بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، لە كۆتایی ئەم هەفتەیەوە شەپۆلێكی بەفر و باران و سەرما ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و دەسەڵاتیش دەدرێتە بەڕێوەبەری فەرمانگە و خوێندنگەكان بۆ ڕاگرتنی دەوام.
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە ڕۆژی چوار شەممەوە بارستە هەوایەکی سارد ڕوو لە هەرێم دەکات و پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو نزمدەبنەوە و لە چەند شوێنێك دەگاتە ژێر سفر سەدی.
ئاماژە بەوەشکردووە، چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ هاتنی ئەم بارستە هەوایەدا بەفر ببارێت و جارێ نازاندرێت سەنتەری شارەکان دەگرێتەوە، بەڵام لە ناوچە شاخاوییەکان بەفرێکی زۆر دەبارێت.
لای خۆشیەوە، دیلان ڕەشاد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم ڕایگەیاندووە، ”شەپۆلێکی بهفر و باران ڕۆژی چوار شەممە ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات و تا کۆتایی هەفتە بەردەوام دەبێت، پێشبینیی بارانی بەلێزمە و کڕێوەی بەفر و دابەزینی پلەکانی گەرماش دەکرێت”.
وتوشیەتی، “بەو هۆیەوە ئەمڕۆ ڕاپۆرتێک دەدرێتە ئەنجوومەنی وەزیران دەربارەی ئەوەی، کە ئەگەر پلەکانی گەرما دابەزی و هاتە خوار سفر، دەسەڵات بدرێتە پەروەردەکان بۆ ئەوەی دەوام ڕابگرن”.