فەرماندەی هێزەکانی 70 رایگەیاند، چیدیکە ئامادەنین مووچە و قوتی پێشمەرگەکانمان بکرێتە بارمتەی ناڕوونیی زانیاری و داتاگەلێک کە پەیوەندی بە هێزەکانمانەوە نییە، دەشڵێت:”ئەگەر بەغداد راستەوخۆ لیستى مووچەیان لێوەربگرێت، ئامادەکاریى تەواویان کردووە”.
فەرماندەیى هێزەکانى 70 راگەیەندراوێکی لەبارەی خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی ئایار و حوزەیرانی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگ بڵاوکردەوە و دەڵێت:” خەرجکردنی مووچەی دوو مانگ وەکو شایستەیەکی دارایی مانگانە و بەرامبەر ئەرکەکانیان لە پاراستنی هەرێمی کوردستان و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی تیرۆر لە عێراق، مایەی خۆشحاڵییە و دەبێتە مایەی هاندانی زیاتریان بۆ راپەڕاندنی ئەرکەکانیان لە خزمەتکردنی وڵاتدا.
دەشڵێت:”هیوادارن لەمەودوا هیچ ئاستەنگێک نەیەتە رێی ئەم پرۆسەیە لە نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێمى کوردستان و عێراق، بەم بۆنەیەوە بەهەموو لایەکی رادەگەیەنن لەناو هێزەکانی فەرماندەییان هیچ ناوێک بوونی نییە هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتێکی دیکە بێت، جگە لە رەگەزنامەی عێراقی”.
هێزەکانى 70 باسى لەوەشکردووە،”یەک ناویش نییە کە وجودی ماددی و فیزیکی نەبێت، واتە ناوی وەهمی بێت بەتایبەت دوای ئەوەی تۆماری بایۆمەترییان بۆ ئەنجامدراوە”.
لە راگەیەندراوەکەدا هێزەکانی 70 دەڵێت، روون و رەوان رایدەگەیەنن کە بۆ مووچەی ئەم مانگی تەمووزە ئامادەیی تەواویان هەیە لیستی تەواوی ناوی پێشمەرگەکانیان بە زانیاری و بەڵگەنامەی داواکراوی پێویستەوە پێشکەشبکەن، چیتر ئامادەنین مووچە و قوتی بنەماڵەکانیان بکرێتە بارمتەی ناڕوونی زانیاری و داتاگەلێک کە پەیوەندی بە هێزەکانیانەوە نییە.
راشیگەیاندووە تەنانەت ئەگەر وەزارەتی دارایی فیدراڵ راستەوخۆ لیستەکانیان لێوەربگرێت، ئامادەکاریی تەواویان کردووە و گومانیان لە راستی و دروستی زانیاری و داتاکانیان نییە.