شا چارڵز و هاوژینەكەی پیرۆزبایی یادی 100 ساڵەی لەدایكبوون لە خانمێكی كورد دەكەن



شا چارڵزی سێیەم و شاژن کامێڵای هاوژینی پیرۆزبایی لە بەهێ جاف، کچی حامید بەگی مەجید بەگی وەسمان پاشای جاف دەکەن بەبۆنەی داگیرساندنی مۆمی 100 ساڵەی تەمەنی و دەڵێن: “خۆشحاڵین کە ئاهەنگی 100 ساڵەی تەمەنت دەگێڕیت”.

بەهێ جاف، کچی حامید بەگی مەجید بەگی وەسمان پاشای جافە، یەکێکن لە بەگزادەکانی هۆزی جاف، لە 01ـی تەممووزی 1924 لە هەڵەبجە لەدایکبووە و ماوەی زیاتر لە 34 ساڵە لە بەریتانیا دەژی.

ئەندامێکی ماڵباتی حامید بەگی جاف لەبارەی ئەو پەیامی پیرۆزباییەی بنەماڵەی شاهانەی بەریتانیاوە بە رووداوی وت: “بەهێ خان دۆستایەتی لەگەڵ بنەماڵەی شاهانەدا نییە، بەڵام لەوێ وەکو کولتوور هەر کەسێک تەمەنی 100 ساڵ تێبپەڕێنێت، بنەماڵەی شاهانە پیرۆزبایی لەدایکبوونی لێدەکەن”.

ئەو ئەندامەی خێزانەکەی بەهێ جاف دەڵێت: “لەدوای کۆچی دوایی حامید بەگی مەجید بەگی وەسمان کە دەکاتە باوکی بەهێ جاف لە ساڵی 1988. لە پاش ئەوە بڕیار دەدات بچێتە بەریتانیا، ئەوەش یەکێک بوو لە هۆکارەکان، هۆکارێکی دیکەش رۆیشتنی یەکێک لە خوشکەزایانەی بەهێ خان بۆ ئەورووپا کە خۆی بەخێوی کردبوون.”

بەهێ جاف 7 برا و پێنج خوشکی هەبووە. یەکێک لە خوشکەکانی بە ناوی “ئەختەر” لە رووداوێکی نەخوازراودا گیانی لەدەستداوە لەدوای ئەو رووداوە، دوو منداڵی خوشکەکەی دەباتە لای خۆی و بەخێویان دەکات.

“کچە رچەشکێنەکەی هەڵەبجە و خوێندن لە قوتابخانەی کوڕان”

لە ساڵی 1932 – 1933 بەهێ کاتێک تەمەنی شیاوبوو بۆ خوێندن، بڕیار دەدات وەکو کوڕانی شارەکەی دەست بە خوێندن بکات. هەرچەند ئەو کاتە هیچ کچێک نەخرابووە بەر خوێندن و هیچ قوتابخانەیەکی کچانیش لە شارەکەیان نەبوو، بەڵام وەکو تاکە کچ دەچێتە قوتابخانەی کوڕانی هەڵەبجە، بەمەش رێگە بۆ کچانی دیکەی شارەکە خۆش دەکات.

هەر لەو ساڵەدا رێژەی خواستی کچان بۆ خوێندن زیادیکرد، بۆیە حامید بەگی باوکی بەهێ جاف خانوویەک بۆ بەکرێ دەگرێت و دەیکاتە قوتابخانە و ناوی دەنێن قوتابخانەی کچانی هەڵەبجە.

بەهێ جاف بە رووداوی وت، “یەکەم مامۆستامان ناوی فەخری خان بوو، قوتابخانەکەمان دوو ژوور و هەیوانێک بوو، کە خاوەنی خانووەکە ‘کاکە حەمەی غەفوور’ بوو.”

خوشکێکی ئیبراهیم ئەحمەد، سیاسەتمەداری کورد بووەتە مامۆستا لە قوتابخانەی کچانی هەڵەبجە و بەهێ جاف لەوبارەوە دەڵێت: “ناوی نەعیمە خان بوو، دووەم مامۆستای قوتابخانەکەمان بووك ئەو کات یەک مامۆستا هەموو ئەو وانانەی پێدەگوتین کە دیاریکرابوون”.

“100 ساڵی تەمەن بەبێ پێکهێنانی ژیانی هاوژینی”

بەهێ جاف تەمەنی گەیشتووەتە 100 ساڵ، بەڵام تاوەکو ئێستا ژیانی هاوژینی پێکنەهێناوە، وەکو ئەو ئەندامەی ماڵباتی بەهێ جاف دەڵێت: “هەموو تەمەنی بۆ خزمەتی باوکی تەرخان کرد، چونکە باوکی نزیکەی 102 ساڵ ژیا، هەروەها بەردەوام بە خەمی براکانییەوە بوو.”

هەریەک لە بورهان بەگ، جەلال بەگ (ناسراو بە پاشا)، مستەفا بەگ، سەڵاح بەگ، بێباک بەگ، ئەکرەم بەگ و دیاری بەگ برای بەهێ جاف ـن. خوشکەکانیشی بە ناوەکانی، هەتاو، ئافتاو، ئەختەر، لەمیعە و تەڵعەت ـن.

“کوردایەتی و چالاکی سیاسی”

بەهێ جاف بەبێ ئەوەی ئەندامی هیچ پارتێکی سیاسی بووبێت، بەشدار بووە لە چالاکی سیاسییەکان، بە تایبەت ئەوانەی لەپێناو دۆزی کورد کراون. لەو بارەیەوە رایگەیاند: “باوکم رێگەی نەدەدا بەشداریی چالاکیی سیاسی بکەین، بەڵام چەند جارێک بەشداری گردبوونەوە و کردنەوەی ئاگری نەورۆزم کردووە”<

بەهێ جاف لە سییەکانی سەدەی رابردوو لەگەڵ ماڵباتەکەی دەچنە بەغدا، لەو کاتەدا “توبا خانی کچی حسێن بەگی جاف” کە دەکاتە ئامۆزای بەهێ، کارەکتەرێکی چالاکی نێو بواری سیاسەت و جووڵانەوەکانی ئەو کات بووە، توبا داوای لە بەهێ کردووە کە لە بەغدا بازرگانە فەیلییەکان بەسەر بکاتەوە داوای هاوکارییان لێبکات بۆ بزاڤە رزگاریخوازەکانی کورد و بەهێ جاف دەڵێت: “لە بەغدا دەچوومە ئەو شوێنەی بازرگانان تێیدا کۆدەبوونەوە، کاتێک منیان دەبینی بەبێ ئەوەی هیچ قسەیەک بکەم، هاوکارییەکانیان پێدەدام و منیش بۆم دەناردن”.

ئەو خانمە کوردە باسی رۆڵی باوکی دەکات لە پرسی کوردایەتیدا و دەڵێت: “لە ساڵی 1924 بووە قایمقامی هەڵەبجە، لە ساڵی 1933 دەنێردرێ بۆ چەمچەماڵ و دەبێتە قایمقامی ئەو شارە، بەڵام لەو کاتەدا حکومەتی عێراق دەیەوێت عەرەب بهێنێ لە ناوچەکانی ئەو سنوورە جێگیریان بکات [پرۆسەی تەعریب]، بەڵام باوکم بەوە رازی نەبوو هەر زوو دانیشتووانی ناوچەکەی ئاگادار کرد کە تاوەکو ئەو لەوێیە بێن و زەوییان پێدەدات و کشتوکاڵی لەسەر بکەن تاوەکو عەرەب نەهێنرێنە ئەو ناوچانە.”

حەمید بەگی جاف لەدوای ئەوەی دەست لە قایمقامیێتی دەکێشێتەوە، “پاش ماوەیەک دەبێتە ئەندامی پەرلەمانی عێراق” لە ساڵی 1988یش لە بەغدا کۆچی دوایی دەکات.

دیداری تۆنی بلێر و سەرکردەکانی جیهان و کوردستان

بەهێ جاف لە ساڵانی 2002 بۆ 2003 بە هاوەڵی هەریەک لە “گەلاوێژ خان” هاوژینی ئیبراهیم ئەحمەد و چەند خانمێکی دیکەی کورد سەردانی تۆنی بلێر، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی بەریتانیایان کرد، لەو بارەیەوە ئەو خانمە کوردە بە رووداوی گوت: “ئەو کات لە بۆردوومانێکدا چەند سەربازێکی بەریتانی گیانیان لەدەستدابوو، ئێمە بۆ پرسە و سەرەخۆشیی چووینە لای سەرۆکوەزیران.”

وەک لەو وێنانەدا دەردەکەون، هەریەک لە بەهێ جاف و گەلاوێژ خانی هاوژینی ئیبراهیم ئەحمەد بە جلوبەرگی کوردییەوە لە دیدارەکەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بەشدارییان کردووە.

بنەماڵەی حامید بەگی جاف “پەیوەندیی باش”یان لەگەڵ خێزانی ئیبراهیم ئەحمەد هەبووە، ئەو ئەندامەی ماڵباتی حەمید جاف لەوبارەیەوە وتی: “پەیوەندییەکە دێرینە، بە دیاریکراوی نازانین چ کات بووە، بەڵام کاتێک ماڵی حامید بەگی جاف لە هەڵەبجە بوون، پەیوەندییان لەگەڵ ئەو خێزانە هەبووە”.

تێکەڵاوییان لەگەڵ خێزانی ئیبراهیم ئەحمەد وایکردووە کە ئەو ماڵباتە “پەیوەندییەکی باش”یان لەگەڵ مام جەلال، سکرتێری گشتیی پێشووتری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەبێت، ئەو ئەندامەی ماڵباتەکەی حەمید جاف دەڵێت: “هەر کاتێک مام جەلال بڕۆشتبایەتە لەندەن سەردانی بەهێ خانی دەکرد، هەریەک لە هێرۆخان و شاناز خانیش سەردانیان کردووە و لە هەواڵیان پرسیوە”.

تورکیا مەودای هاتنە ناو خاکی عێراق و هەرێم دیاریدەکات
پێت تورکیا مەودای هاتنە ناو خاکی عێراق و هەرێم دیاریدەکات
“لێکتێگەیشتن بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک هەیە”
دوات “لێکتێگەیشتن بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک هەیە”
پەیوەندیدار