دیوانی چاودێریی دارایی عێراق رایگەیاند، پرۆسەی وردبینیکردنیان بۆ لیستی ناو و مووچەی هێزە سەربازییەکان و فەرمانبەرانی شارستانیی هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە.
لە راگەیەندراوێکدا دیوانی چاودێریی دارایی عێراق بڵاویکردووەتەوە و دەڵێت:”بە مەبەستی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق و تەواوکردنی پابەندییەکانی دیوانی چاودێریی دارایی،کە لەیاسای بودجەی گشتیی عێراقدا بۆ ساڵی 2023 بڕیاری لەبارەوەدراوە، پرۆسەی وردبینیکردنیان بۆ لیستی میلاکات و مووچەی هێزە سەربازییەکان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە”.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە “تیمی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی رۆژی چوارشەممە 10ـی تەمووزی 2024، بەهەماهەنگی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان، کارەکانیان بۆ چاودێریکردن و وردبینیکردنی میلاکات و مووچەی هێزە سەربازییەکان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە”.
ئاماژە بەوەشکراووە کە “تیمی چاودێریی دارایی عێراق چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەکان ئەنجامداوە بە مەبەستی تەواوکردنی پرۆسەی وردبینیکردنەکە”.