یەکێتی و پارتی لەسەر دانانی پارێزگاری کەرکوک “ڕێک نەکەوتون”.



ئەمڕۆ بڕیارە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەڕێوەبچێت و لایەنەکان 30 ڕۆژیان لەبەردەم دەبێت بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ، بەڵام تا ئێستا لایەنە کوردییەکان ڕێکنەکەوتون و  یەکێتی دەڵێت”ئێمە بە‌هێزین و لەکەس ناترسین”، پارتیش دەڵێت” بۆ دەبێ کاندیدمان نەبێت”.

ئەمڕۆ پێنج شەممە 11ـی تەمووز، لەهۆڵی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئەندامانی ئەنجومەن ئامادەدەبن بەمەبەستی ئەنجامدانی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکە، هاوکات ئەم کۆبوونەوەیە لەسەر داوای محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو.

رێبوار تەها، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دەمانەوێت ئەم دانیشتنە و دانیشتنەکانی داهاتووی ئەنجوومەن ببنە هۆکارێک بۆ ئەوەی حکومەتێکی باش لە کەرکووک پێکبهێنرێت و هەموو لایەنەکان تێیدا بەشدار بن، بەبێ جیاوازی.”

ئاماژەی بەوەشدا” لە هیچ ناتریسن و ئێمە بەهێزین، دەمانەوێت لە هەموو پێکهاتەکان حکومەتێکی باش دروست ببێت بۆ خزمەتکردنی هەموو خەڵکی کەرکوک بێ جیاوازی”.

لەلایەکی ترەوە حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ڕایگەیاند”کۆبوونەوەیەکی باش دەبێت و دەستخۆشی لەو کەسانە دەکەین کە ئەگەر بە وشەیەکیش بێت، هۆکار بوون بۆ نزیکبوونەوەی بۆچوونی لایەنە براوەکان.”

هاوکات محه‌مه‌د كه‌مال، به‌رپرسی لقی 3ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پارتی دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی ناو كه‌ركووك لێگه‌یشتنی هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر نا دانیشتنی ئه‌نجومه‌ن ڕووی نه‌ده‌دا.

وتیشی”پارتی وه‌ك لایه‌نه‌كانی دیكه‌ حه‌قی هه‌یه‌ كاندیدی هه‌بێت، بۆ ده‌بێت كاندیدی نه‌بێت؟ به‌ڵام جارێ كه‌سمان دیاری نه‌كردووه‌”.

ئیسماعیل حەدیدی ئەمینداری گشتیی پارتی هەدەف کە بەشێکە لە بەرەی عەرەبی، لە دیمانەیەکی تەلەفیزیۆنیدا ڕایگەیاند، لێکتێگەیشتنی پێکهاتەی عەرەب لەسەر بابەتی دەستنیشانکردنی پارێزگاری کەرکووک زیاتر لەگەڵ تورکمانە، “عەرەب و تورکمان تێڕوانینی نزیکیان هەیە لەسەر ئەو بابەتە؛ (هەردوو پێکهاتە) لە هاوپەیمانییەکدا رێککەوتوون.”

وتیشی”لێکتێگەیشتن هەیە کە پۆستی پارێزگار دوو ساڵ بە دوو ساڵ بۆ کورد و عەرەب بێت، تورکمان و عەرەب رێککەوتوون پۆستی پارێزگار پشکی عەرەب بێت، ئەوەی دیکەش ئەوەیە پۆستەکە ئاڵوگۆڕ بێت لەنێوان عەرەب و تورکمان.”

ئەوەشێ خستەڕوو، “عەرەب رژدن لەسەر پۆستی پارێزگار، بەهەمان شێوە کورد رژدن بۆ ئەو پۆستە، بۆیە کێشەکە لەنێوان هەردوولا لەسەر ئەمەیە.”

بڕیارە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە سەرۆکایەتیی بەتەمەنترین ئەندام بکرێت، و بەپێی وتەی بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنەکە کۆبوونەوەکە درێژخایەن نابێت و پرۆتۆکۆلی دەبێت، کارنامەی نییە و تەنیا دانیشتنە بۆ رێگەپێدان و مۆڵەتپێدان بە دەستپێکردنی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا.

زیاتر لە حەوت مانگە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کراوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی لایەنە براوەکان، یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی تاوەکو ئەمڕۆ دواخرا، و ئەمڕۆ ئەگەر کۆبوونەوەکە بکرێت، بەپێی یاسا  ئەندامانی ئەنجوومەن 30 رۆژ کاتیان لە پێشە بۆ ئەوەی پارێزگار هەڵبژێرن.

وەزیری پەروەردە بۆ یەکپۆشی خوێندكاران بڕیارێکی دەرکرد
پێشت وەزیری پەروەردە بۆ یەکپۆشی خوێندكاران بڕیارێکی دەرکرد
حاڵەتێكی نوێی تای خوێنبەربوون لە هەولێر تۆماركرا
دواتر حاڵەتێكی نوێی تای خوێنبەربوون لە هەولێر تۆماركرا
پەیوەندیدار