سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی هەواڵی ” دادوەرێكی ژن هاوسەرەكەی لەماڵ دەركردووە” ڕەتدەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، هیچ دادوەرێكی سەربە ئەنجومەنی دادوەری و سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی كاری لەو شێوەیەی ئەنجام نەداوە.
سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دوای بەدواداچوونمان بۆ بابەتەكە دەركەوت هیچ دادوەرێكی سەربە ئەنجوومەنی دادوەری و سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی كاری لەو شێوەیەی ئەنجام نەداوە و بەكارهێنانی نازناوی دادوەر لەلایەن كەسانێكی ترەوە، كە پیشەیان دادوەر نییە و سەر بە سەرۆكایەتیمان نین، جگە لەوەی بەرپرسیارێتی یاسایی لەسەر خودی كەسەكە دروست دەكات، نابێت ببێتە هۆی لەكەداركردنی ناو و پیشەی پیرۆزی دادوەران.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە بەشێكی میدیاكان دەنگۆی ئەوە بڵاوكرایەوە، كە خانمە دادوەرێكی سلێمانی هاوسەرەكەی لەماڵ دەركردووە و داوای بڕی چەند دەفتەر دۆلارێكیشی لێ كردووە.
ڕوونكردنەوەیەك لە سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانییەوە:
لە چەند پێگەیەكی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بابەتێك بڵاوكراوەتەوە گوایە دادوەرێكی ژن هاوسەرەكەی لەماڵی خۆی دەركردووە و پێگەكەی وەك دادوەر بەكارهێناوە لەو كارەدا..
بۆ هەموولایەك روون دەكەینەوە كە دوای بەدواداچوونمان بۆ بابەتەكە دەركەوت هیچ دادوەرێكی سەربە ئەنجومەنی دادوەری و سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی كاری لەو شێوەیەی ئەنجام نەداوە، وە بەكارهێنانی نازناوی دادوەر لەلایەن كەسانێكی ترەوە كە پیشەیان دادوەر نییە و سەربە سەرۆكایەتیمان نین، جگە لەوەی بەرپرسیارێتی یاسایی لەسەر خودی كەسەكە دروست دەكات، نابێت ببێتە هۆی لەكەداركردنی ناو و پیشەی پیرۆزی دادوەران.
پێویستە دەزگاكانی راگەیاندن و پێگەكانی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان وردتر بن و باشتر بەدواداچوون بۆ هەر بابەتێك بكەن پێش بڵاوكردنەوەی تا تووشی بەرپرسیارێتی یاسایی نەبن.
بۆ بەرچاوڕوونی هەموولایەك ئەم روونكردنەوەیە بەپێویست زانرا.