دوابەدوای بڕیاری وەزارتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی عێراق بۆ فراوانكردنی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی و بڕینەوەی مووچە بۆ چەند توێژێكی دیكە، شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ هاوتاکردنی مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و بڕینەوەی مووچە بۆ 13 هەزاری خاوەن پێداویستی دیكە دەچێتە بەغدا.
لە هەرێمی کوردستان 89 هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەت مووچە وەردەگرن، لە ساڵی 2014 ـەشەوە 13 هەزار و 120 خاوەن پێداویستی تایبەت لیژنەیان کردووە و چاوەڕوانن مووچەیان بۆ ببڕێتەوە.
یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر ڕایگەیاندووە، “شاندێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری دەچێتە بەغدا، لەپاڵ پرسی هاوتاکردنی مووچە، پرسی دابینکردنی مووچە بۆ زیاتر لە 13 هەزار خاوەن پێدوایستی تایبەتی نوێش تاوتوێ دەکەن”.
لای خۆشیەوە، ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق ئاشكرای كرد، سەرجەم ئەو منداڵانەی لە نەخۆشخانەی فێرکاری منداڵان بریندارن لە تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتییدا تۆمار دەکرێن.
باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا سێ ملیۆن و ٤٧٩ هەزار و ٥٢٣ منداڵ لە چاودێریی کۆمەڵایەتیدا تۆمار کراون، کە ئەوەش بەرزترین ژمارەیە لە چەند ساڵی ڕابردوودا.
ئەمە لەکاتێکدایە، چەندین ساڵە ژمارەیەکی زۆر لە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی هەرێم لە چاوەڕوانی ئەوەدان ناویان لە تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی تۆماربكرێت بۆ پێدانی مووچە و هاوكات خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان چەند جارێك خۆپیشاندانیان ئەنجامدانەوە و چوونەتە بەغدا بۆ زیادكردن و هاوتاكردنی مووچەكانیان.
مووچەی خاوەن ەپێداویستی تایبەت لە هەرێم 100 بۆ 150 هەزار دینارە، بەڵام لە سەرەتای ئەمساڵدا حكومەتی عێراق مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان و تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی زیادكردووە بۆ 250 هەزار دینار.