سەرۆی یەکێتی پەیامێکى لەبارەى شەهیدبوونى کارمەندێکى هێزەکانى ئاسایش لە رووبەڕووبوونەوەى دوو چەکدارى داعش لە قەرەهەنجیر بڵاوکردەوە و رایگەیاند “هیچ پانتاییەک بۆ تیرۆر و تیرۆریستان ناهێڵینەوە”.
ئەمڕۆ یەک شەممە،بافڵ جەلال تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بەوەدەکات “شەهیدبوونی (جوامێر عەزیز رەشید) تێکۆشەری کوردستان و کارمەندی هێزەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە رووبەڕووبوونەوەیەکی تیرۆریستانی داعش لە قەرەهەنجیر، خەمێکی گەورەیە و لە دڵەوە نیگەرانین”.
دەشڵێت “شەهید جوامێر لەپێناو سەرفرازیی خەڵک و سەقامگیریی خاکەکەمان گیانی بەختکرد و ئەمەش بەرزترین پلەى شەهادەتە کە هەرگیز لەیادی ناکەین. کەسوکارە سەربەرزەکەشی دڵنیادەکەینەوە تۆڵەی خوێنی شەهید جوامێر دەکەینەوە و وەکچۆن بەڵێنمانداوە هیچ پانتاییەک بۆ تیرۆر و تیرۆریستان نەهێڵینەوە، ئەم کۆستە گەورەیەش سوورترمان دەکات بەتوندترین شێوە رووبەڕوویان ببینەوە”.
لە بەشێکى ترى پەیامەکەیدا بافڵ تاڵەبانی دەڵێت “ستایشی هەوڵ و شەونخوونی هێزەکانی ئاسایش و سەرجەم هێزە ئەمنییەکانی کوردستان دەکەین کە ماندوونەناسانە سەقامگیریی هەرێمەکەمان و ژیانی خەڵکە خۆشەویستەکەمان دەپارێزن”.
ئەمڕۆ دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدابوو، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ی تەمووزی 2024، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی کەرکوک لە ئەنجامی دەستخستنی زانیاریی پێشوەخت و چاودێری ورد و بەدواداچوون بەمەبەستی دەستگیرکردنی دوو چەکداری داعش رووبەڕووبوونەوە روویدا و لەئەنجامدا تیرۆریستێک کوژرا و ئەوەی دیکە بەبرینداری دەستگیرکرا”.
هاوکات لەو ئۆپەراسیۆنەدا رووبەڕووبوونەوە ڕوویدا و لە قەرەهەنجیر کارمەندێکی ئاسایش بەناوی جوامێر عەزیز رەشید شەهید بوو و کارمەندێکی تر برینداربوو.