د. کامهران ڕەسوڵ ژاژڵهیی، پزیشکی پسپۆڕی زانستی خۆراک هۆکارەکانی کۆبوونەوەی چەوری لە ورگ و قەڵەویی باس دەکات و ڕوونیدەکاتەوە، کە بۆ ماوەیی و خواردنی نا تەندروست هۆکاری سەرەکین.
یەکەم: هۆکاری بۆماوەیی، ئەگەر ئەندامێکی خێزان یا زیاتر کێشەی کۆبوونەوەی چەوری هەبێت لە ورگ بە تایبەت دایک یا باوک، ئەم جۆرە پێویستە بە کاتی زیاتر و هەوڵی زۆرتر هەیە بۆ نەهێشتی ورگ لە ڕێگای بەرنامەی خۆراکی گونجاو و وەرزشی نەهێشتنی ورگ و دوور کەوتنەوە لە شێواز و جۆری خواردنی ناتەندروست کە ئەمە کارێکر سەختە ئەگەر ئەندامانی خێزانەکە پشتگیری نەکەن و خۆشیان پاپەند نەبن بە ڕێنمییایی خۆراکی تەندروستەوە.
دووەم: خۆراکی ناتەندروست، جگە لە خواردنی بڕی زیاتر لە خواردن کە زۆرتر بێت لە پێوداویستی جەستە، جۆرەکانی خۆراک زۆر ڕۆڵی هەیە و کۆمەڵێک خۆراک دەبنە هۆی زیاد بوونی چەوری ورگ وەک شیرینی، ساردەمەنی، چەوری زۆر، خواردنی سوورکراوە، خواردنەوە گازی و کحولیەکان، هتد.
سێییەم: کەمی جووڵە و سستی، لەش پێویستی بە جووڵەی زۆر و وەرزش هەیە بۆ زیاتر سووتانی چەوری، تەمەڵی و کەمی جووڵە دەبێتەهۆی هیواش کردنەوەی ڕێژەی مێتابۆلیزمی جەستە .
چوارەم: کەمخەویی و شەونخوونی، نەخەوتن بە گوێرەی پێویست لە شەودا دەبێتە هۆی کەم کردنەوەی ڕێژەی سووتانی چەوری و خاو بوونەوەی میتابۆلیزم .
پێنجەم: نەخواردنەوەی بڕی پێویست لە ئاو ڕۆژانە، ئاو ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە پڕۆسەی میتابۆلیزم و سووتانی چەوری، ئاو خواردنەوەی زۆر ڕێژەی سووتانی چەوری خێرا تر دەکات و کەمی ئاو دەبێتە هۆی هێواش سووتاندنی چەوری، هەروەها کەمی ئاو هەندێ جار هەستی برسی بوون زیاد دەکات.
شەشەم: هەندێک خووی هەڵە لە شێواز و جۆری خواردن وەک: خواردنی بڕێکی زۆر لە خۆراکی ناتەندروست بە بەردەوامی وەک فاست فوود، برنجی سپی و ئاردی سپی.
– ناڕێکی لە کاتی ژەمەکان و نەخواردنی ژەمێکی خۆراک بە تایبەت ژەمی بەیانی لە کاتی خۆی دا بە بەردەوامی، چونکە دەبێتە هۆی هێواش کردنەوەی ڕێژەی میتابۆلێزمی لەش.
– نەخواردنی بڕی پێویست لە ماددە ڕیشاڵییەکان .
– خواردن بە پەلە و بە خێرایی بێ جوینی خۆراکە بە باشی ، پڕۆسەی تێربوون نزیکەی (30 – 40) خوولەکی دەوێت بە شێوەیەکی گشتی، بۆیە خواردنی قاپێک زەڵاتە لە سەرەتا ژەمەکان دەبێتە هۆی زوو تێربوون .
– نەخواردنی بڕی پێویست لە ماددە پڕۆتینەکان: وەک پاقلەمەنیەکان، ماسی، هێلکە، شیر و بەرهەمەکانی، سینگی مریشک.
خواردن ڕاستەوخۆ پێش نووستن یا لە دەرنگانی شەودا: شەوان ڕێژەی سووتانی وزە و پڕۆسەی هەرس کردن هێواش دەبێتەوە، دروست ئەوەیە دوو سەعات پێش نووستن خۆراک نەخورێت.
بێگومان هۆکاری تر هەیە کە پێشتر بڵاوکراوەتەوە وەک، سترێس و قەلەقی و دڵەڕاوکێ زۆر و بەردەوام ، تێک چوونی هۆرمۆنەکان وێنەێ غوودەی تەمەڵ و کاریگەی لاوەکی هەندێ دەرمان وەک ئەو ستێروێدەکان ) دیکادرۆن، دیکسۆن، کورتێزۆن دەرمانی دژە خەمۆکی، هەندێ نەخۆشی درێژخایەن وەک شەکرە و نەخۆشیەکانی جگەر و قۆڵۆن.