وەزارەتی دارایی لیستی مووچەی مانگی تەمووزی مووچەخۆرانی ئامادەكردووە و سەرچاوەیەکیش وادەی ناردنی بۆ بەغدا ئاشکرا کرد و دەڵێت” هەفتەی داهاتوو ڕەوانەی بەغدادی دەكەن”.
بەپێی هەواڵی میدیاکانی یەکێتی کە لەزاری سەرچاوەیەکی وەزارەتی داراییەوە بڵاویکردۆتەوە، لیستی مووچەی مانگی تەممووزی مووچەخۆران ئامادەكراوە و بەشێوەی ئەلیكترۆنی و لەسەر كاغەز و لە هەفتەی داهاتوودا ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراقی دەكەن بۆ ئەوەی وردبینی تێدا بكرێت و دواتر بەغداد بڕیار لەسەر خرجكردنی مووچەكە بدرێت.
هەر بەپێی سەرچاوەکە، حكومەتی عێراق بڕیاریداوە كە مووچەی مانگی ئایار و حوزەیرانی هێزە ئەمنییەكان بەیەكەوە بنێرێت و كێشەكەیان چارەسەركراوە.
ئەمە لەکاتێکدایە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم دوای گەیشتنی پارەی مووچەی تەواوی مووچەخۆران جگە لە هێزە ئەمنییەکان و وەزارەتی كارەبا و سەرۆكایەتی پەرلەمان ئەمڕۆ کۆتایی بە دابەشکردنی مووچە هێنا.