە پیسەیە بۆ ئاماریش تەنیا ئەو توێژینەوە سنوردارانەیە کە ئەنجامدەدرێت.

بۆ ئەوەی قەبارەی راستەقینەی زیانەکانی پیسبونی ژینگەمان لە هەرێمی کوردستاندا بۆ دەرکەوێت تا ئێستا هیچ ئامارێك لەبەردەستدا نییە رێژەی پیسبونی ژینگە بەهۆی موەلیدەکانەوە دەربخات چونکە توێژینەوە و بەدواداچونی دەوێت، جگە لەوەش وێستگەیەکی نیشتیمانی کوالێتی نییە بتوانێت ئەو ڕێژەیە بپێوێت.

داینەسۆرێک بە ٦,٤٤ ملیۆن دۆلار فرۆشرا
پێشت داینەسۆرێک بە ٦,٤٤ ملیۆن دۆلار فرۆشرا
عێراق و هەرێم لەسەر چەند خاڵێک ڕێککەوتن
دواتر عێراق و هەرێم لەسەر چەند خاڵێک ڕێککەوتن
پەیوەندیدار