وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بە پەیڕەو كردنی سیستمی یەكپۆشی لە ناوەندەكانی خوێندن.
بەپێی گشتاندنێكی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم، كە واژۆی ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی لەسەرە، بڕیار دراوە بە پەیڕەو كردنی یەكپۆشی لە جلوبەرگی منداڵانی باخچەكان و خوێندكاران لە ناوەندەكانی خوێندنی حكومی بۆ ساڵی نوێی خوێندن.
بەپێی بڕیارەكە، منداڵانی باخچە حكومییەكان جلوبەرگی پەمەیی و ڕەساسی لەبەردەكەن، كە بۆ كچان (تەنورە یان پانتۆڵی ڕەساسی لەگەڵ كراسی پەمەیی) بۆ كوڕان (پانتۆڵی ڕەساسی و كراسی شین).
هاوكات بۆ خوێندكاران، جلوبەرگ بەپێی ئاستی ناوەندەكانی خوێندن جیاوازە، كە بۆ سەرجەمیان (كراسی سپی)یە، بەڵام بۆ پانتۆڵ و تەنورە ڕەنگەكەی بەپێی قۆناغەكان جیاوازە، كە بۆ پۆلی (1- 6)ی بنەڕەتی (ڕەساسی) و بۆ پۆلی (7 و 8 و 9)ی بنەڕەتی (نیلی) و بۆ پۆلی (10 و 11 و 12)ی ئامادەیی (ڕەش) دەبێت.