ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەستپیکردن بە پرۆسەی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینی لەگەڵ عێراق ڕاگەیاند.
د،بڕیار ڕەشید ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بەمەبەستی چاودێریکردنی جێبەجێکردنی بڕیاری دادگـای فیدڕاڵی سەبارەت بەیەکخستنەوەی مووچـەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان و هاوتاکردنی بە خانەنشینانی حکومەتی فیدڕاڵ، بەدواداچوونمان کرد.
ئاماژەی بەوەشدا، لە ئێستادا لیژنەیەکی هاوبەش دروستکراوە کە نوێنەرایەتی هەریەک لەدەستەی خانەنشینی هەرێم و وەزارەتی کار و نوێنەرایەتی حکومەتی تێدایە بەبڕیاری سەرۆک وەزیرانی عێراق دەستبەکاربوون بۆ دیاریکردنی ئالیەتێک بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگایی فیدڕاڵ بڕیار وایـە لیژنەکە لەماوەی 60 ڕۆژدا بگاتە ئەنجام.
ڕوونیشیکردۆتەوە،دەستەی خانەنشینی عێراق بەڵێنیانداوە هاوکار وئاسانکەربن بۆ پەلەکردن لە جێبەجێکردنی بڕیارەکـە.
ئەمە لەکاتێکدایە هەفتەی ڕابردوو، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبووەوە، و بڕیاریدا بە هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدراڵ، و بڕیارە لیستی مووچەی مانگی تەمموز-ی خانەنشینان بە هاوتاکراوی بنێردرێت بۆ بەغدا.