مەلا بەختیار: مام جەلال و کاک نەوشیروان نامەیان بۆ نووسیوم تا دوای ئەوان ببمە سکرتێری یەکێتی



ئەمڕۆ چوار شەممە، 17/7/2024 لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی لە تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، ئەرشیفی ئاڵای شۆڕش، لە چوار بەرگدا بڵاوكرایەوە. هاوكات كتێبێكی مەلا بەختیاریش بەناوی (ئاڵای شۆڕش… سەرهەڵدان- پەلاماردان- یەكگرتن) بڵاوكرایەوە، كە تێیدا باسێكی مێژوویی سەرهەڵدان و دروستبوونی ئاڵای شۆڕش ئاشكرادەكات.

مەلا بەختیار، كورتە هەڵسەنگاندنێكی بۆ مێژووی ململانێكانی شاخ كرد و تیشكی خستە سەر ڕووداوە مێژوییەكان، ئەرشیفكردنی ئەو مێژووەشی بە “كارێكی گرنگ بۆ دەرخستنی راستیەكان” لەقەڵەم دا و وتی، “دوای 40 ساڵ لەو ڕووداوانەی ڕوویاندا، كاتی خۆیەتی دوور لە ڕق و تۆمەت بە بێژەنگی ویژدان ئەو مێژووە هەڵبدەینەوە، تاكو سەرئەنجام ساغ بێتەوە ئەو بڕیار و حوكمانەی كاتی خۆی لەسەر یەكتر وتومانە ڕاست بوون یان نا”.

ئاماژەی بەوەكرد، كە هەڵسەنگاندنی مێژووی كوردایەتی، لەسەر ئەوە راناوەستێك كە كەسێك یان ڕابەرێك یان سەركردەیەك لە ژیاندا نەماوە، ئیتر نەتوانرێت بە چاوی ڕەخنەوە لە مێژووەكەی بڕوانین، لە مێژوودا قەبرستان كاریزمای تێدا نیە.

وتیشی: دەمەوێت لێرەدا وەڵامی ئەو سەرنجە بدەمەوە، كە هەندێ كەس دەڵین ئەی بۆ كاتی خۆی ئەم قسانەتان نەدەكرد، كە سەركردەكان لە ژیاندا بون، لە وەڵامدا دەڵێم: ئەوی ئەگەر قسەمان نەكردوە و ڕەخنەمان لە كەموكورتیەكان نەگرتبێت كاتی خۆی؟ ئەی چۆن ئێستا زیاتر لە دوو هەزار لاپەڕە لە ئەرشیفی ئاڵای شۆڕش بڵاودەكەینەوە؟ ئەی ئەوانە قسە نەبون كە كردومانن؟

مەلا بەختیار باسی لەوەشكرد، دوو حەقیقەت لە مێژووی كوردا هەیە كە جێگای داخن، یەكەم ئەوەیە بە درێژایی مێژووی كورد خۆفرۆشی لە تێكۆشەر زیاتر بووە، دووەمیش ئەوەیە هەمیشە چەواشەكاریەكان زیاتر بووە لە ڕاستییەكان، بۆیە كاتی خۆی چەواشە و تۆمەت داتاشین بە ئاسانی توانیویەتی ڕای كادیر و ئەندامانی یەكێتی و كۆمەڵە بەرامبەر ئاڵای شۆڕش لە دژایەتیدا خۆی ببینێتەوە. بە تایبەتی دوو تۆمەتی زۆر دەدرایە پاڵ سەركردایەتی ئاڵای شۆڕش، یەكەمیان ئەوەبوو دەیانوت ئاڵای شۆڕش هێزی عەسكەری جیادەكاتەوە. دووەمیان ئەوەبوو دەیانوت ئاڵای شۆڕش دەبێتە حزبێكی عێراقچی كە ئەمەش وانەبوو، بۆیە لێردە دەڵێم:
لەم بەڵگەنامانەی ئێستا بڵاویان دەكەینەوە ئەگەر لەیەك دێڕدا ئاڵای شۆڕش ویستبێتی هێز جیا بكاتەوە ئەوە باوەڕ بە قسەكانم مەكەن، ئەگەریش ویستبێتمان حزبی عێراقی دروست بكەین ئەوە دیسان باوەڕ بە قسەكانم نەكەن، دەی كاتی خۆی لەسەر ئەو دوو تۆمەتە ئێمە گیراین. لەمەشدا دەردەكەوێت كە قسەكانی ئێمە ڕاست دەرچوون، دەركەوت كێ كوردستانیە و كێش عێراقی؟ یان ڕەخنەمان دەگرت دەمانوت نابێت خەباتی چەكداری بكرێتە ستراتیژ، دەبێت خەباتی مەدەنی و راپەڕینی خەڵك بكرێتە ستراتیژی رزگاریخوازی، لەوەشدا هەر ئێمە راستمان كرد و هەرێمی كوردستان بە راپەڕینی خەڵك رزگار كرا. ئێستاش دەیڵێم: خەباتی چەكداری وەكو ستراتیژ ناتوانێ هیچ پارچەیەكی كوردستان رزگار بكات، بەڵكو دەبێت خەباتی چەكداری لە خزمەتی خەباتی مەدەنی بێت.

سەبارەت بە هۆكاری ناكۆكیە فكری و ئایدۆلۆژیەكانی ئەوكاتی ناو كۆمەڵەی رەنجدەران، مەلا بەختیار باسی لەوەكرد، كە ئەوكات ئێمە پێمانوابوو دەبێت كۆمەڵە لەسەر فكری ماركسی خۆی بمێنێتەوە، بەڵام باڵی راستڕەو پێچەوانەی ئەو هەڵویستە بون و وردەد وردە فكری ماركسی لەناو كۆمەڵەدا كاڵ دەبۆیەوە بۆیە ئێمەش ئەمەمان پێ قبوڵ نەدەكرا، ئەوكات چەپ بوین و ئێستاش سیاسەت ناكەم ئەگەر چەپ نەبم.. ئەگەر جیاواز نەبم ناتوانم سیاسەت بكەم.

جەختیشی كردەوە، “مەبەستمە بڵێم كە ناكۆكیەكانمان لەسەر پلە و پۆست نەبوو، ئەوكات سەركردایەتی كۆمەڵە بووم بە ئاسانی پلە و پۆستم وەردەگرت، تەنانەت ئەوە مامۆستا جەعفەر شاهێدە كە بە ئیمزای مام جەلال و كاك نەوشیروان و مامۆستا جەعفەر كە مام جەلال و كاك نەوشیروان لە بارودۆخێكی سەختدا دەبن و نامەیەك بۆ من دەنێرن دەڵێن مەلا بەختیار ئەگەر ئێمە نەماین ئەوا تۆ ببە بە سكرتێری یەكێتی، بەداخەوە ئەو نامەیە لەكاتی دەستگیركردنم لە قەرەداغ لەناوچوو، بەڵام مامۆستا جەعفەر ماوە و زیندووە”.

وەزارەتی دارایی لەبارەی وردبینی لیستی مووچە پەیامێكی بڵاوكردەوە
پێت وەزارەتی دارایی لەبارەی وردبینی لیستی مووچە پەیامێكی بڵاوكردەوە
یەكێتی ناوی كاندیدەكانی بۆ پەرلەمان ئاشكرادەكات
دوات یەكێتی ناوی كاندیدەكانی بۆ پەرلەمان ئاشكرادەكات
پەیوەنیدر