سەرۆککۆماری تورکیا وادەی کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای وڵاتەکەی لە خاکی هەرێم راگەیاند و دەڵێت”بەزوویی کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنی چنگ- قفڵ دەهێنین”.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ڕۆژی شەممە لە بەیاننامەیەکدا کە ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردۆتەوە ، باس لە هێرشەکانی سوپای وڵاتەکەی لەناو خاکی هەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەی بەوەکرد، “زۆر بە زوویی ئۆپەراسیۆنەکانمان لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکانی باکووری عێراق (باکووری هەرێمی کوردستان) تەواو دەکەین، و گەمارۆی ئەو ناوچانە دەدەین”.
ئەردۆغان وتیشی” بۆشایی ئەمنی لەسەر وڵاتەکەمان بەدرێژایی سنووری باشووری خۆمان لەگەڵ سووریا و عێراق پڕدەکەینەوە و لەرێگەی سەرباز، پۆلیس، جەندرمە و هەواڵگرییەکانمانەوە، لە هەموو شوێنێک لەسەر سەریانین و لە هەریەک لە عێراق و سووریا رێکخراوی پەکەکە گەمارۆدەدەین و بە تەواوەتی رێگەی دەرچوونیان لێدەگرین.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە فڕۆکەکانی تورکیا هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ سەر شوێنەکانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچەکانی قەزای ئامادیە لە باکووری پارێزگای دهۆک چڕتر کردۆتەوە و لە ئێستادا لە بەشێکی زۆری ئەو ناوچانەی هەرێمی کوردستان بازگە و سەربازگەی داناوە.