وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بە مەبەستی کەمکردنەوەی بێکاری و ڕەخساندنی هەلی کار لە سەرتاسەری عێراقدا، بڕیاریان داوە تا ٢٠ ملیۆن دینار قەرز بدەن بە هاووڵاتیان.
نەجم عەقابی، وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق ڕایگەیاندووە، کۆمەڵێک یاسایان دەرکردووە، کە پشتیوانی زیاتری کەرتی تایبەت دەکات بە ئامانجی ڕەخساندی هەلی کاری زیاتر و کەمکردنەوەی ڕێژەی هەژاری و بێكاری.
ڕاشیگەیاندووە، حکومەت قەرزی تا ٢٠ ملیۆن دینار دەدات بە هاووڵاتیان، كە ڕێژەی پێدانی قەرزەکە مانگانە ملیۆنێک دینارە.
ئاشكراشی كردووە، تا ئێستا زیاتر لە دوو ملیۆن و ١٥٠ هەزار خێزان لە دەستەبەری کۆمەڵایەتیدا تۆمار کراون و مانگانە هاوکاری دەکرێن.
وتیشی، “ئەو کەسانەی کە لە دەرەوەی کەرتی تایبەت و گشتیدان، حکومەت لە دەستەبەری کۆمەڵایەتیدا جێگیری کردوون و مانگانە بڕی ٣٥٠ هەزار تا ملیۆنێک و ٧٥٠ هەزار دیناریان پێ دەدات”.