منداڵ دەبێت لە چ تەمەنێکەوە سەیری تەلەفزیۆن بکات؟



پزیشکێکی پسپۆری نەخۆشیەکانی منداڵان باس لە زیانەکانی سەیرکردنی تەلەفزیۆن دەکات بۆ ماوەیەکی زۆر و دەڵێت، “پێویستە لەلایەن دایکان و باوکانەوە سنوورێکیان بۆ دابنرێت”.

دکتۆر پشدەر عەبدوڵا ئیسماعیل، پزیشکی پسپۆری نەخۆشیەکانی منداڵان لەبارەی تەمەنی گونجاوی منداڵان بۆ سەیرکردنی تەلەفزیۆن باس لەوە دەکات، تا تەمەنی ۲ ساڵ باش نییە منداڵ سەیری شاشە (تەلەفزیۆن، ئایپاد، مۆبایل) بکات.

ئەو پزیشکە پسپۆڕە لەبارەی کاتژمێرەکانی سەیرکردنی تەلەفزیۆن و زیانەکانی ڕوونیدەکاتەوە و ئاماژە بەوەدەکات، لەدوای تەمەنی ٢ ساڵییەوە تا تەمەنی شەش ساڵی منداڵ باشترە یەک کاتژمێر زیاتر لە ڕۆژێکدا سەیری ئەم ئامێرانە نەکات، لە تەمەنی شەش ساڵیەوە نابێت لە دوو کاتژمێر زیاتر سەیری شاشە بکات ئەویش بە چەند مەرجێکی دیاریکراو، لە جیاتی ئەوە کاتەکانی بە یاری کردن بباتەسەر، چونکە لێکۆڵینەوەکان دەریان خستووە کە مێشکی منداڵ باشتر گەشە دەکات بە یاری کە خۆی بیکات، لەوەی بە یاریەک کە لە ڕێگەی ئەو ئامێرانەوە بیکات.

ئاماژەی بە زیانەکانی یاری و سەیرکردنی ئەم ئامێرانە دەکات:

١. قسەکردنی دوادەکەوێت.

٢. ئەو منداڵانەی کە ئەگەری توشبوونیان بە نەخۆشی ئۆتیزم هەیە (ئەو منداڵانەی کە لە ڕێگەی بۆ ماوەییەوە و لە خێزانەکانیاندا ئەگەری توشبوون هەیە) ڕێژەی تووشبونەکە زیاد دەکات.

٣-قەڵەوی، کێشی زیاد دەکات، چونکە جوڵەی کەم دەبێتەوە.

٤-شێوازی خەوی تێک دەچێت و خەوی کەم دەبێتەوە.

٥-کێشەی هەڵسوکەوتی بۆ دروست دەبێت.

٦-لاوازبوونی لایەنی کۆمەڵایەتی، واتە گۆشەگیر دەبێت و هاوڕێییەتی کەس ناکات.

٧-فێری ڕەفتاری توندو تیژ دەبێت، بەتایبەتی کە سەیری فیلم و یاریەک بکات کە توندوتیژی تێدابێت.

٨-کاتی بۆ یاری نامێنێت، لەبەرئەوەی زۆربەی کاتەکانی بە سەیرکدنی ئەو ئامێرانە بەسەر دەبات.

دکتۆر پشدەر عەبدوڵا ئیسماعیل، ڕێنمایی بە دایکان و باوکان دەدات و دەڵێت، هەوڵ بدە خۆت پێشتر سەیری ئەو کەناڵانە یان یاریانە بکە کە مناڵەکەت دەیەوێ سەیریان بکە، چونکە هەندێک کەناڵ و یاری زیانی زۆریان هەیە.

جەخت لەوەشدەکاتەوە، پێویستە هەوڵ بدەن ئەو یاری و کەناڵانە لە شوێنێک بن لە ناو ئامێرەکەدا کە منداڵەکە بە ئاسانی دەستی پێ نەگات، گرنگە دایکان و باوکان نزیک بن لە منداڵەکە لە کاتی سەیرکردنی تەلەفزیۆن یان ئامێرە ئەلکترۆنیەکە، ناوبەناو پرسیار لە منداڵەکە بکەن کە سەیری کام بەرنامە دەکات کە لە ماڵەوەیە، یان کام یاریە دەکات.

دەشڵێت، کاتێک لەگەڵ منداڵەکە سەیری بەرنامەو یاریەک دەکەیت هەوڵ بدە ناوەرۆکەکەی بۆ ڕوون بکەیتەوە.

ئەو پسپۆڕە لەبارەی دانانی سنوورێک بۆ منداڵان لە سەیرکردنی تەلەفزیۆن و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان  باس لەوەدەکات، دەبێت کاتێکی دیاری کراویان بۆ دابنێین، پێویستە بەرنامە بۆ ئامێرەکە دابنێین کە کات دیاری بکات بۆ بەکارهێنانی، نابێت لە ژووری نوستن شوێنی شەحن کردنەوەی ئەو ئامێرانە هەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا نابێت لە ژووری نوستن تەلەفزیۆن هەبێت .

 

بەغدا بەشێکی دیکە پارەی گەنمی جوتیارانی بۆ هەرێم نارد
پێت بەغدا بەشێکی دیکە پارەی گەنمی جوتیارانی بۆ هەرێم نارد
پڕۆژەی کۆبەستی کۆمەڵایەتی لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت
دوات پڕۆژەی کۆبەستی کۆمەڵایەتی لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت
پەیوەندیدار