سەرۆكی ئەنجوومەنی مۆلیدە ئەهلیەكانی هەولێر ڕایگەیاند، نرخی ئەمپێرێك كارەبای مۆلیدەیان دیاری كردوە، كە لەنێوان ١٣ هەزار دینار بۆ ١٩ هەزار و ٥٠٠ دینار دەبێت، هۆكاری بەرزی نرخەكەشی گەڕاندەوە بۆ داواكاری هاووڵاتیان كەوا هەندێ گەڕەك كارەبایان ٢٤ كاتژمێر هەبووە.
ئەندازیار قارەمان مەولود، سەرۆكی ئەنجوومەنی مۆلیدە ئەهلیەكانی هەولێر بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، بۆ مانگی كانوونی یەكەمی ٢٠٢٢ نرخی ئەمپێرێك كارەبای مۆلیدەیان دیاری كردووە، كە لەنێوان ١٣ هەزار دینار بۆ ١٩ هەزار و ٥٠٠ دینار دەبێت.
دەشڵێت: “نرخەكە بەپێی ئەو كاتژمێرانەی مۆلیدە كارەبای داوە دیاری كراوە، بەڵام ئەو گەڕەك و شوێنانەی ١٩ هەزار و ٥٠٠ دینار دەبێت لەسەر داواكاری خەڵكەكەی كارەبایان ٢٤ كاتژمێر هەبووە”.
لەپێناو كەمكردنەوەی نرخی ئەمپێرێك كارەبای مۆلیدە، مانگی ڕابردوو لەهەولێر بڕیاردرا بەپێی خشتەیەكی نوێ كاربكرێت، كە لەئەگەری نەبوونی كارەبای نیشتیمانی پێویستە مۆلیدەكان لەم كاتانە كارەبا بدەن بەهاووڵاتیان، هەموو ڕۆژانێكی دەوام بەیانیان لە كاتژمێر ٦:٣٠ خوولەكەوە تاوەكو كاتژمێر ٨:٣٠ خوولەكی بەیانی مۆلیدەكان كاردەكەن، هەروەها دوای نیوەڕۆیان ڕۆژانە لە كاتژمێر ١:٠٠ی دوای نیوەڕۆوە تاوەكو كاتژمێر ۱:٠٠ی شەو، مۆلیدە ئەهلییەكان كارەبا دەدەن بە هاووڵاتییان.
ئاماژە بەوەشكراوە، ڕۆژانی هەینی كاتژمێر ١٠ی بەیانی تاوەكو ۱ی شەو كارەبا دەدەن بەهاووڵاتیان.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە ئەمڕۆ لە سلێمانی نرخی ئەمپێری مۆلیدە دیاریكرا و نرخی یەك ئەمپێر لەنێوان ١٣ هەزار دینار بۆ ١٦ هەزار و ٥٠٠ دینار دەبێت.