ئەنجومەنى وەزاریى ئاسایشى نیشتمانیى عێراق كۆبوە وتە بێژی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانیش دەڵێت: سەرۆك وەزیران هاتنە ناوەوەی سوپای توركیا بۆ عێراق رەتدەكاتەوە
لیوا یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنەکە تاوتوێی پرسی دەستێوەردان و ئەو پێشێلکاریانەی کرد، کە لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە لە ناوچە سنوورییە هاوبەشەکان پراکتیزە دەکرێن، و جەخت کرایەوە لەسەر ڕەتکردنەوەی لەشکرکێشی و پێشێلکارییە سەربازییەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق و پێویستە تورکیا ڕەچاوی بنەماکانی دراوسێیەتی باش بکات و بە شێوەیەکی دیپلۆماسیانە مامەڵە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا بکات و هەماهەنگ بێت لەگەڵیدا، لەسەر هەر پرسێکی پەیوەست بە لایەنی ئەمنی.
وتیشی:” سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران فەرمانی ناردنی شاندێکی کرد بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق، بە سەرۆکایەتی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، بەمەبەستی پێداچوونەوە بە دۆخی گشتی و گرتنەبەری هەڵوێستێکی یەکگرتوو سەبارەت ئەم پرسە، کە کاریگەری لەسەر سەروەری عێراق هەیە.
ئەنجومەنەکە داوای لە هەموو لایەنەکان و هێزە نیشتمانییەکان کرد، پشتیوانی لە هەڵوێستی حکومەت بکەن لەم پرسەدا و جەختی لە هەڵوێستی عێراقی کردەوە لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا، کە هێرشکردنە سەر خاکەکەی یان بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ قەدەغە دەکات.