وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان لیستی مووچەی مانگی 6ی بڵاوكردەوە، كە وەزارەتێك و سەرۆكایەتییەك و هێزە ئەمنییەكان و پێشمەرگەی تێدا نییە.
وەزارەتی دارایی هەرێم خشتەی دابەشكردنی مووچەی مانگی 6ی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاندووە، سبەینێ چوار شەممە ٢٠٢٤/٧/١٠ بەوەزارەتی تەندروستی دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و ڕۆژی پێنج شەممە ٢٠٢٤/٧/١١، بە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کۆتایی دێت.
ئاشكراشی كردووە، (وەزارەتی کارەبا و سەرۆکایەتی پەرلەمان) لەخشتەکەدا نییە، لەبەرئەوەی تەمویلەکەیان لەبەغداوە نەهاتووە.
جەختیشی كردۆتەوە، لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر هێڵین بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتەی دروست بووە.
هاوكات، خشتەكە مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی تێدا نییە و بەوەش تا ئێستا دوو مووچەی مانگەكانی (5 و 6)ی ئەو هێزانە دابەش نەكراوە.