سەرچاوەیەک: کاتێک بۆمب خراوەتە ژێر ئۆتۆمبێلی بەرپرسەكەی پارتی پاسەوانەكان تەماشای یارییان کردووە



 

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ڕەوتی لێكۆڵینەوەكانی هەوڵی كوشتنی بەرپرسی لقی پارتی لە گەرمیان ڕایدەگەیەنێت، لەكاتی یاری كۆتایی پاڵەوانێتی یۆرۆی نێوان هەڵبژاردەی ئیسپانیا و ئینگلتەرا و سەرقاڵبوونی پاسەوانەكانی بە تەماشاكردنی یارییەكە، بۆمبی لكێنراو خراوەتە ژێر ئۆتۆمبێلەكەی بەرپرسی لقی 22 ی گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان.

سەر لە بەیانی ڕۆژی دوو شەممە، 15 ی تەمموزی 2024، لەكاتێكدا ئەكرەم ساڵح، بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی ویستوویەتی لە شوێنی حەوانەوەی خۆیەوە لەگەڕەكی شەهیدانی كەلار بەرەو لق بڕوات، لەوكاتەدا بۆمبە لكێنراوەكە بە ئۆتۆمبێلەكەیدا تەقیوەتەوە.

سەرچاوە ئاگادارەكە لەڕەوتی لێكۆڵینەوەكان، كە داوایكرد ناوی ئاشكرانەكرێت، بە (دەنگی ئەمریكا)ی ڕاگەیاند، “كاتێك پاسەوانەكانی بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی سەرقاڵبوون بە تەماشاكردنی یاری نێوان هەڵبژاردەی ئیسپانیا و ئینگلتەرا، كەسێك كە جلی كوردی لەبەربووە، سەرقاڵبوونیانی قۆستووەتەوە و بۆمبەكەی خستووەتە ژێر ئۆتۆمبێلی بەرپرسەكەی پارتی.”

ئەوكاتەی بۆمبە لكێنراوەكە بە ئۆتۆمبێلی بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی دا تەقیووەتەوە، بەرپرسی لق و شۆفێرەكەی و پاسەوانێكی لە ناو ئۆتۆمبێلەكەدا بوون، دوای ڕزگاركردنیان ئۆتۆمبێلەكە گڕی گرتووە و بە تەواوەتی سووتاوە.

سەرچاوە ئاگادارەكە لە ڕەوتی لێكۆڵینەوەكان دەڵێت: “ئۆتۆمبێلەكەی بەرپرسی لق، كە بەشەو بۆمبەكەی پێوە لكێنراوە، دیوێكی لە تاریكایی و دیوەكەی تری بەلای پاسەوانەكانییەوە بووە، بۆیە كەسەكە بۆمبە لكێنراوەكەی لە دیوی تاریكاییەوە خستووەتە ژێر ئۆتۆمبێلەكە.”

وتیشی،”تانكی بانزینی ئۆتۆمبێلەكەی بەرپرسی لق لەو دیوەكەی تربووە، نەك ئەو دیوەی، كە بۆمبەكەی پێوە لكێنرابوو، گەر بۆمبەكە بدرایە لە دیوی تانكی بانزینەكە، لەكاتی تەقینەوەكەدا ئۆتۆمبێلەكە دەتەقییەوە و ئەستەمبوو سەرنیشینەكانی دەربازیان ببێت.”

گومان دەكرێت ئەو كەسەی بۆمبە لكێنراوەكەی خستووەتە ژێر ئۆتۆمبێلەكەی بەرپرسی لقی گەرمیان ناوچەكەی جێهێشتبێت، ڕۆژی دواتر خەڵكانی تر چاودێری بەرپرسی لقیان كردبێت و لە ڕێگەی كۆنترۆڵەوە ئۆتۆمبێلەكەیان تەقاندبێتەوە.

دوێنێ سێ شەممە، 16 ی تەمموزی 2024، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و “پەكەكە”ی بە هەوڵدان بۆ “تیرۆركردنی” بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان تۆمەتباركرد.

هەرچەندە میدیاكانی نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێن، ئەو كەسەی بۆمبەكەی بە ئۆتۆمبێلەكەی بەرپرسی لقی پارتییەوە لكاندووە ناسراوەتەوە و نزیكە لە پەكەكە، بەڵام سەرچاوە ئاگادارەكە لە ڕەوتی لێكۆڵینەوەكان دەڵێت: “هێشتا بەردەوامین لە لێكۆڵینەوە، شوێن پێی تۆمەتبارەكە لە ڕێگەی كامیراكانی چاودێرییەوە هەڵگیراوە، بەڵام گرفتەكە خراپی كوالێتی كامیرای چاودێری ماڵانە و تا ئێستا نەتوانراوە ناسنامەی كەسەكە بەڕوونی دەستنیشان بكرێت و لەهەوڵداین.”

ئەمڕۆ چوار شەممە، 17 ی تەمموزی 2024، پەكەكە ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، “ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ئێمە بە بەرپرسیار دەزانێت لەو تەقەمەنییانەی لەناو ئۆتۆمبێلی ئەكرەم ساڵح، یەكێك لە بەرپرسانی پارتی چێنراون. ئێمە ئەم تۆمەتە بێ بنەمایە ڕەتدەكەینەوە.”

هەوڵدان بۆ كوشتنی بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان كاردانەوەی بەرپرسانی حزبی و حكومی لێكەوتەوە. بەپێی ڕاگەیەنراوی بارەگای بارزانی، مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕێی تەلەفۆنەوە قسەی لەگەڵ ئەكرەم ساڵح، بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی كردووە.

بارەگای بارزانی دەڵێت: “بارزانی بە ئەكرەم ساڵحی ڕاگەیاندووە، ئەنجامدەران و ئەوانەی لە پشت كردەوە تیرۆریستیەكەوە بوون باجی ئەم كارە تێكدەرانەیان دەدەن.”

هەریەك لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە دوو ڕاگەیەنراوی جیادا ئیدانەی هەوڵی تیرۆركردنی بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتییان كردووە، بە پێویستییان زانیووە لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەو كەس و لایەنانە ئاشكرابكەن، كە لە پشت هەوڵەكەوە بوون.

 

یەكێتی ناوی كاندیدەكانی بۆ پەرلەمان ئاشكرادەكات
پێت یەكێتی ناوی كاندیدەكانی بۆ پەرلەمان ئاشكرادەكات
كاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئاماده‌یی ڕاگەیەنرا
دوات كاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئاماده‌یی ڕاگەیەنرا
پەیوەنیدر