كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی كارەبا و پەرلەمانی كوردستان چارەسەركرا و هەفتەی داهاتوو دابەش دەكرێت.
میدیاكانی پارتی لە زاری سەرچاوەیەكی حكومەتی هەرێمەوە بڵاویانكردەوە، كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی كارەبای هەرێم و پەرلەمانی كوردستان چارەسەر كراوە.
ڕاشیگەیاندووە، لە كۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو مووچەی فەرمانبەرانی ئەو دامەزراوانە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدڕاڵەوە خەرج دەكرێت و ڕەوانەی هەرێم دەكرێت.
جەختیشی كردۆتەوە، لەگەڵ گەیشتنی پارەكە، دەست بە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی كارەبا و پەرلەمان دەكرێت.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە سۆران عومەر، پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا ڕایگەیاند، كێشەی مووچەی وەزارەتی كارەبا پەیوەندی بە پۆلیسی كارەباوە هەیە، كە زیاتر لە 2 هەزار كەسن و لەسەر میلاكی وەزارەتی كارەبان و لەسەر وەزارەتی ناوخۆشن.
کێشەى مووچەى پەرلەمانى کوردستان جیاوازیى میلاک بوو لەگەڵ مانگى رابردوو کە حەوت فەرمانبەر زیادبوون و لەلایەن دیوانى چاودێریى دارایی عێراقەوە چارەسەکراوە؛ کێشەى وەزارەتى کارەباش لەسەر 2400 پۆلیسی کارەبا بووە و میلاکیان بۆ سەر وەزارەتى ناوخۆ گوێزراوەتەوە و بەوەش کێشەکە چارەسەر کراوە.