تادێت شەقام و كوچەوكۆڵانەكانی شار پڕ لە ماتۆڕ دەبن، جەنجاڵی و یاساشكێنی هاتووچۆیان لەشەقامەندا زیادكردووە، لەكاتێكدا ئەمساڵ هیچ ماتۆڕسکیلێک تۆمارنەکراوە.
ماتۆڕسكیل یەكێكە لە ناسەلامەتترین هۆكارەكانی گواستنەوە، بەجۆرێك ٪٣٥ ی ڕووداوی هاتووچۆ كە ماتۆڕسكیل بێت، ئەگەری برینداربوونی سەختی هەیە، بەڵام بە بەكارهێنانی كەرەستەكانی خۆپاراستن، ئەگەری سەلامەتی زیاتردەبێت، تەنها بە بەكارهێنانی كڵاوی ماتۆڕسواری ئەگەری زیانەكانی ڕووداوێك ٪٣٧ كەمدەبێتەوە.
ماتۆڕسكیل لای بەشێك لە هاووڵاتییان هۆكارێكە بۆ پەیداكردنی بژێوی ژیانیان، بەڵام بەشێكیش بۆ كاتبەسەربردن و وەك خولیایەك بەكاریدەهێنن. بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەرێمی كوردستان تا مانگی سێی ئەمساڵ ١٩ هەزار و ٧٧٥ ماتۆڕسكیلی تۆماركراو هەن.
لە هەشت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٧٢٥ ماتۆڕسكیل تووشی ڕووداوی هاتوچۆبوون، ٢٢ حاڵەتی مردن بەهۆیەوە تۆماركراون، هەروەها ٦٢٠ ماتۆڕسكیل دەستیان بەسەرداگیراوە.
بەپێی خەمڵاندنەكان نزیكی ٢٠ هەزار ماتۆڕسكیلی بێ ژمارە و تۆمارنەكراو لە سلێمانی هەن، ئەمساڵ هیچ کەسێک لە سلێمانی بۆ تۆماركردنی ماتۆڕسكیل سەردانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی نەكردووە، لە ماوەی نۆ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا تەنها ٤٦١ كەس مۆڵەتی شۆفێری ماتۆڕسكیلیان دەرهێناوە، بەڵام زۆری ئەو ماتۆڕسكیلانەی هەن ژمارەیان نییە.
لە ساڵی ٢٠١٢ تا ٢٠٢١ پێدانی ژمارەی ماتۆڕسكیل ڕاگیرا، لەگەڵ دووبارە پێدانەوەی ژمارە بە ماتۆڕسكیلەكان گومرگ و تۆماركردنیشی لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ لە ٦٠ هەزارەوە بۆ نزیكی ٦٠٠ هەزار زیادیكردووە، هاووڵاتییانیش بۆ ئەوەی ئەو بڕە پارەیە نەدەن بە قاچاخ لە وڵاتی ئێرانەوە دەیهێنن.
پێشەنگ نەجاتی ٢٤ ساڵ، كاری گەیاندنی خۆراك دەكات، كێشەی ئەوان نەبوونی ژمارەی ماتۆڕسكیلەكانیانە، كە بەهۆیەوە چەندین جار ماتۆڕسكیلەكانیان دەستی بەسەرداگیراوە.
تەمەنە جیاوازەکان ماتۆڕسکیل بەکاردەهێنن، بەڵام زۆرینەی ئەوانەی ماتۆڕسكیلی دوو تایە بۆ خۆشی و خولیا بەكاردەهێنن گەنجەكانن.
لەبەرامبەردا هاووڵاتییان ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن، بەهۆی زۆری ژمارە و دەنگی ناخۆشەوە هاووڵاتییان لە ماتۆڕسکیل بێزارن.
لە ماوەی هەشت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٦٨٠ ماتۆڕسكیل لە سلێمانی دەستیانبەسەرداگیراوە، بەهۆی نەبوونی ژمارە وەك بێسەرەتا مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت و غەرامەكەی ملیۆنێك دینارە، نەبوونی ژمارەش بۆ گومرگ نەکردنی ماتۆڕسکیلەکان دەگەڕێتەوە سنوورداركردنی بەكارهێَنانی ماتۆڕسكیل لەنێو شارەكاندا لەڕێگای ڕێنمایی توندوتۆڵەوە بەپێویست دەزانرێت، تا جەنجاڵی و یاساشكێنی و ڕووداوەكان كەمبكرێنەوە.