یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك ئەنجام درا و كۆبوونەوەكە بەكراوەیی مایەوە و ماوەی 30 ڕۆژ لەبەردەمی لایەنەكان دەبێت بۆ ڕێككەوتن لەسەر پۆستی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەن و پۆستەكانی دیكە و جێگرە كوردەكەی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: بەدڵنیاییەوە دەبێت پارێزگاری کەرکوک کورد بێت.
ئەمڕۆ پێنج شەممە، بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامان لە پێكهاتە و فراكسیۆنە جیاوازەكان، ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك بە سەرۆكایەتی بەتەمەنترین ئەندام (ڕاكان جبوری) كۆبووەوە و بڕیار درا كۆبوونەوەكە بە كراوەیی بهێڵدرێتەوە تاوەكو ڕێككەوتن لەسەر پۆستەكانی پارێزگاكە، كە كورد بەهۆی ئەوەی زۆرینەی كورسییەكانی بردۆتەوە پۆستی پارێزگار بە مافی خۆی دەزانێت و لە بەرامبەریشدا توركمان و عەرەب داوای ئەو پۆستە دەكەن یان “بە نۆرە بەڕێوەببرێت”.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، كە بە یاوەری شاندێكی پەرلەمانی لە كەركوكن بۆ چاودێری كردنی بەڕێوەچوونی كۆبوونەی ئەنجوومەنی پارێزگاكە بۆ میدیاكان ڕایگەیاند، بەدڵنیاییەوە دەبێت پارێزگاری کەرکوک کورد بێت، چونكە ئەوە مافی كوردە و زۆرینەی كورسییەكانی پارێزگاكەی بەدەستهێناوە.
وتیشی، “كۆبوونەوەی لایەنەكان دەستپێدەكات بۆ ڕێككەوتن لەسەر پڕكردنەوەی پۆستەكان و كوردێكی بەڕێز دەبێتە پارێزگاری شارەكە، چونكە پارێزگار بۆ ئەو پێکهاتەیە، کە زۆرترین کورسی بەدەستهێناوە “.
ئاماژەی بەوەشكرد، “هەموولایەک بەشداری دەکەن لە ئیدارەدانی ئەم شارە، ڕێککەوتن کراوە هەموولایەکی تێدا بن”.
ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك 15 كورسییە، كە 5 كورسی یەكێتی و 2 كورسی پارتییە و عەرەب 6 كورسی و توركمان 2 كورسی هەیە.
لای خۆشیەوە، ڕێبوار تەها، لە فراکسیۆنی یەکێتی لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند، “ترسێک هەبوو لاماندا. نەماندەزانی تا کەی ئەم حکومەتە [حکومەتی خۆجێیی کەرکوک] دروست دەبێت؟ پلان هەبوو جارێ حکومەتەکە دروست نەبێ، تەنیا ئەم دانیشتنە بکرێت و تەواو”.
وتیشی، “یەکێتی هێزە و ئەمڕۆ ئەوەی ویستمان کردمان”.