دوابەدوای خشتەی دابەشكردنی مووچەی دوو مانگی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، سبەینێ 18ی تەمموز هاوكاری “مووچە”ی هاوپەیمانان دابەش دەكرێت.
وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دوای ئەوەی هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بوودجە و بەرنامەکان (ژمێریاری سەربازی) ڕێکارە دارایی و ژمێریارییەکانی ئەنجام داون.
ڕاشیگەیاندووە، بانکەکانی ئاگادارکردوونەتەوە، کە ڕۆژی پێنج شەممە ١٨ی تەمموزی ٢٠٢٤، هاوکاری مانگی (٢٠٢٤/٦) دابەش بکرێت.
بەپێی خشتەی وەزارەتی دارایی، ڕۆژی چوار شەممە 17ـی تەمموزی 2024، مووچەی مانگی پێنج و شەشی ئەنجوومەنی ئاسایش و دەزگای ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پاراستنی داودەزگا نەوتییەكان دابەش دەكرێت.
هەر بەپێی خشتەكە، ڕۆژی پێنج شەممە 18ـی تەمموز مووچەی مانگی پێنج و شەشی وەزارەتی پێشمەرگە، هێزەكانی 70 و 80، هێزەكانی زێرەڤانی و بەرگریی فریاكەوتن دابەش دەكرێت.