بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لەسەر ڕووداوی تەقەكردنەكەی نێوان پاسەوانێكی كۆمپانیای كار و شۆفێری تانكەرێك ڕوونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، ئەو ئۆتۆمبێلەی دەركەوتووە لە ڤیدیۆكاندا سەربازی نییە و لەلایەن کارمەندانی پاسەوانی کۆمپانیای کار بەکار دەهێنرێت.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە ڕوونكردنەوەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، سەبارەت بە ڕوودانی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لە نێوان شوفێریکی تەنکەری گواستنەوەی سووتەمەنی و کارمەندێکی تیمی (پاسەوانی/سکویریتی) کۆمپانیای کار، کە بە داخەوە بووە هۆی کوژرانی پاسەوانێکی کۆمپانیای کار و شوفێری تەنکەری سوتەمەنیەکە و بریندار بونی دوو کەسی تر.
ڕاشیگەیاندووە، لە گرتە ڤیدیۆییەکانی کاتی ڕووداوەکە ئۆتۆمبێلێکی سەربازی دەردەکەوێت، لەزۆرێک لە سایت و پەیجەکان وا بڵاو کراوەتەوە، کە گوایە ئەو ئۆتۆمبیلە سەربازیە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیەکەمان بێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو ئۆتۆمبیلە لە لایەن کارمەندانی پاسەوانی کۆمپانیای کار بەکاردەهێنرێت و پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتیەکەمان نیە.
جەختیشی كردۆتەوە، لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە.