پەرلەمانتارێکی کورد ڕایدەگەیەنێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندنەبووە بە ڕادەستکردنی داهاتی نەوت و نانەوتی بە بەغدا و وەزیری دارایی عێراقیش هۆشداری داوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری ئەنجومەنی نوێنەران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە سلێمانی ڕایگەیاند، تا ئێستا هەرێمی کوردستان پابەندنەبووە بە ڕادەستکردنی تەواوی داهاتی نەوتی و نانەوتی بە حکومەتی فیدراڵی.
وتیشی: تەیف سامی، “وەزیری دارایی عێراق 10 نووسراوی ئاڕاستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە و تێیاندا داوای ڕادەستکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی کردووە”.
سۆران عومەر هۆشداریشیدا کە بێدەنگی حکومەتی عێراق بەو مانایە نایەت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کەیفی خۆی داهاتی نەوت و ناوخۆ کۆبکاتەوە و رادەستی نەکات و ئەو بابەتەشی بە “بۆمبێکی تەوقیتکراو” وەسفکرد کە لە داهاتوودا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان باجەکەی دەدەن.
پەرلەمانتارەکە بە نووسراوەکانی وەزارەتی دارایی عێراق ڕاشیگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنها 155 ملیار دیانری داهاتی نەوتی و نانەوتی 2023 و 2024ی رادەستی بەغدا کردووە.
ئەوەشی خستەڕوو کە تەیف سامی لە نووسراوێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئاگادارکردووەتەوە کە دەبێت لەبەردەم دەسەڵاتی یاساداناندا بەرپرسیارێتی ڕادەستنەکردنی ئەو داهاتەنە لە ئەستۆبگرن.