سەرۆک کۆماری نوێی ئێران بە بڵاو کردنەوەی وتارێک لە ڕۆژنامەی تاران تایمز لەژێر ناوی “پەیامی من بۆ جیهانی نوێ”، ڕوانگەی خۆی لەسەر پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، ئەفریقا، چین، ڕووسیا، ئەورووپا و ئەمریکا خستەڕوو.
دکتۆر مەسعوود پزشکیان لە بەشێکی وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە؛ دەیەوێت سیاسەتی بەکارهێنانی دەرفەتەکان بە دروست کردنی هاوسەنگی و پەیوەندی لەگەڵ وڵاتان، بە پێی بەرژەوەندی نەتەوەیی، گەشەی ئابووری و پێداویستی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە و جیهان، هەوڵەکانی خۆی بۆ کردنەوەی ئاڵۆزییەکان بخاتە گەڕ.
مەسعوود پزشکیان، نوسیویەتی؛ من بە پلانی “چاکسازی”، “تۆکمە کردنەوەی یەکگرتوویی نەتەوەیی” و “هاوکاری سازێنەر لەگەڵ جیهان” هاتمە نێو ڕکابەری هەڵبژاردنەکانەوە و توانیم متمانەی خەڵک وەربگرم تەنانەت پیاوان و ژنانی گەنج کە ناڕازی بوون لە دۆخی گشتی وڵات دەنگیان پێم داوە، ئەو متمانەیە زۆر پڕبایەخە و دەمەوێت هەم لە ناوخۆ و هەم لە ئاستی نێودەوڵەتی، ئەو بەڵێنانەی کە لە کاتی هەڵبژاردن داومە جێبەجێ بکەم.
لە دەوڵەتی مندا تۆکمە کردنەوەی پێوەندی لەگەڵ دراوسێکان یەکەمینە و ناوچەیەکی بەهێز شوێنگیری دەکەین، نە پێوەندییەک کە تەنیا یەک وڵات بیەوێت کۆنترۆڵی ناوچەکە بگرێتە دەستەوە.
لەگەڵ وڵاتانی تورکیا، عەرەبستان، عومان، عێراق، بەحرەین، قەتەر، کوێت، ئیمارات و ڕێکخراوە ناوچەییەکان بە مەبەستی قووڵ کردنەوەی پێوەندی ئابووری، تۆکمە کردنەوەی پێوەندی بازرگانی و سەرمایەداری هاوبەش ، بەرەنگار بوونەوەی کێشە هاوبەشەکان، هاوکاری دەکەم.
ناوچەکەی ئێمە دەمێکە بەرەوڕووی شەڕ، پێکدادان ، تیرۆریزم و توندڕەوی، قاچاخ، مادەی هۆشبەر، کەمبوونی ئاو، قەیرانی پەنابەران، لەناوچوونی ژینگە، دەستێوەردانی دەرەکی بووەتەوە و ئێستا کاتی هاوکاری هاتووە بۆ لەناوبردنی ئەو کێشەگەلە.
یەکەم هەنگاوی من لە ئاستی ناوچەیی، دەوڵەتەکەی من داوای هاکاری لە وڵاتانی عەرەبی دراوسێ دەکات تا هەموو هەوڵە سیاسی و دیپلۆماتیکەکانی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ ئاگربڕ و ڕاگرتنی کوشتوبڕی خەڵکی غەززە و کۆتایی هێنان بە شەڕی درێژماوە کە ژیانی چوار بەرەی فەلەستینیی وێران کردووە.
چین و ڕووسیا بەردەوام لە ڕۆژانی سەخت و ئەستەمدا پشتیوان و دۆستی ئێمە بوون، ئێمە ڕێز لە ئەو دۆستایەتییە دەگرین.
نەخشەڕێی 25 ساڵەی ئێران و چین هەنگاوێکی گرینگ بۆ کردنەوەی هاوبەشی گشتی ستراتیژیکی سوودمەند بۆ هەر دوو وڵاتەکە بوو؛ و دەمانەوێت لە سەروبەندی چوون بەرەو سیستەمی نوێی جیهانی، هاوکاری بەربڵاومان لەگەڵ پەکین هەبێت.
ڕووسیا هاوپەیمانێکی ستراتیژیکی بەنرخ و دراوسێی ئێرانە و دەوڵەتەکەی منیش پابەندە بە پەرەپێدان و تۆکمە کردنەوەی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە و هاوکاری لە جوارچێوەی بریکس، ڕێکخراوی شانگهای و یەکێتی ئابووری یۆراسیا.
پێوەندی ئێران و ئەورووپا هەوراز و نشێوەی زۆر هەبووە، دوای چوونە دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، وڵاتانی ئەورووپی بەڵێنیان دا تا ئەو ڕێککەوتنە ڕزگار بکەن و کاریگەری گەمارۆ نایاساییەکانی ئەمریکا لە سەر ئابووری ئێمە کەم بکەنەوە بەڵام وڵاتانی ئەورووپی سەرجەم ئەو بەڵێنانەیان پێشێل کردووە و چاوەروانن ئێران بە تەنیا لەسەر بەڵێنەکانی خۆی بمێنێتەوە.
سەرەڕای هەموو ئەو باسانە من ئامادەم بۆ گفتوگۆی سازێنەر لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپی تا بە هەوڵی هاوبەش، پێوەندیمان لەسەر بنەمای یەکسانی و ڕێزی بەرانبەر ببەینە پێشەوە.
ئەمریکاش ئەبێ لە ئەوە تێگەییشتبێت کە ئێران هەرگیز وەڵامی زۆربێژی نەداوەتەوە و نایداتەوە، ئێمە لە ساڵی 2015 بە نیازپاکییەوە چووینە نێو ڕێککەوتنی ئەتۆمی و بەڵێنەکانمان بەتەواوەتی جێبەجێ کرد، بەڵام ئەمریکا بە شێوەی نایاسایی لە ڕێککەوتنەکە چووە دەرەوە و بە سەپاندنی گەمارۆی قورس بەتایبەتی لە سەردەمی کۆرۆنا، خەساری سەدان ملیاری لە ئێران دا.
دەمەوێت جارێکی دیکە دووپای بکەمەوە ستراتیژی بەرگریی ئێران بریتی نییە لە چێکردنی چەکی ئەتۆمی و بە ئەمریکا دەڵێم کە لە بیر کردنەوەی هەڵەکانی ڕابردووی دەست هەڵبگرێت و سیاسەتێکی نوێ بگرێتە بەر.